کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵی کوژران، یان بریندار بوونی فەرماندەی ئەرتشی ئازادی سووریە ناڕوونە

17:18 - 5 خاکەلێوه 2713

کوردستان میدیا: ئەرتشی ئازادی سووریە هەواڵی کوژرانی ریاز ئەسعەدی بڵاو کردووەتەوە، بەڵام هەواڵدەرییەکانی رێژیمی سووریە باس لە بریندار بوونی ناوبراو دەکەن.
تەلەفزیۆنی ئەلمناری لوبنان لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە، سەرهەنگ ریاز ئەسعەد فەرماندەی ئەرتشی ئازادی سووریە لە تەقینەوەی ترۆمبێلەکەیەدا لە شاری ئەلمیادینی پارێزگای دەیرئەلزوور کوژراوە.
ناوەندی راگەیاندنی ئەرتشی ئازادی سووریەوە بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک، هەواڵی کوژرانی ریاز ئەسعەد و بریندار بوونی ئەندامێکی ئەنجومەنی نەتەوەیی دژبەرانی سووریەی پژڕاست کردووەتەوە.
پێشتریش تەلەفزیۆنی شامی سووریە رایگەیاندبوو، ریاز ئەسعەد لە رۆژهەڵاتی سووریە بەتوندی بریندار بووە.
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن لە هێڵێکی توندی ئەمنیەتی، پێکهاتوو لە دژبەرانی ئەسەد لەو نەخۆشخانەیەدا کە ریاز ئەسعەدی تێدا خەوێنراوە، دروست کراوە.
بەرا هاشم نوێنەری یەکیەتیی هاوئاهەنگیی شۆڕشگێڕان رایگەیاندووە، سەرهەنگ ریاز ئەسعەد لاقێکی لەم تەقینەوەیەدا لەدەست داوە.
هەواڵدەریی ئەلجەزیرە لەم پێوەندییەدا بڵاوی کردەوە، فەرماندەی نیزامیی ئەرتشی ئازادی سووریە لە رێگەی بۆمبێکی کونترۆڵکراوەوە هێرشی کراوەتە سەر و بریندار بووە.
ریاز ئەسەد فەرماندەی پێشووی هێزی هەوایی ئەرتشی سووریە، یەکێک لەو فەرماندە نیزامییانە بوو کە یەکەمین جار لە ئەرتشی رێژیمی سووریە جیا بۆوە و لە ساڵی ٢٠١١ پەیوەست بە ریزی دژبەران بوو.