کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئوپۆزیسیۆنی سووریە داوای بوردمان کردنی بنکە و بارەگاکانی لێپرسراوانی رێژیمی سووریە لە وڵاتانی بیانی دەکەن

19:35 - 14 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: مەعاز خەتیب بەرپرسی بەرەی یەکگرتوویی سووریە رایگەیاند، ئوپۆزیسیۆنی سووریە داوا لە وڵاتانی بیانی دەکەن هەتا بنکە و بارەگاکانی لێپرسراوانی رێژیمی ئەو وڵاتە بکەنە ئامانج.
خەتیب وتیشی: ئەگەر هەوڵەکان بە مەبەستی لاچوونی بەشار ئەسەد بێ‌ ئاکام بمێنێتەوە، داوا لە وڵاتی بیانی دەکەین کە شوێنە گرینگەکانی بەرپرسانی رێژیمی بەشار ئەسەد بوردمان بکەن.
ئەمە لە حاڵێک دایە کە چەند رۆژ لەمەوبەر موعاز خەتیب رایگەیاندبوو، ئەگەر رێژیمی سووریە ویستەکانمان وەدی بێنێت ئامادەی وتووێژ دەبین.
دوابەدوای بڵاو بوونەوەی هەواڵی وتووێژ لەگەڵ رێژیمی بەشار ئەسەد لەلایەن مەعاز خەتیبـەوە، ئەنجومەنی نیشتمانی سووریە هەر چەشنە دانووستانێکی رەت کردەوە.
ئەنجومەنی نیشتمانیی سووریە رایگەیاندبوو، قسەکانی مەعاز خەتیب روانگە و هەڵویستی ئەنجومەنی نیشتمانی سووریە نییە.
ئەو ئەنجومەنە ئاشکراشی کردبوو، ئێمە لە مانیفێستی ئەنجومەنی نیشتمانیی سووریە و لە پەیماننامەی دۆحەدا لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە بە هیچ شێوەیەک وتووێژ لەگەڵ رێژیمی سووریە ناکەین.