کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی هەناردە و هاوردە لە ئێران دابەزیوە

14:58 - 9 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: نرخی هەناردە غەیرە نەوتییەکانی ئێران و هەروەها نرخی هاوردەی بۆ ئەم وڵاتە لە ١٠ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، لەهەمبەر ماوەی وێکچووی ساڵی رابردوو، دابەزینی بەخۆوە بینیوە.
هەواڵدەریی ئیرنا بڵاوی کردەوە، ئێران لە ١٠ مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا، ٣٤ میلیارد دۆلار و ٣٨٣ میلیۆن دۆلار هەناردەی غەیرە نەوتیی هەبووە کە ئەم رێژەیە لەهەمبەر ماوەی وێکچووی ساڵی رابردوو نزیک بە ٣% دابەزینی بەخۆوە بینیوە.
دەوڵەتی رێژیمی ئێران هەناردەی بەرهەمەکانی پێترۆشیمی، بە شتومەکی غەیرە نەوتی لەقەڵەم دەدات.
لەم ماوەیەشدا ٤٣ میلیارد دۆلار و ٧٦٨ میلیۆن دۆلار شتومەک هاوردەی ئێران کراوە کە لەهەمبەر ماوەی وێکچووی ساڵی رابردوو، واتە ١٠ مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩٠، لەسەدا ١٣ دابەزینی هەبووە.

ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، چین، کۆماری کورە، تورکیە و سویس، گەورەترین وڵاتانی هەناردەکاری ئێران دێننە ئەژمار.
عێراق، چین، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ئەفغانستان و هیندیش گەورەترین هاوردەکارانی شتومەک لە وڵاتی ئێرانەوەن.
گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بۆسەر رێژیمی ئێران لەپێوەندی لەگەڵ بەرنامەی ناوکیی ئەو وڵاتە، بووە هۆی دروست کردنی ئاستەنگ لەبەردەم بازرگانیی دەرەکیی ئەم وڵاتە.