کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیسیی کەش و هەوا لە ئێران بۆتە هۆی زۆر بوونی رێژەی تووشبوان بە شێرپەنجەی خوێن

18:54 - 30 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: وەزارەتی بێهداشت لە ئێران رایگەیاند، بە هۆی پیسیی کەش و هەوا رێژەی تووشبوان بە شێرپەنجەی خوێن رووی لە زیاد بوون کردووە.


رەشید رەمەزانی لێپرسراوی وەزارەتی بێهداشت، وتی: زیاتر لە ١٠ جۆر شێرپەنجەی خوێن لە ئەنجامی پیس بوونی کەش و هەوا، هەڕەشە لە گیانی هاووڵاتییانی ئێران دەکات.
ئەو لێپرسراوە وتیشی: پیاوان لە ئێران زیاتر لە ژنان تووشی ئەو شێرپەنجانە دەبن کە شێرپەنجەی گەدە و پڕۆستات لە هەموویان زیاتر بەرچاو دەکەوێت.
شێرپەنجەی گەدە دووهەمین نەخۆشی باوە لە پارێزگای کوردستان و یەکەمین هەڕەشەیە بۆ سەر تەندروستیی هاووڵاتییانی کوردستان.
لە حاڵی حازردا شێرپەنجە بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن لە وڵاتی ئێراندا دێتە ئەژمار و کارناسانیش لەو باوەڕە دان زۆربەی هۆکاری تووشبوان دەگەڕێتەوە بۆ جۆری خواردن و رژیمی غەزایی.
هەر لەو پێوەندییەدا شاری سنەش لە پیس بوونی کەش و هەوا بێبەری نەبووە و هەر چەند جارێک بۆ ماوەی چەندین رۆژ کەشە و هەوایەکی پیس باڵی بەرسەر شاری سنەدا دەکێشێت.
بەگشتیی لە کوردستانیش رێژەی تووشبوان بە شێرپەنجە رووی لە زیاد بوون کردووە و بڵاو بوونەوە و پەرەگرتنی شێرپەنجەی گەدە لە کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو رووی لە زیاد بوون کردووە و بەپێی ئەو تاقیکارییانەی کە ئەنجام دراون، پارێزگای کوردستان لە ئێران پلەی دووهەمی لەو شێرپەنجەیەدا وەبەر دەکەوێت.
بەپێی ئاماری وەزارەتی بێهداشت، لە ساڵی ١٣٨٨دا لە پارێزگای کوردستان ١٦٩ حاڵەتی شێرپەنجەی گەدە شناسایی کراون و یەک ساڵ دواتر ئەو رێژەیە گەیشتە ١٨٨ کەس.