کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەحموود محەممەدئەبووسابیر سەردانی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی لە هەولێر کرد

21:31 - 24 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد ـ سووریه، سەردانی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە شاری هەولێریان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی، هەیئەتێکی پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد ـ سووریە، بە سەرۆکایەتی مەحموود محەممەدئەبووسابیر نوێنەری گشتیی ئەو پارتە لە هەرێمی کوردستان، سەردانی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری هەولێریان کرد و لە لایەن هەیئەتێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرستی محەممەدساڵح قادری ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات و بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە شاری هەولێر، پێشوازییان لێ‏ کرا.

لەو دیدارەدا محەممەدساڵح قادری، باسێکی سیاسیی لەسەر بارودۆخی هەستیاری ناوچە و کاردانەوەی فاکتەرە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لەسەر ڕەوشی کورد پێشکەش کرد و پێداگریی لەسەر هەڵوێستی حیزبی دێموکرات بۆ هەماهەنگی و یەکڕیزیی هەرچی زیاتری لایەنە سیاسییەکانی هەر کام لە بەشەکانی کوردستان لە پێناو دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد کرد.

پاشان مەحموود محەممەدئەبووسابیر، نوێنەری گشتیی پارتی یەکیەیی دێموکراتی کورد ـ سووریە، سڵاو و ڕێزی مەحیەدین شێخ ئاڵی سکرتێری پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد ـ سووریەی پێشکەش بە مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کرد.

لە درێژەی ئەو دیدارەدا، نوێنەری پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد ـ سووریە، بۆچوون و نەزەراتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لەسەر پرسە نەتەوەییەکان بەرز نرخاند.
لەو دیدارەدا، دوو لایەن چەندین مەسەلەی پێوەندیدار بە ڕەوشی ڕۆژئاوای کوردستان و بەتایبەت باردۆخی ئێستای ناوچەی عەفرین کە لە لایەن بەرەی نووسرە و داعشەوە گەمارۆ دراوە و خەڵکی ئەم ناوچەیە لە هەموو ئیمکاناتی ژیان بێبەش بوونە و بەرەو تراژیدیایەکی مرۆڤی دەچێت، نیگەرانیی خۆیان دەربڕی.

سەبارەت بەو پرسە داوایان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد کە؛ هاوکاریمان بکەن و لە ڕێگای ڕێکخراوە خێرخوازە نێونەتەوەییەکانەوە بە هانای خەڵکی لێقەوماوی عەفرینەوە بچن، چوونکە لە ڕێگای تورکیەوە دەتوانن یارمەتی بەم ناوچانە بگەیەنن.

لە کۆتایی ئەم دیدارەدا، دوو لایەن لەسەر پێوەندیی و یارمەتییەکانیان جەختیان کردەوە.