کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردن و بانگکرانی هاووڵاتییانی کورد لە پێوەندیی لەگەڵ نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاری بەردەوامە

15:55 - 29 بانەمەڕ 2724

پاش بەڕێوەچوونی ڕێوەڕەسمەکانی نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاری لە هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەرزڕاگرتنی نەورۆزی کوردەواری لەلایەن خەڵکی ڕۆژهەڵاتەوە، ڕێژیمی ئێران لە دژایەتی لەگەڵ ڕێوڕەسمە کوردییەکان دەستی بە بانگکردن و دەسبەسەرکرانی ژمارەیەک لە چالاکان و هونەرمەندان لە پێوەندیی لەگەڵ ڕێوڕەسمەکاندا کردووە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاندووە کە لانیکەم ٣٨ هاووڵاتیی کورد لە پێوەندیی لەگەڵ ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ دەسبەسەر و دۆسییەی دادوەرییان بۆ چاک کراوە و بۆ ناوەندە ئەمنییەکان بانگ کراون.

ئەم ناوەندە زیادی کردووە ئەم ڕەوتە کە لە دوای ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاری دەستی پێ کردبوو، تاکوو ئێستاش هەر بەردەوامە.

بەپێی زانیارییەکان ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و هونەرمەندانی ناسراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێو دەسبەسەرکراواندان.

ئەم دەسبەسەرکردن و دۆسییەسازییانەی ڕێژیمی ئێران بۆ هاووڵاتییانی کورد لەحاڵێکدایە کە ناوەندە ئەمنییەکان کاتی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی کوردەواری لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە هەڕەشە و ڕێگریکردن لە خەڵکی کوردستان هەوڵیان دابوو پێش لە بەڕێوەچوونی ئەم ڕێوڕەسمە کوردییە بگرن.

شایانی باسە کە ئەمە یەکەمجار نییە کە ڕێژیمی ئێرانی ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە کولتوورییەکانی کوردستان وەک نەورۆز دەگرێت، ساڵانی ڕابردووش بە بیانووی جۆراوجۆر هەوڵی داوە تاکوو پێش بە کۆبوونەوەی خەڵک و بەڕێوەبردنی ئەم ڕێوڕەسمانە بگرێت، بەڵام زۆربەی کات خەڵکی کوردستان بە یەکگرتوویی هاوشێوەی نەورۆزی مەشەخەڵانی ڕزگاری، پیلانەکانی تارانیان پووچەڵ کردووەتەوە.

 خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان  ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵیان بە شێوەیەکی تایبەت و بە پەیامی سیاسی و شۆڕشگێڕانە، بە جامانە و جلی خاکییەوە کە هێمای پێشمەرگەیە، لە چوارچێوەی خەباتی مەدەنی و شایی و هەڵپەرکێ، بە گوڕوتینێکی جیاوازتر لە ساڵەکانی پێشوو، لەژێر ناوی نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاری بەڕێوە برد.