کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئیسپانیا سێ کەس بە تاوانی سیخوڕی بۆ ئێران دەسبەسەر کران

20:03 - 5 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: سێ کەس بە تاوانی سیخوڕی بۆ رێژیمی ئێران و ناردنی زانیاریی لەسەر پەنابەران بۆ ئەو رێژیمە، لە ئیسپانیا دەسبەسەر کران.


وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیا لە بەیاننامەیەکدا هەواڵی دەسبەسەر کرانی سێ کەسی بە تاوانی سیخوڕی بۆ رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاو کردەوە.
هەواڵدەریی ئاسۆشیتێد پرێس لەزاری وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیاوە بڵاوی کردەوە، ئەم سێ کەسە کەلە یەکێک لە رێکخراوە نادەوڵەتییەکانی ئیسپانیا هاریکاریی پەنابەرانیان کردووە و هاوکاتیش خەریکی کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر دژبەرانی رێژیمی ئیسلامیی ئیران لەنێو پەنابەرانی ئەو وڵاتەدا بوون.
لەو راپۆرتەدا هاتووە کە تاوانباران پاش بەدەست هێنانی زانیاری لەسەر پەنابەرانی ئێرانیی دانیشتووی ئیسپانیا لە رێگاگەلێکی نهێنییەوە ئەو زانیارییانەیان رادەستی رێژیمی ئێران کردووە.
یەکێک لەو دەسبەسەر کراوانە فەرمانبەری باڵوێزخانەی ئێران لە شاری مادرید بووە و وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیا لەسەر ناسنامەی تاوانباران زانیاریی زیاتری نەداوە.
پێشتریش لێپرسراوانی ئەمنیەتیی وڵاتی نیجریە رایانگەیاندبوو، سێ کەسیان بە تاوانی سیخوڕی بۆ رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەوڵدان بۆ کوشتنی دوو رێبەری نیزامی و مەزهەبیی نیجریە، دەسبەسەر کردووە.