کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەشانی پرێس تی‌ڤی لە ئەمریکا و کانادا راگیرا

20:47 - 24 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: پاش گەمارۆی دەنگ و رەنگی رێژیمی ئێران، چالاکییەکانی تەلەفزیۆنی پرێس تی‌ڤی لە رێگەی شیرکەتی گەلەکسی ١٩ـەوە لە ئەمریکا و کانادا راگیرا.


هەواڵدەریی رۆیتێرز بڵاوی کردەوە، ئەم کاناڵە تەلەفزیۆنییە ٢٤ کاتژمێرییە ئینگلیزی زمانە وەکوو تەلەفزیۆنێکی دەرەوەی سنوورەکانی ئێران چالاکی دەکات و لە رێگەی مانگی دەسکردی ئاسمانیی گەلەکسی ١٩ـەوە لە ئەمریکای باکور وەشانی دەکرد.
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا حەوتووی رابردوو رێکخراوی دەنگ و رەنگی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و عێزەتوڵڵا زەرغامی بەرپرسی ئەو رێکخراوەیەی، لە نێو لیستی رەشی خۆی دانا.
ئەم تەلەفزیۆنە لە بەیاننامەیەکدا راگرتنی خزمەتگوزارییەکانی گەلەکسی ١٩ـەی بە شەرمێونانە و پێشێل کردنی ئازادیی بەیان لەقەڵەم دا، ئەمە لە کاتێک دایە کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەلایەن رۆژاواوە بە ناردنی شەپۆلی پارازیت بۆسەر تەلەفزیۆنە بیانییەکان تاوانبار کردووە.
راگەیەنە کوردییەکان چەندین جار هەواڵی ناردنی شەپۆلی پارازیتی بۆسەر تەلەفزیۆنە کوردییەکان لەلایەن رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بەتایبەت لە کاتی بۆنە نەتەوەییەکاندا بڵاو کردووەتەوە.
گرووپەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤیش رادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران بە پێشێل کردنی سەرکوتی دژبەرانی رێژیمی ئێران تاوانبار کردووە.
پاییزی ساڵی رابردوو شیرکەتی فەڕانسەیی یووتێل ساتیش لە دانی خزمەتگوزاری بە ١٩ تەلەفزیۆنی سەربە دەنگ و رەنگی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لەوانە پرێس تی‌ڤی خۆی بوارد.
ئەمە لە کاتێک دایە کە زەرغامی لە نێو لیستی رەشی ئورووپاش دایە.
یەک حەوتوو پاش ئەمە، شیرکەتی مانگی دەسکردی ئینتێل سات وەشانی ٨ کاناڵی تەلەفزیۆنی و رادیۆیی ئێرانی راگرت.
لە سەرەتاکانی مانگی بەفرانباری ئەمساڵێش شیرکەتی ئیسپانیایی هیسپا سات خۆی لە دانی خومەتگوزاری بە تەلەفزیۆنی پرێس تی‌ڤی بوارد و پەخشی کاناڵی ئیسپانیایی زمانی هیسپان تی‌ڤیی کە لەم دواییانەدا دامەزرابوو، لە نێو لیستی خۆیدا سڕییەوە.