کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هەڕەشەی بەرپرسانی ڕێژیم لە ژنان و سەپاندنی زیاتری حیجابی زۆرەملێ

12:34 - 24 خەزەڵوەر 2725

بەرپرسی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم لە بڕیارێکی دیکەی لە دژی کچان و ژنانی ئێران ڕوو لە بەرپرسان و کاربەدەستانی دەزگا یاساییەکان بڕیاری داوە کە "بەنیسبەت پەرەپێدانی حیجابی زۆرەملێ دژکردەوەی جیددی نیشان بدەن و نەرمی نەنوێنن".

ڕۆژی هەینی ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، غولام خوسێن حوسێنی ئیژەیی بەرپرسی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم لە نێوئاخنی سەردانی شاری قومدا و لە کۆبوونەوەی شۆرای ئیداریی ئەو پارێزگایەدا، سەرەڕای ناوهێنانی حیجابی زۆرەملێی بە "ناتەبایی کۆمەڵایەتی" بڕیاری بە ناوەند و کاربەدەستانی ڕێژیم داوە کە لە بەرانبەر ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێدا بێدەنگ نەبن و دژکردەوەی جیددییان هەبێت.

ئەو بەرپرسە باڵایەی ڕێژیم لەو کۆبوونەوەدا لە لێدوانێکی چەواشەکارانەدا پێداگریی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە "دوژمن دژی کۆماری ئیسلامی لەڕێگەی ڕووت و قووتی و بێ حیجابی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانـەوە لە شەڕدایە".

شایانی باسە لە دوای شەهیدکرانی "ژینا ئەمینی" کچە کوردی خەڵکی سەقز لەلایەن ناوەندە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیمەوە لە کۆتایی هاوینی ساڵی ١٤٠٤دا، ژنان لە ئێران بە شێوەیەکی بەربڵاو دژی سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ ڕاوەستاونەتەوە و لە بەرانبەریشدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەڕێگەی ناوەندە سەرکوتگەرەکانییەوە گوشاری زیاتر دژی ژنان ڕەچاو کردووە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ یاسای دژە ژنی پتر دەگرێتەبەر.

ئەو لێدوانە و بڕیاری نوێی کاربەدەستانی ڕێژیم بەنیسبەت حیجابی زۆرەملێ دژی ژنانی ئێران لە کاتێدایە کە لە زەماوەندی کچی عەلی شەمخانیدا، کچی ناوبراو و بەشداربووانی ئەو ڕێوڕەسمە هیچ ژن و کچێک ئەو حیجابەی کە بەرپرسانی ڕێژیم بانگەشەی بۆ دەکەن و لەو پێوەندییەدا گوشار دەخەنە سەر کچان و ژنانی ئێران ڕەچاو نەکرابوو و ئەوەش کاردانەوەی بەربڵاوی خەڵکی ئێران و جیهانی لێ کەوتەوە.

شایانی باسە عەلی شەمخانی لە یەکەم کاردانەوەیدا سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی زەماوەندی لوکسی کچەکەی بە بێشەرمی خەڵکی ئێرانی بە "حەرامزادە" ناو برد.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی ئێران سەرکوتەکانیان دژی دژبەرانی حیجابی زۆرەملێ چڕتر کردووەتەوە، توندوتیژیی زیاتریان لەو بارەوە گرتووەتە بەر و  بە شێوەی سەرەڕۆیانە هەزاران کەسیان دەسبەسەر کردووە.

لە دوای شۆڕشی ژینا و پەسەندکردنی "یاسای عیفاف و حیجاب" لەلایەن مەجلیسی ڕێژیمەوە، لەنێوان بەرپرسانی و لایەنە ناکۆکەکانی ڕێژیمدا هەڵوێستی دژ بەیەک هاتە ئاراوە و لەو پێوەدنییەدا مەحموود نەبەوییان، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی میللی و سیاسەتە دەرەکییەکانی مەجلیسی ڕێژیم، لە گرتە ڤیدیۆیەکدا سەبارەت بەو یاسایە، باسی لە کاردانەوەی بەرەی توندئاژۆکانی ڕێژیمی کردبوو.

پاش ئەوەی کە نەبەوییان، یەکێک لە کەسایەتییە توندئاژۆکانی مەجلیس و ئەندامی بەرەی ناسراو بە "پایەداری" لە گرتە ڤیدیۆیەکدا ڕایگەیاندبوو کە جێبەجێکردنی یاسای حیجاب زۆرەملێ لە دۆخی ئێستای کۆماری ئیسلامیدا نەگونجاوە، لەلایەن بناژۆخوازەکانی مەجلیسەوە ڕەخنەی توندی لێ گیراوە.