کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەستگەی ئاناهیتا لەپارێزگای كرماشان قوربانی دەستی كەمترخەمیی لێپرسراوانی رێژیمی ئێران

16:53 - 4 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: پەرەستگەی ئاناهیتا لەشاری كەنگاوەر لەپارێزگای كرماشان بەهۆی كەمتر خەمییەكانی ناوەندە پێوەندیدارەكانی رێژیمی ئێران بەتەواوەتی لەبەرەبەری لەناوچوون دایە و هەنووكەش بەشێك لەپەیكەر و دیوارەكانی ئەو پەرەستگەیە داڕووخاوە.
پەرەستگەی ئاناهیتا بەدووهەمین پەرستگەی بەردینی لەئێران دێتە ئەژمار و دروست كردنەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەشكانی و ساسانییەكان، هەنووكە ئەو پەرەستگەیە بەهۆی پێڕانەگەیشتنی ناوەندە پێوەندیدارەكانی رێژیمی ئێران بەشێك لەدیوار و پەیكەرەكانی داڕماوە و لەم دوایانەش بۆتە شوێنی دروشم نووسین.
لێپرسراوی میرات فەرهەنگی شاری كەنگاوەر بە هەواڵدەریی مهر ی راگەیاندووە، لەلایەن لێپرسراوانی پارێزگای كرماشانەوە بودجەی پێویست و بۆ نۆژەن كردنەوەی ئەو شوێنە تەرخان ناكرێ‌.
سەرچاوەكە ئەوەشی خستۆتە روو، ئەگەر گوێ‌نەدانی لێپرسراوان بەو شوێنە مێژووییە بەردەوام بێت، ئەگەری ئەوە هەیە پەرەستگەی ئاناهیتا بۆ هەمیشە لەناو بچێت.

نەبوونی لەمپەر لە دەوری ئەو شوێنە بە شێوەی پێویست، وای كردووە كە خەڵكی زۆر بەئاسانی بچنە ناو پەرەستگاكە و لەسەر دیوار و پەیكەرەكان دروشم بنووسن.

4859.jpg


شارستانی كەنگاوەر لەباشووری پارێزگای كرماشان هەڵكەوتووە و پەرەستگەی ئاناهیتا لەو شارەیە و بەپێی وتەی كەوناراناسان مێژوویی ئەو پەرەستگەیە دەگەڕێتەوە بۆ یەك هەزار١٢٦ ساڵ لەمەوبەر.
پەرەستگەی ئاناهیتا دوای تەختی جەمشید بە دووهەمین پەرەستگەی بەردینی دێتە ئەژمار.