کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەی سپای پاسداران ئامریکای بە شەیتانی گەورە وەسف کرد

17:22 - 11 خەرمانان 2715

کوردستان میدیا: محەممەدعەلی جەعفەری فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران رایگەیاندووە: ئامریکا هەتا ئێستاش شەیتانی گەورەیە و دوژمنایەتی ئامریکا لەگەڵ ئێران زیاتریش بووە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٠ خەرمانانی ١٣٩٤، فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران کە کۆبوونەوەیەکی رۆژنامەنووسیدا ئامریکای بە شەیتانی گەورە لەقەڵەم دا و جەختی کردەوە ئامریکا ئێستا بە شێواز و کەرستەی نوێ دێتە ناو کایەکەوە.

ئەو بەرپرسەی باڵایەی رێژیم لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند: دوای رێککەوتنی ناوکیش نیگەرانی لەدوژمنایەتی ئامریکا هەیە و ئەو وڵاتە هەڕەشەی سیاسی و ئابووری لە ئێران دەکات.

لەو پێوەندییەدا عەلی خامنەیی رێبەری رێژیم حەوتوویەک لەمەوبەر رایگەیاندبوو کە دوژمنایەتی ئامریکا لەگەڵ ئێران کەم نەبووەتەوە و لەهەوڵی دزەکردن لە ئێران دایە و سیاسەتی ئێران لەهەمبەر ئامریکادا دوای رێککەوتنی ناوکیش هیچ ئاڵوگۆڕیکی بەسەردا نایەت.

خامنەیی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاندبوو کە ئێران دوای رێککەوتنی ناوکی ڤییەن پشتیوانی لەدۆستانی خۆی لەناوچەکەدا دەکات.

ئەو وتە و لێدوانانەی رێبەری رێژیم لەکاتێک دایە کە نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل نیگەرانی خۆی سەبارەت بە رێککەوتنی ناوکی دەربڕی بوو و ئەو پوڵانەی دوای ئەو رێککەوتنە ئازاد و رادەستی رێژیم دەکرێن مەترسییەکە بۆ سەقامگیری وڵاتانی ناوچەکە.

هەروەها \'\'عادڵ جۆبەیر وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعوودی پێشنیاری بە رێژیمی ئێران دابوو کە ئەو پوڵانەی دوای رێککەوتنی ناوکی وەدەست ئێران دەکەوێت لەخەڵکی خۆی خەرج بکات نەک لەدەستێوەردانەکانی ناوچە.