کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرێکی مەجلیس: پیس بوونی هەوا لە ساڵێکدا ١٨ میلیارد دۆلار زیانی بە ئابووری گەیاندووە

17:53 - 18 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: لە ساڵی رابردوودا ٤ هەزار و ٤٦٠ هاووڵاتیی تارانی بەهۆی پیسیی هەوا دەمرن و بەو هۆیەوە لە ساڵیکدا ١٨ میلیارد دۆلار زیان لە ئابووریی وڵات دەدرێت.
لە کاتێکدا کە بە وتەی وەزیری تەندروستیی ئێران لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاویدا ٤ هەزار و ٤٦٠ هاووڵاتیی تارانی بەهۆی پیس بوونی هەوا گیانی خۆیان لەدەست دەدەن کە راوێژکاری جێگری شارەوانیی تاران گوتوویەتی: پیس بوونی هەوای ئێران لە ساڵێکدا ٨ میلیارد دۆلار زیانی گەیاندووە.
هەواڵدەریی مێهر لە زاری حەسەن ئاقاجانییەوە بڵاوی کردەوە، لە ساڵی ٩٠دا لە شاری تاران نزیکەی دوو هەزار و ٣١٨ کەس بەهۆی گەردیلەکانی هەوای کەمتر لە ٢،٥ میکرۆن و دوو هەزار و ١٤٢ کەس بەهۆی گەردیلەکانی کەمتر لە ١٠ میکرۆن گیانیان لەدەست داوە.
ئەم بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی لە کاتێکدا ئەم ئامارانەی بڵاو کردۆتەوە کە بەرپرسی ستادی ژینگەپارێزیی و گەشەی شارەوانیی شاری تاران، گوتوویەتی: هەنووکە لە ساڵێکدا ٤٥ هەزار کەس لە ئێراندا بەهۆی پیسی هەوا گیانیان لەدەست دەدەن.
لە هەمان کاتدا راوێژکاری وەزیری تەندروستی گوتی: لە چەند رۆژی رابردوودا لە ژمارەیەک لە نەخۆشخانە و ناوەندەکانی نەخۆشیی دڵ، سەردانی نەخۆشەکانی پێوەندیدار بە هەناسەکێشان و دڵ، لە سەدا ٣٠ زیادی کردووە.
لەلایەکی دیکەشەوە وەحید نەورۆزی راوێژکاری جێگری شارەوانی بۆ کاروباری ژینگە، بە هەواڵدەریی ئیسنای گوتووە: بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستی خەسارە ئابوورییەکانی پیس بوونی هەوا، ٨ میلیارد دۆلار زیانی بە ئابووریی ئێران گەیاندووە.
ناوبراو وتیشی: یەکێک لە نوێنەرانی مەجلیس ئەو خەسارەی ١٨ میلیارد دۆلار راگەیاندووە.
بارودۆخی هەوای شاری تاران هەر ساڵ لە ساڵی رابردوو زیاتر جێی نیگەرانی و پەرۆشیی هاووڵاتییانە و هەموو ساڵیک لە وەرزی سەرمادا پیسیی هەوای ئێران دەگاتە لووتکە و ژمارەیەک لە شارەکانی ئەو وڵاتە بەرەو داخران بەرەوڕوو دەکاتەوە.
رۆژی شەممە ١٦ی بەفرانباریش بە هۆی پیسیی هەوای تاران ئەو ئیدارە و قوتابخانەکانی ئەو شارە داخران و ژمارەیەک لە کێبڕکێیە وەرزشییەکان هەڵوەشانەوە.
پێشتریش بەرپرسی کونترۆڵی هەوای شاری تارانیش رایگەیاندبوو، لە ساڵیکدا ٤ هەتا ٥ هەزار هاووڵاتیی ئێرانی بەهۆی پیس بوونی هەوا گیان لەدەست دەدەن.