کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری سنە پارە لە ژمارەیەک قوتابیی سێ‌قۆتابخانە وەرگیراوە

19:49 - 24 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: بەرپرسانی قوتابخانەکانی ئەلزەهرا، ماعێدە و دەروێشان لە شاری سنە پارەیەکی بەرچاویان لە قوتابیان وەرگرتووە و بە سەرجەم قوتابییانی دیکەشەیان راگەیاندووە کە دەبێ‌ئەو بڕە پارەیە بە قوتابخانەکان بدەن.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەڕێوەبەرانی قوتابخانەی ناوەندیی کچانەی ئەلزەهرا لە شەقامی مەردۆخ، بە سەرجەم قوتابییەکانیان راگەیاندووە، کە دەبێ‌هەر کامیان ٢٠٠ هەتا ٥٠٠ هەزار تمەن بەو قوتابخانەیە بدەن.
یەکێک لە قوتابییان بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند، ئەو قوتابخانەیە شەوانەیە و ئەو قوتابییانەی کە لەوێ‌سەرقاڵی خوێندنن لە گوندەکانی دەوروبەری شاری سنەوە هاتوون و ئیمکاناتێکی ئەوتۆیان نییە.
بەرپرسانی قوتابخانەی ئەلزەهرا ئەو پارە دیاری کراوەیان لە بەشێک لە قوتابییانی کچ وەرگرتووە.
هەر لەو پێوەندییەدا قوتابخانەی دواناوەندیی ماعێدەش لەگەڕەگی دەفتەر فەننیی شاری سنە داوای پارەی لە قوتابییان کردووە.
یەکێک لە قوتابییان کە نەویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی: قوتابخانەی شەوانەی ماعێدە کە تایبەت بە کچانە بە قوتابییانی وتووە بۆ دابین کردنی کەلوپەلی قوتابخانەکە پێویستە ٢٠٠ هەتا ٤٠٠ هەزار تمەن پارە بە قوتابخانە بدەن.
لەلایەکی دیکەوە لێپرسراوانی قوتابخانەی ناوەندی و دواناوەندیی دەروێشان لە ناوچەی ژاوەرۆی شاری سنە بە قوتابییانیان راگەیاندووە، ئەو بودجەیەی کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانەوە بۆ ئێمە تەرخان کراوە زۆر کەمە و وەڵامدەری پێداویستییەکان نییە و دەبێ‌قوتابییان پێداویستییەکانی قوتابخانە دابین بکەن.
بەرپرسانەی ئەو قوتابخانەیە داوای ٢٠٠ هەتا ٥٠٠ هەزار تمەنیان لە قوتابییان کردووە.
قوتابییانی قوتابخانەکانی ئەلزەهرا، ماعێدە و دەروێشان بەشێکی بەرچاویان خەڵکی ئاوایی‌یەکانی تەوریوەر، تەختە، هەشەمێز، شیان، حەڵوان، خانەگای گەلێن، هەنگەراو و دەرەکەوڵە و... هتدن و بۆ ماوەی ٩ مانگ لەوێ‌دەمێننەوە.