کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆلێک پێشمەرگەی کۆمەڵە لە شەڕ دژی تاریکپەرستی گیانیان بەختی ئازادی کرد

17:27 - 3 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: لە ئەنجامی شەڕ و تێکەڵچوونی پۆلێک لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەگەڵ چەکدارانی سپای پاسداران، بەداخەوە چەند کەس لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵە گیانیان بەختی ئازادی کوردستان کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمی سکرتاریەتی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ڕۆژی هەینی رێکەوتی ٢ی پووشپەری ١٣٩٦ی هەتاوی، دەستەیەک لە پێشمەرگە و ئەندامانی رێکخستنی نهێنی کۆمەڵه لە نێو شاری سنه کەوتنه کەمینی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و سێ کەس لەم تیمە بە ناوەکانی سەباح حوسەین پەناهی، حامید سەیف پەناهی و بێهزاد نووری دوای شەڕێکی نابەرابەر گیانی خۆیان لەپێناو ئامانجه بەرزەکانی گەلی کورددا بەخت کرد.

بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوە لە ئەنجامی ئەم تێکەڵچوونەدا چەکدارانی کۆماری ئیسلامی چەندین کوژراو و برینداریان بەرکەوتووە بەڵام ئاماژە بە ڕێژەکەیان نەکراوە؛ بەپێی هەندێک سەرچاوەی نافەرمیش لەم شەڕەدا کە نیزیک بە کاتژمێرێکی خایاندووە لانیکەم ٦ پاسداری ڕێژیم کووژراون و ٥ کەسی دیکەشیان بریندار بوون.

سەبارەت بەم شەڕە کە لە حەسەن ئاوای سنە ڕووی داوە، ئەحمەد ڕەئفەت ڕۆژنامەوانی سەربەخۆی دانیشتووی لەندەن لە ستاتووسێکی فەیس بووکیدا وێڕای ئیدانەکردنی شێوازی ڕووماڵ کردنی ئەم هەواڵە لەلایەن هەندێک ماڵپەڕ و تەلەفزیۆنی فارس زمانەوە ڕایگەیاندووە بەپێچەوانەی ئیددعاکانی سپای پاسداران و ئەم ماڵپەڕانە کە قسەکانی سپا دووپات دەکەنەوە دەبێ بوترێ کە پێشمەرگە تێرۆریست نییە و هەڵگرتنی چەکیش تەنیا بۆ داکۆکی کردن لە خۆیەتی.