"مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ سێمینارێک کە لەبارەی دوکتور قاسملوو لە پاریس بەڕێوە دەچێت پەیامێکی بڵاو کردەوە، لەو پەیامەدا باس لە کەسایەتی و سیاسەتی دوکتور قاسملوو کراوە کە چۆن دوکتور قاسملوو سیمایەکی نوێی بە حیزبی دێموکرات بەخشی.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
لە ساڵانی کۆتایی دەیەی ٦٠ی زایینی، کاتێک دوکتور قاسملوو لە ئورووپاوە گەڕاوەیە نێو هاوڕێیانی حیزبیی لە کوردستانی باشوور, بێجگە لە چەند کەسێکی کەم لەو بەشەی کوردستان بە دەوری حیزبەوە نەمابوون. ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی ڕێبەریی ئەم حیزبە لە بزووتنەوەی چەکداریی ساڵەکانی ١٩٦٧ – ١٩٦٨ و بەربەرەکانێ لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیمی پاشایەتی لە نێوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات شەهید ببوون، ژمارەیەکی دیکەش لەژێر زەختێکی زۆری سیاسی و ئەمنییەتیدا کە لە دیوی کوردستانی عێراق لە سەریان بوو، لەگەڵ کۆمەڵێک گرفتی تەشکیلاتی و ڕێکخراوەیی بەرەوڕوو ببوونەوە و ئاست و ئیمکانی پەیوەندیی تەشکیلاتی لەگەڵ دیوی ڕۆژهەڵات گەیشتبووە کەمترین ئاستی خۆی. گرفتێکی دیکەش ئەوە بوو کە پێوەندییەک بە واتا تەشکیلاتیەکەی لەنێو ئەو کەسانەدا نەمابوو.
بەڵام گەڕانەوەی دوکتور قاسملوو لە ئورووپا و هاوڕێیانی حیزبی لە باشوور و شێوازی مودیرییەتی، سیمایەکی نوێی بە حیزبی دێموکرات بەخشی. جۆری خوێندنەوە، توانایی و شارەزایی لە ڕێکخستن و ئۆرگانیزە کردندا، بووە هۆی ئەوەیکە بتوانێت لە پێشدا بەشی زۆری ئەو کەسانەی کە بە هەر هۆیەک لە حیزب دوور کەوتبوونەوە، ڕێک بخاتەوە و ئۆرگانیزاسیۆنێکی ڕێک و پێکتر پێک بێنێت، ڕۆژنامەیەک کە بڵاوکراوەی بیر و فکری حیزبی دێموکرات بوو سەرلەنوێ چاپ و بڵاو بکاتەوە و پێوەندییەکانی ئەم حیزبە بە شێوەیەکی ئەمڕۆیی گرێ بدات.
گرینگترین هەنگاوی دوکتور قاسملوو لەو سەردەمانە، نووسینی بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی حیزب بوو کە هەتا ئەو کات لە حیزبی دێموکراتدا نامۆ بوو. لێرەوە بوو کە چۆنیەتیی پێکهێنانی کۆبوونەوەکانی گرینگی حیزبی وەک کۆنفڕانس و کۆنگرە، داڕشتنی سیاسەتە گشتییەکان، تاکتیک و ستراتێژی و گەلێک بابەتی پەیوەست بە کاروباری حیزبی بە شێوەیەکی سەردەمیانە گەڵاڵە کرا و لە کۆنفڕانسی سێهەمی حیزبدا پەسند کرا.
لەو کاتەوە تا کاتی شەهیدکرانی بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکەوتی ١٣ جوولای ١٩٨٩ی زایینی، دوکتور قاسملوو هەموو توانای خۆی بۆ بەهێزکردنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەموو بوارەکانی پێشمەرگایەتی، ڕێکخستن و ئابووری بەکار هێنا، بەتایبەت کە بناغەیەکی پتەوی سیاسی و هزری بۆ پێوەندییەکانی حیزب لەگەڵ وڵاتانی ناوچە و ڕۆژئاوایی داڕشت. لەسەر ئەم بنەمایە بوو کە پێناسەیەکی ڕوون و ڕوانگەیەکی بێ گرێی بۆ بابەتی دۆستایەتی، بەرژەوەندی، هاوپەیمانی، سەربەخۆیی سیاسی و پرەنسیپی گرێدانی پێوەندی بە حیزب و لایەن و وڵاتان هێنایە ئاراوە.
دوکتور قاسملوو لە قۆناغی شەڕی سارد و هاوکێشەکانی جیهانی دوو جەمسەریدا جیهانبینیی تایبەت بە خۆی هەبوو. بە بەرفراوانبینین و هەڵسەنگاندنی ورد و هەمەلایەنەی لە دەقی ململانێکان و ڕەوتی ڕووداوەکان، تایبەتمەندییەکی ناوازەی ئەم ڕێبەرە بوو.
بووژانەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو قۆناغەدا و کەوتنەوە سەر پێی، لە ڕاستیدا دەگەڕیتەوە بۆ لێهاتوویی و زانست و تواناکانی دوکتور قاسملوو لە بابەتی مودیرییەت و ڕێکخستن و ڕێبەریکردندا. دوکتور قاسملوو چ وەک بیرمەندێکی سیاسی، چ وەک کەسایەتییەکی ئاکادیمی، چ وەک ڕێبەر و کاراکتێرێکی نەتەوەیی و چ وەک سکرتێری حیزبی دێموکرات، بەهۆی ئەو تایبەتمەندییانەوە کە هەیبوو، ڕێکخەرێکی کارامە و ناوازە بوو.
لەم گۆشەنیگاوە، کاتێک دەڕوانینە کەسایەتیی دوکتور قاسملوو وەک کەسێکی ڕێکخەر، دەبێ سەرنجی چەند خاڵی گرینگ بدەین.
دوکتور قاسملوو نەتەنیا لە ئاستی حیزبەکەی خۆیدا ڕێکخەرێکی مەیدانیی بە تەواو مانا بوو، تەنانەت لە بازنەیەکی بەرفراوانتردا و لە ئاستی کوردستانی و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیدا ئەم لایەنە لە کەسایەتییەکەی بە ڕوونی دەردەکەوێت.
هەر وەک ئاماژەم پێدا، دوکتور قاسملوو وەک بیرمەندێک، ڕەوتە فکری و تیۆرییە شوێندانەرەکانی جیهانی دەناسییەوە و سەرنجی دەخستە سەر. لە ململانێکانی ئەو سەردەمەدا، یەکێک لە کارە بەنرخەکانی کە زیاتر بە مەبەستی مەرزبەندی هێنایە ئاراوە، داڕشتنی سیمای دێموکرات بوو.
دوکتور قاسملوو خاڵەکانی سیمای دێموکراتی وەک پرەنسیپەکانی ئەندامی حیزبی داڕشت کە دەبێ مانا بە بیرکردنەوە و ڕەفتار و کرداری تاکەکان بدات. ئەو پێی وابوو کە دێموكرات لە بەستراوەیی بێزارە، دێموكرات ناسیوناڵیستی بەرچاوتەنگ نییە، دێموكرات بۆ وەلانانی ستەمی نەتەوایەتی خەبات دەكات، دێموكرات باوەڕی بە ڕەساڵەتی مێژوویی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران هەیە. ئەگەر لە دووتوێی دەق و گوتار و وتووێژ و بەیانییەکانی ورد ببینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە شێوەی ڕێخکستنی دوکتور قاسملوو گوتارمێحوەر بوو، بە مانای گوتارێکی دێموکراتیک، شۆڕشگێڕانە و هاوکات نوێخوازانە کە ئەنجامەکەی ببێتە پەروەردەکردنی تاک بە کادر، پێشمەرگە، ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکەی. مانایەکی بەرفراوانتری ئەم پەروەردە ئەوە بوو کە هەوڵێکی هەمەلایەنەی دەدا، تاکوو بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە بەستێنی دێموکراسی نەترازێت و سیمای دێموکراتیکی بزووتنەوەکە پارێزراو بێت.
لە ئاستی کوردستانیدا، دوکتور قاسملوو پێی وابوو کە هەموو حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بەرامبەر بە پرسی نەتەوەیی بەرپرسیارێتیی هاوبەشیان لە ئەستۆیە، ڕوانگەیەکی ئەخلاقی بە مانای دەروەستبوون بە پرەنسیپەکانی خەباتێکی ڕەوا.
جیا لە مەیدانە گوتارییەکەی، مەیدانی کرداریی دوکتور قاسملوو دەرخەری سیاسەتی واقعبینانە و سیمای پراگماتیستی دوکتور قاسملوو بوو. لەو ڕووەوە کە بەردەوام لە بیری سازدانی هاوپەیمانی و یەکخستنی هێزە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی بوو.
دوکتور قاسملوو زۆر هەوڵی دا لەنێو ڕێکخراوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کە لەو ساڵانەدا لە نێوخۆی ئێراندا بوون و جارێک نەکەوتبوونە بەر سیاسەتی سەرکوتکارانەی ڕێژیم، هاوپەیمانی و یەکگرتووییەک پێکبێنێت. بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ زۆرێک لەوان پێوەندیی گرت و ئامادەکاریی ئەوەشی کرد کە حیزبی دێموکرات لە شاری مەهاباد کۆیان بکاتەوە و بە پلاتفۆرمێکی دیاریکراو بۆ خەبات لە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕێکیان بخات. بەڵام ڕێژیم کە ئاگاداری ئەو هەوڵانە بوو، هێرشی کردە سەر مەهاباد. حیزبی دێموکراتیش بۆ ئەوەی خەڵکی شار نەکوژرێن بڕیاری دا هێزی پێشمەرگە لە شار بکشێتەوە، لە ئاکامدا هێزەکانی ڕێژیم مەهابادیان گرتەوە و بەم چەشنە کۆبوونەوەکە سەری نەگرت.
دواتریش، تەنانەت ئەو کاتانەی کە بە سەفەر سەردانی ئورووپای دەکرد، هەموو دەرفەتێکی بۆ یەکڕیزکردنی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دەگواستەوە. تا سەرئەنجام شورای میللیی مقاومەت لە دەرەوەی وڵات پێک هات، شورا لە کۆمەڵێک لایەن و کەسایەتی و ڕێکخراوی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی پێک هاتبوو، لەوانە موجاهیدینی خەڵک و بەنی سەدر کە لە سەرکۆماری وەلا نرابوو و خۆی گەیاندبووە پاریس، هەروەها حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە ئەندامێکی کارای ئەو شورایە بوو، بەڵام بەداخەوە ئەو هاوپەیمانییەش بەهۆی کۆمەڵیک گرفتی نێوخۆیی، یەک لەوان خۆ بەمێحوەر زانین و هەڵسوکەوتی نادیمۆکراتیکی ڕێکخراوی موجاهیدین، دوای چەند ساڵێک لەبەریەک هەڵوەشایەوە.
دوکتور قاسملوو بەو ڕادەیە لە خەبات دژ بە کۆماری ئیسلام، جیددی و لێبڕاو بوو، بەو ڕادەیەش باوەڕی بە چارەسەرکردنی ئاشتییانەی پرسی کورد هەبوو. لەو پێوەندییەدا و لە ٢٠ی سەرماوەزی ١٣٥٨ی هەتاوی، بە تێکۆشانی دوکتور قاسملوو و بە بەشداریی کۆمەڵێک لە حیزبەکانی دژبەری ڕێژیم، هەیئەتێک بە ناوی هەیئەتی نوێنەرایەتیی گەلی کورد لە مەهاباد پێک هات. ئەو هەیئەتە نوێنەرانی چەندین حیزبی کوردی و غەیرە کوردیی لەخۆ دەگرت و بە یەکەوە لەگەڵ ڕێژیم کەوتنە وتووێژ. وتووێژەکان بۆ ماوەی چەند مانگێک بەرەدوام بوون، لەو ماوەیەدا چەند جار هەیئەتی حکوومەت لەگەڵ هەیئەتی نوێنەرایەتیی گەلی کورد کە دوکتور قاسملوو وتەبێژی بوو، دانیشتنیان بوو. بەڵام ڕێژیم ئەو ماوەیە زۆر ڕیاکارانە دۆخی ئاگربەست و وتووێژی بە قازانجی خۆی گواستەوە و هێزی پرش و بڵاوی خۆی ڕێکخستەوە و پەلاماری شاری مەهاباد و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکانی دا.
دوای ساڵانێک ڕێژیم کە لە جەوهەری خۆیدا دژی ئەو بەها و چەمکانەیە کە باوڕی پێی بوو، جارێکی دیکە، پرەنسیپی ئاشتیخوازانەی د. قاسملووی وەک دەرفەتێک گواستەوە. لەژێر ناوی وتووێژ، پیلانی تێرۆری فیزیکیی بۆ داڕشت و وێڕای عەبدوڵڵا قادری ئازەر، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزب لە پاریس ، لە ١٣ جوولای ١٩٨٩ی زایینی شەهید کران.
لە ڕاستیدا دوکتور قاسملوو، پاشخانێکی فکری و سیاسیی ئەوتۆی لە بەجێ ماوە کە بۆ ئێمە لە حیزبی دێموکرات و بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی- دێموکراتیکی ڕۆژهەڵات، سەرمایە و ڕەمزێکی نەمرە.
وەبیری دێنمەوە، دوکتور قاسملوو لە وتارێکدا بە ناونیشانی تێرۆریزم لە ڕوانگەی جیاوازەوە کە بۆ کۆنفڕانسی "تێرۆر و ڕەوشی مرۆڤانە" نووسیویەتی و لە ڕێکەوتی ١٦ی دێسامبری ١٩٨٦، لێرە (لە پاریس) بەرێوە چوو، بۆچوونی خۆی سەبارەت بە تێرۆریزم و بەرەنگاربوونەوەی دەخاتە ڕوو. لە ڕوانگەی د.قاسملووەوە، تێرۆریزم ئەگەر بە مانای هێرش بۆ سەر ژیانی ئازادانە و خەڵکی بێتاوان بێت، حیزبی دێموکرات بەپێی پرەنسیپی خۆی ڕەتی دەکاتەوە و لە دژی دەوەستێتەوە. بە بۆچوونی دوکتور قاسملوو، هەڵسەنگاندن و پێناسەی ڕۆژئاواییەکان بۆ تێرۆریزم نەگونجاوە و ئەمەش خەبات لە دژی ئەم دیاردەیە ئەستەم دەکات. پێشنیاری دوکتور قاسملوو بۆ ڕۆژئاواییەکان بەم شێوەیە بوو: "کاتی ئەوە هاتووە کە ئەو جیاوازییانە وەلا بنێن و بەهاکانی ژیانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە هێند وەربگرن، چونکوو نابێ تەنیا بیر لە ئاسایش و بەرژەوەندیی خۆتان وەک ڕێکارێک بکەنەوە، ئەو پێی وابوو کە دەبێ لە ڕووی سیاسی و ئەخلاقییەوە پشتیوانی لەو بزووتنەوانە بکەن کە پەنا بۆ تێرۆر نابەن و ئەمەش شێوازێکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم.
ئێستاش کە سی ساڵ بە سەر تێرۆری دوکتور قاسملوودا تێپەڕ دەبێت، تێرۆر پێناسەیەکی نەگۆڕ و بە کردەوە، سیاسەتێکی فەرمیی کۆماری ئیسلامییە. لە ڕاستیدا تێرۆر بە مانا بەربڵاوەکەی، بەشێکە لە عورفی سیاسی و کۆڵەکەی فیکریی ئەم ڕێژیمە.
ئەگەر دوکتور قاسملوو پێی وابوو دوژمنی ژمارە یەکی تێرۆریزم، دێموکراسییە، بە بەرچاوی هەمووتانەوە، کۆماری ئیسلامیش ئەکتەر و پاڵپشتی ژمارە یەکی تێرۆریزمە لە جیهاندا.
تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی نەتەنیا ئاسایش و ناسنامەی نەتەوەکانی ئێران و ژیانی چالاکان و خەباتکارانی ئۆپۆزیسۆنی ڕێژیمی کردووەتە ئامانج، بەڵکوو لە مێژساڵە دەرەوەی سنوورەکانیشی تەنیوەتەوە. ئەم ڕێژیمە تۆڕێکی بەربڵاوی تێرۆریستیی لە وڵاتانی ناوچە و تەنانەت ڕۆژئاوا داخستووە. ئەوەی لە عێراق، یەمەن، سووریە و لوبنان و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیبینین، ئەنجامی ئەم سیاسەتەیە. ڕێژیم بە وەڕێخستنی شەڕی پرۆکسی و فیرقەیی و دامەزراندن و پۆشتەکردنی دەیان ڕێکخراو و هێزی میلیشیایی، ئاسایش و تەناهیی ناوچەکەی لەبار بردووە. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە هەر کام لەم وڵاتانە بە دەیان و سەدان هەزار کەس بوونەتە قوربانی و بە ملیۆنان کەسیش ئاوارەی وڵاتانی دیکە بوونە. بەم پێیە، تێچوویەکی زۆری ئەمنی، سیاسی و مرۆیی بۆ ناوچەکە بە دواوە بووە و ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئەم وڵاتانەی لە بەر یەک هەڵوەشاندووەتەوە.
ئەوەی وەک سیاسەتی ناوچەیی ئێران دەبیندرێت، درێژکراوەی سیاسەتی ئەم ڕێژیمەیە لە نێوخۆ. ئێستا کۆماری ئیسلامی بێجگە لە سەرکوت نەبێت، توانای چارەسەریی قەیرانە کەڵەکەبووەکانی نییە. هیچ باڵباڵێن و گوتارێک کە توانای دەربازکردنی ڕێژیمی لەم بنبەستە هەبێت، بوونی نییە و بە تێکڕایان تاقی کراونەتەوە. خرۆشانی جەماوەریی نەتەوەکانی ئێران ئاماژەکانی ئەم بنبەستەن. لانیکەم لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەند شەپۆلی ناڕەزایی و ڕاپەڕین دژ بە ڕێژیم سەری هەڵداوە و لە زاری بەرپرسانەوە بە بوومەلەرزەی سیاسی شوبهێندراوە، بەڵام بەهۆی هێزی سەرکوتەوە بۆ ماوەیەکی کاتی دامرکاوە. هەر لە ماوەی ٣-٢ مانگی ڕابردوودا بە گوێرەی زانیارییە مەیدانی و پشتڕاست کراوەکان، زیاتر لە ١٥٠٠ کەس لە خۆپیشاندەران کوژراون و بە هەزاران کەسی دیکەش بریندار یان ڕەوانەی زیندانەکان کراون و شەپۆلی گرتن و بێسەرشوێن کردن ئێستاش بەردەوامە. هاوکات، لەو دیوی سنوورەکان و لە عێراق، خرۆشانی هەزاران کەسی لەم وڵاتە کە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی دژ بە حکوومەتی خۆیان و سیاسەتی دەخاڵەتگەرانەی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکەیاندا سەری هەڵداوە، بەهۆی گرووپە میلیشاییەکانی سەر بە ڕێژیمی تاران سەرکوت دەکرێت و هەمان چارەنووسی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێرانیان بە نەسیب بووە.
لەگەڵ ئەوەیکە ماهییەتی دژەمرۆیی کۆماری ئیسلامی بۆ هەموو لایەک ڕوونە، بەڵام بابەتی بەرژەوەندییەکان وای کردووە ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەم ڕاستییە نادیدە بگرن. لە کاتێکدا تێدەکۆشن میکانیزمێک بۆ دەربازبوونی ڕێژیم لە کەمپەینی گوشار و گەمارۆکانی ئامریکا بدۆزنەوە، ڕێژیم لەم وڵاتانەدا خەریکی داڕشتنی پیلانی تێرۆریستییە.
لەم قۆناغە هەستیارەدا کە کۆدەنگییەک لە دژی سیاسەتی ناوچەیی ئێران پێکهاتووە و نەتەوەکانی ئێرانی لە دژی ڕاپەڕیون، پێکهێنانی هەواڵبەندییەکی جیهانیی هەمبەر ئەم ڕێژیمە زەروورەتێکی مێژووییە. هەر وەک چۆن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش پێک هات، پێویستە هاوپەیمانییەکی بەهێز دژ بە تێرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی ئێران پێک بهێنرێت و یارمەتیی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران بدرێت بۆ ڕاماڵینی ئەم ڕێژیمە.
بێگومان تەنیا لە نەمانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە کە دەکرێت بەخێرهاتنێکیی مرۆڤایەتی بۆ سەردەمی ئاشتی و ئارامی بکەین لە ناوچەکە.
هەروەها ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی دەوڵەتی ئوتریش پەروەندەی تێرۆری دوکتور قاسملوو لە ڤییەن وەگەڕ بخاتەوە و بەم شێوە لەلایەک قەرەبووی کردەوەی نایاسایی و نائەخلاقیی ناردنەوەی تێرۆریستە ئێرانییەکانی ئەو ڕووداوە بۆ تاران بەبێ دادگاییکردنیان، بکاتەوە کە خواستێکی سەرەکیی کورد بەگشتی و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەتایبەتییە، لەلایەکی دیکە لەو ڕێگەوە زەختەکانی سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی زیاتر بکات.
یادی دوکتور قاسملووش وەک هەموو ئەوانەی کە لە ڕێگای ئازادی و ژیاندۆستی و دابینکردنی مافە نەتەوەیی و دێموکرتیکەکان، بوونە قوربانیی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی، بەرز و هەتایی بێت. لە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبەکەی دوکتور قاسملوو، سپاسی خۆمان پێشکەش بە ئەنیستیتۆی کورد لە پاریس، بەتایبەت دوکتور کەنداڵ نزان دەکەین بۆ پێکهێنانی ئەم یادەوەرییە.
هەروەها سپاس بۆ ئێوە هاوڕێیان و هاوبیرانی دوکتور قاسملوو.