کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەناردەی نەوتی خاوی ئێران، دیسان دادەبەزێت

20:15 - 22 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: لەمانگی مارسی ٢٠١٣دا نەوتی ئێران لە ١،١ میلیۆن بەرمیلەوە بۆ ٨١٠ هەزار بەرمیل دادەبەزێت.
لەم مانگەدا هەناردەی نەوتی ئێران بۆ کەمترین رێژە لە دەسپێکی گەمارۆکانی رۆژاواوە هەتا ئێستا، دادەبەزین بەخۆیەوە دەبینێت.
هەواڵدەریی رۆیتێرز بڵاوی کردەوە، کورەی باشوور لەسەدا ٦٠ و ژاپۆن لەسەدا ٢٠، هاوردەی نەوتی ئێرانیان کەم کردووەتەوە، ئەمە لە کاتێک دایە کە وڵاتی چین لەسەدا ٧ی هاوردەی نەوتی ئێرانی زیاتر کردووە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، لە ٨١٠ هەزار بەرمیل لە نەوتی هەناردەی ئێران، ٧٠٣ هەزار بەرمیل بۆ کڕیارانی ئاسیا (چین، هیند، ژاپۆن و کورەی باشوور) و ١٠٧ هەزار بەرمیلیش لە رۆژێکدا بۆ وڵاتی تورکیە (تاکە وڵاتی ئورووپایی کڕیاری نەوتی ئێران) دەنێردرێت.
ئەمە لە کاتێک دایە کە کڕیارانی ئاسیایی نەوتی ئێران لە مانگی فێورییەدا، ٩٦٠ هەزار بەرمیل نەوتیان لە ئێرانەوە هاوردە کردووە.
ئەم دابەزینە لە ماگی مارسی ئەمساڵدا یەک میلیارد دۆلار زیان بە داهاتی نەوتی رێژیمی ئێران دەگەیەنێت.
لە لایەکی دیکەشەوە لێپرسراوانی لەسەر بەردەوامی و توندتر کردنەوەی گەمارۆکان بۆسەر نەوتی ئێران وبیمی ئەو وڵاتە پێداگرییان کردووەتەوە.
شیرکەتە نەوتییەکانی وڵاتی هیندیش پێشتر هەواڵی راگیرانی هاردەی نەوتی ئێرانیان بەهۆی پچرانی بیمەی پاڵاوگەکانی نەوتی ئەو وڵاتە بڵاو کردبووەوە و وڵاتی چینیش وەکوو گەورەترین هاوردەکاری نەوتی خاوی ئێران داوای لە رێژیمی ئێران کردبووە نرخی نەوتەکەی ٢٢% کەم بکاتەوە.