کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی فەڕانسە و بریتانیا لە بەکار هێنانی چەکی کیمیایی لە سووریە

17:21 - 4 خاکەلێوه 2713

کوردستان میدیا: بەکار هێنانی چەکی کیمیایی لە سووریە لەلایەن رێژیمی ئەو وڵاتەوە، نیگەرانیی رێبەرانی سیاسیی فەرانسە و بریتانیای لێ کەوتووەتەوە.
هەواڵدەریی رووسیی ریا نۆڤۆستی بڵاوی کردەوە، دوو وڵاتی فەڕانسە و بریتانیا لە نامەیەکدا کە لەلایەن ویلیام جێفێرسۆن هێگ و لاورێنت فابیووس وەزیرانی دەرەوەی ئەو دوو وڵاتە واژۆ کراوە، رایانگەیاندووە: دەوڵەتی سووریە توانای بەکارهێنانی چەکی کیمیایی هەیە و لەو پێوەندییەدا نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە.
وەزیرانی دەرەوەی فەڕانسە و بریتانیا راشیانگەیاندووە: قەیرانی سووریە، هەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین دەکات.
حەوتووی رابردوو بۆ یەکەمین جار لە دوو ساڵی رابردوودا چەکی کیمیایی لە شاری حەلەب بەکار هێنرا و لە ئەنجامدا ٢٥هاووڵاتی کوژران و بریندار بوونی زیاتر لە ١١٠ کەسیشی لێ کەوتەوە.
هەرکام لە لایەنەکانی دەرگیر لە سووریە (ئوپۆزسیۆن و رێژیمی سووریە) یەکتری لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە شاری حەلەب به تاوانبار دەزانن.
چەند مانگ پێش ئێستا هەندێ لایەن هەواڵی ئەگەری بەکار هێنانی چەکی کیمیایی‌یان لەلایەن رێژیمی سووریەوە بڵاو کردبووەوە، بەڵام رێژیمی سووریە ئەو تۆمەتانەی رەت کردووەتەوە و راشیگەیاندووە کە چەکی کیمیایی لەدژی هاووڵاتییانی سووری بەکار ناهێنێت.
لەلایەکی دیکەشەوە رێژیمی ئێرانیش دژبەرانی رێژیمی سووریەی بە کەڵک وەرگرتن لەو چەکانە تۆمەتبار کردبوو.
لە مانگی رەشەمەی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوییەوە، توندوتیژییەکانی سووریە دەستی پێ کردووە و بە پێی ئاماری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەتا ئێستا زیاتر لە ٧٠ هەزار کەس کوژراون.
شەڕی سووریە لە نێوان شۆڕشگێڕانی موسڵمانی سوننە مەزهەب، لەهەمبەر لایەنگرانی بەشار ئەسەد کە لایەنگری لە فیرقەی عەلەویی شیعە مەزهەب دەکەن، لەئارا دایە.
عەلەوی گەورەترین کەمایەتیی ئایینیی وڵاتی سووریەیە و بە فیرقەی عەلەوییە و نەسیرییەش ناوبانگیان هەیە و سەربە مەزهەبی شیعەی ئایینی ئیسلامن.