کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرد خستنەسەر ڕێی دۆسییەی تووماج ساڵحی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە بۆ پێشگرتن بە ئازادکرانی

10:55 - 17 پووشپەڕ 2724

پاش تێپەڕبوونی دوو حەفتە لە پووچەڵکردنەوەی حوکمی دەرکراو بۆ تووماج ساڵحی هونەرمەندی ناڕازی و بەندکراو لە بەندیخانەی ئێسفەهان، دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بە کارشکێنی و بەردخستنە سەر ڕێگای دۆسییەکە هەوڵ ئەدەن ماوەی بەندکرانەکەی درێژ بکەنەوە.

ماڵپەڕی ئیکسی ئەم هونەرمەندە ناسراوە لە پۆستێکدا ڕۆژی ١٦ی پووشپەڕ ڕایگەیاندووە کە وێڕای تێپەڕبوونی دوو حەفتە لە هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکە، بەرپرسانی دادگای ئینقلابی ئێسفەهان بەئامانجی درێژکردنەوەی ماوەی بەندکرانی ستەمکارانەی تووماج، لە ناردنی دۆسییەکە بۆ لقێکی دیکە و دیاریکردنی چارەنووسەکەی خۆ دەبوێرێت.

پێشتر پارێزەرانی تووماج ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕ ڕایانگەیاندبوو کە دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامی جگە لە پووچەڵکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی تووماج، سزای بەندکرانی شەش ساڵ و سێ مانگی سەر ئەم هونەرمەندەیشی زیادە لە پێویست زانیوە و لایبردووە.

ماڵپەڕی تووماج بە ئاماژەدان بە بێبنەمابوونی تۆمەتەکان و بەندکرانی نایاسایی زیاتر لە یەک ساڵی تووماج زیادی کردووە کە سەرەڕای پووچەڵکردنەوەی ئەم تۆمەتانە ماوەی دوو حەفتەیە کە بەبێ هیچ پاساوێکی یاسای ناوبراو بە چارەنووسێکی ناڕوونەوە لە بەندیخانە ماوەتەوە.

ئابرام پیلی جێگری نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کاروباری ئێراندا ئەم هەوڵەی بە نەرمی نواندنێکی ڕواڵەتی و ساختەیی لە قەڵەم دا و ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی بە ئامانجی بەلاڕێدابردنی جیهان و هەروەها فرتوفێڵی دادوەریی بۆ بێدەنگکردنی بیرجیاکان ئەم کارانە ئەنجام ئەدات.

تووماج ساڵحی هونەرمەندی خەڵکی لە کاتی خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، لە ساڵی ١٤٠١ دەسبەسەر کرا و پاش ساڵێک بەندکران بە بارمتە ئازاد کرا بەڵام تەنیا دوای چەند ڕۆژ لە ئازادکرانی بۆ جارێکی دیکە دەسبەسەر و تاکوو ئێستا لە بەندیخانەیە.