کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئەگەری هێرش بۆسەر ئێران، ئەمریکا ناچارە پاڵپشتیی ئیسراییل بکات

15:09 - 12 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: بەپێی گەڵاڵەیەک کە پێشکەش بە کۆنگرەی ئەمریکا کراوە،لەئەگەری ئەگەر پەسند کرانیدا، دەبێ ئەمریکا پاڵپشتیی ئیسراییل لەکاتی هێرش کردن بۆسەر ئێران بکات.
گرووپێک لە ئەندامانی سنای ئەمریکا بە سەرپەرستیی رۆبێرت مینیندیس بەرپرسی کۆمیتەی کاروباری دەرەوە، ئەم رەش‌نووسەی رادەستی سنا کردووە.
ناوەڕۆکی ئەم رەش‌نووسە باس لەوە دەکات،لە ئەگەری هێرشی نیزامیی ئیسراییل بۆسەر ئێران، دەوڵەتی ئەمریکا پێویستە پاڵپشتیی هەمەلایەنەی ئیسراییل بەتایبەت لە بواری نیزامیدا بکات.
سیناتۆرێکی کۆماریخوازی ئەمریکا لەو پێوەندییەدا وتوویەتی: هیچ کەس خوازیاری شەڕ کردن نییە، بەڵام ناتوانین ئەوە قبووڵ بکەین کە رێژیمی ئێران دەستی بە بۆمبی ئەتۆمی رابگات.
بەپێی ئەم گەڵاڵەیە لە ئەگەری هێرشی ئیسراییل بۆسەر ئێران بە مەبەستی پارێزگاری کردن لەخۆی، دەوڵەتی ئەمریکا لە بواری دیپلۆماتیک، نیزامی و ئابوورییەوە پاڵپشتیی ئیسراییل دەکات.
ئیسراییل چەندین جار هەڕەشەی لە رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەمەڕ دەسپێڕاگەیشتنی ئەو رێژیمە بە چەکی ناوکی کردووە.

ئەمریکا هەتا ئێستا هێرشی نیزامیی بۆسەر ئێران پەسند نەکردووە، بەڵام رایگەیاندووە بۆ پێشگیری لە دەستڕاگەیشتنی رێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی لە هەموو رێگاکان کەڵک وەردەگرن.
ئیسراییل و رۆژاوا رێژیمی ئێران بە دروست کردنی چەکی ناوکی تاوانبار دەکەن و رێژیمی ئیرانیش بەردەوام ئەو تاوانانەی رەت کردووەتەوە و لەسەر ئاشتیخوازانە بوونی بەرنامەکەی پێداگری دەکاتەوە.