کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسراییل ناوەندێکی توێژینەوەی نیزامییان لە سووریە بوردمان کرد

12:52 - 12 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: ئەرتشی رێژیمی سووریە رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسراییل ناوەندێکی لێکۆلینەوەی نیزامییان لە نزیک دیمەشق بوردمان کرد.
هەواڵدەرییەکانی سەربە رێژیمی سووریە رایانگەیاند، ئەو ناوەندە شوێنێک بۆ لێکۆلینەوە و توێژینەوە لەسەر بەهێزتر و توکمەتر کردنی سیستمی بەرگریی ئەو رێژیمە بووە.
لە ئەنجامی ئەو بوردمانەدا دوو کەس لە هێزە نیزامییەکانی سووریە کوژراون و بینا و شوێنی ئەو ناوەندە بە تەواوەتی لە ناو چوون.
هەر لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی فەڕانسە بڵاوی کردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسراییل کاروانێکی گەورەیان کە هەڵگری چەک و تەقەمەنی لە سووریەوە بۆ لوبنان بوو لە نزیک خاکی لوبنان بوردمان کرد.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی دیکە وێڕای پژڕاست کردنەوەی هەواڵی بوردمان کردنی ئەو کاروانە ئاشکرای کرد، ئەو مەحموولەیە لە ناو خاکی سووریەدا لەناو بردراوە.
هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە ئەرتشی ئیسراییل لە دانی زانیاری لە پێوەندیی ئەو دوو بوردمانەدا خۆی بواردووە.