کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فڕینی زۆربەی فڕۆکە ناوخۆییەکانی ئێران بەهۆی کەمیی سووتەمەنی هەڵوەشایەوە

13:44 - 19 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٨ی بەفرانبار، بەبێ هیچ ئاگادارییەک، فڕینی زۆربەی فڕینە نێوخۆییەکانی ئێران، بەهۆی نەدانی سووتەمەنی لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە، راگیران.
بەرپرسی ئەنجومەنی شیرکەتی فڕۆکەوانیی ئێران رایگەیاندووە، جگە لە شیرکەتی ئیران ئەیر هیچ کام لە شیرکەتەکانی دیکە فڕینیان بۆ نێوخۆی ئێران ئەنجام نەداوە و ئەو فڕینانەش کە ئەنجام دراون ئیمکانی گەڕانەوەیان بۆ تاران، پایتەختی ئێران نییە.
هۆکاری فڕینی فڕۆکەکانی شیرکەتی ئیران ئەیر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە جگە لەو شیرکەتە هیچ کام لە شیرکەتەکانی دیکە سووتەمەنییان لەلایەن وەزارەتی نەوتی ئێرانەوە پێ نەدراوە.
لەلایەکی دیکەشەوە شیرکەتە تایبەتییەکانی فڕۆکەوانی لە نێوخۆی ئێران لەهەمبەر بڕیاری دەوڵەتی رێژیمی ئێران لەمەڕ گران کردن و نەدانی ئەرزی سووتەمەنی تووشی قەیران بوون و فڕینەکانیان بە تەواوەتی راگیراوە.
ئەمە لە حاڵیک دایە فڕۆکەخانەی عێراق لە نامەیەکدا داوای قەرزی خۆی لە شیرکەتی فڕۆکەوانیی ئێران کردووە و رایگەیاندووە، ئەگەر یەک میلیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆلار لە قەرزەکەی نەدرێتەوە، پێش بە فڕینەکانی ئێران بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف دەگیردرێت.
رۆژی دووشەممەش ژمارەیەک لە فڕینە نێودەوڵەتییەکانی شیرکەتی فڕۆکەوانیی ئێران بۆ بانکووک پایتەختی وڵاتی تایلەند هەڵوەشایەوە.