بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراوی ڕێکخراوی مافی مرۆیی "هەنگاو"، لە ماوەی مانگی زاینیی ڕابردوودا، ٨٣ هاووڵاتی لەوانە ٢٩ هاووڵاتیی کورد لە سەتاسەری ئێراندا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٤ی زایینیدا لانیکەم ٨٣ هاووڵاتی لە سەرتاسەری ئێراندا دەسبەسەر کراون کە زیاترین ئاماری دەسبەسەرکراوان بە ٢٩ حاڵەت واتە ٣٥ لەسەدی هەموو دەسبەسەرکردنەکان، تایبەت بە هاووڵاتییانی کورد بووە.
هەروەها بەپێی جیاکردنەوەی پارێزگاکان؛ ١٥ هاووڵاتیی کورد لە پارێزگای ورمێ، ٨ هاووڵاتی لە پاریزگای کرماشان، ٥ هاووڵاتی لە پارێزگای سنە و هاووڵاتییەکی کورد لە پارێزگای خوراسان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
لەم یەک مانگەدا، ٧ چالاکی ئایینیی کورد و دوو برای پێڕەوی ئایینی یارسان و کەسێک کە تازە بووەتە مەسیحی و خەڵکی کرماشان بووە لەلایەن هیزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.