کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵوێستەیەک لەسەر ناتەبایی نێو سیستەمی کۆماری ئیسلامی

12:09 - 24 خەزەڵوەر 2725

حەسەن شێخانی

کۆماری ئیسلامی لە جەوهەردا حکوومەتێکی یەکگرتوویە یان نایەکگرتوو؟ لە نێوخۆیدا تەبا و سازاوە یان ناتەبا و ناسازاو؟ هاوڕێکیی نێوسیستەمی هەیە یان ناهاوڕێکە؟ ئەمە پرسێکی گرینگە و تیشک دەخاتە سەر پێوەندییە نێوخۆییەکانی دەسەڵات لە ئێراندا؛ چۆنیەتیی سیاسەت و سیاسەتداڕێژی لە کۆماری ئیسلامیدا بۆمان ڕوون دەکاتەوە؛ لەم دەلاقەوە باشتر لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی کۆماری ئیسلامی و لە دۆخی ئێستای تێ‌دەگەین و تا ڕادەیەکیش بەرچاوڕوونیمان سەبارەت بە داهاتووی کۆماری ئیسلامی و ئێران پێ‌ دەدا. گەلۆ ئەم پرسە بۆ سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی لە ئارادایە؟ هۆکارەکەی چیە و لە کوێ‌وە سەرچاوەی گرتوە؟ لەم وتارەدا کەمێک بەدوای ئەم پرسەدا دەڕۆین و شی دەکەینەوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران حکوومەتێکی نائاساییە. بەشێکی زۆر لەو کێشانەی لە سەرەتاوە لەگەڵیان بەرەوڕوو بووە، لەم تایبەتمەندییەوە سەرچاوەیان گرتوە؛ ڕەخنە و تێبینیی دنیای دەرەوەش لە کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە حکوومەتێکی نائاساییە و لەگەڵ یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکان ناتەبایە و نەزمی زاڵی لە بیاڤی نێونەتەوەییدا قبووڵ نییە و وەک ئۆپۆزیسیۆنێکی ئەم نەزمە دەجووڵێتەوە. بەشێکی داواکاریی کۆمەڵگەی جیهانی و بەتایبەت ڕۆژاوا ئەوەیە کە لەم حاڵەتە نائاساییە بێتە دەر و وەک حکوومەتێکی ئاسایی لە چەشنی دەوڵەتانی دیکەی جیهان هەڵسوکەوت بکا؛ داواکارییەک کە تا ئێستا وەڵامی ئەرێنیی پێ نەدراوەتەوە. بە دەربڕینێکی دیکە کۆماری ئیسلامی کە لە ئەنجامی شۆڕشێک هاتە سەر کار، بەپێچەوانەی زۆڕێک لەو حکوومەتانەی لە ئەنجامی شۆڕشێک دێنە سەر کار، بەڵام دوای ماوەیەک لە دۆخی شۆڕشگێڕی دێنە دەر، هەروا لەم دۆخەدا ماوەتەوە و هەروا خۆیان بە "شۆڕشگێڕ" دەزانن و ئەم دەستەواژەیە تا ئێستاش وەسفی بەتایبەت بەشی حاکمییەتیی کۆماری ئیسلامی و ناوەندەکانی دەسەڵات و بنیات و دامەزراوە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی دەکا و سیاسەت و هەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامی ڕەنگڕێژ و ئاراستە دەکا؛ هەڵبەت بەو خوێندنەوەی کە خۆیان لەم دەستەواژەیە هەیانە.

بەدەر لەوەی بەشێک لە کێشەکانی کۆمەڵگەی جیهانی لەم تایبەتمەندییەی کۆماری ئیسلامییەوە سەرچاوە دەگرن و پەیتاپەیتا و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ داوای لێ دەکەن کە لەم حاڵەتە نائاساییە بێتە دەر، لەنێو سیستەمی کۆماری ئیسلامیشدا سەرچاوەی کێشە و مقۆمقۆ و دابەشبوونە و، ئەمەش وای کردووە لەسەر هێڵە سەرەکییەکانی سیاسەتکردن ڕێک نەکەون و سیاسەتی ئێران حاڵەتێکی یەکانگیری نەبێ؛ واوەتر لەمەش بۆتە هۆی نەبوونی دەستەیەکی یەکگرتووی بەڕێوەبەریی و، کێشە و گرفتی زۆری بۆ دروست کردووە و کۆسپی گەورەی بەردەم گەشەسەندنی ئێران بووە و ئاسۆی پێشکەوتنی ئێرانی تاریک کردوە.

لە ڕاستیدا یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی، ئەگەر نەڵێین گەورەترین کێشەی، ئەوەیە لەنێو خۆیدا یەکانگیر و تۆکمە نییە و لەسەر زۆر شتی سەرەکی، جیاوازی و کێشەیان هەیە و بۆتە هۆی بەفیڕۆچوونی وزە و پۆتانسیەلێکی زۆر و زیانێکی زۆری لە ئێران لە گشتییەتیی خۆیدا داوە و لەسەر حیسابی خەڵکی ئێران تەواو بووە.

ڕیشەی ئەم کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی، کە یاسایەکی دووفاقییە و ئەم دووفاقێتییەش لە پێکهاتە و دەسەڵاتی یاسایی و ڕاستەقینەی ئەم سیستەمەدا ڕەنگی داوەتەوە.

یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی، یاسایەکی هاوڕێک و سازاو نیە و ئەمەش لە سەرلەبەری دامودەزگاکان و پێوەندییەکانی ئەم سیستەمەدا ڕەنگی داوەتەوە و بۆتە هۆکاری خوێندنەوەی جیاواز و جۆراوجۆر و دژبەیەک و نەسازان و بەریەککەوتن. کۆماری ئیسلامی قەت هاوڕێک و سازاو نەبووە و تەنیا لە قۆناغگەلێکدا مەیلێکی ئەم سیستەمە کە ڕیشەی لە یاسای بنەڕەتیدا هەیە، زاڵ بووە و حاڵەتی هێژمۆنیکی پەیدا کردووە. واتە سەرەڕای ڕواڵەتێکی سازاو و یەکگرتوو و پتەو، لە هەناوی خۆیدا هەڵگری دووفاقێتی بووە و ئەوپەڕەکەی مەیلێکیان زاڵ و هێژمۆن و، ئەویتر مارژیناڵ و پەراوێزخراو بووە؛ بە چەشنێک کە مەیلی دووەم لەژێر پاڵەپەستۆی مەیلی هێژمۆندا، دەرەتانی خۆدەرخستنی نەبووە و کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە سیاسەتداڕێژیدا نەبووە. ئەوەی کە بۆچی مەیلێک توانیویەتی ببێتە هێژمۆن و بەسەر ئەویتردا زاڵ بێت، بیجگە لە پێوەندییەکان و ئامرازەکانی هێز لەنێو سیستەمدا، دەگەڕێتەوە بۆ هێزی کۆمەڵایەتیی یان قووڵایی کۆمەڵایەتیی هەر کام لەم دوو مەیلە. جمک و دووانەی ئەم دوو فاکتەرەیە کە وای کردوە یەکێکیان ببێتە هێژمۆن و ئەویتر ببێتە مارژیناڵ و پەراوێز و، بوونێکی ئەوتۆی لەسەر شانۆیی سیاسەتی ئێران نەبێت.

بنەڕەتیی ئەم کێشە و کەلێن و ناهاوڕێکییەی نێو سیستەم دەگەڕێتەوە بۆ چۆنییەتیی خۆپێناسەکردنی کۆماری ئیسلامی و فۆرمولەکردنی سەرچاوەکانی ڕەوایی ئەم سیستەمە. ئەوەی کە لە لایەک ڕەواییەکی بانزەوینی و ئاسمانی و خوایی بۆخۆی قایلە و لە لایەکی دیکە و لە درێژە و لە خوارەوەی سەرچاوەی ڕەوایی یەکەم، باسی ڕەوایی خەڵکی دەکا و زەوین دەکاتە درێژکراوەی ئاسمان و لە خوار ئەودا جێگیری دەکا و وەک سەرچاوەی دووەم لەقەڵەمی دەدا. ئەمەش بەڕوونی لە هەیکل و بنیات و دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامیدا ڕەنگی داوەتەوە. بەپێی ڕیزبەندیی ئەم دوو سەرچاوەیە و گرینگی و جێگیربوونیان لەم سیستەمەدا، ئەو دامەزراوانەی نوێنەرایەتیی سەرچاوەی یەکەم دەکەن لە سەرەوە جێ دەگرن و سەروەرن و دەسەڵاتی ڕاستەقینەن و وەک دەڵێن حاکمییەتین و، دامەزراوەکانی دیکە کە وەک نوێنگەی ڕەوایی خەڵکین لە خوارەوە جێ دەگرن و دەسەڵاتێکی ئەوتۆیان نییە؛ هەرچەند دامەزراوەکانی کەتیگۆری دووەم لە ڕواڵەتدا ڕەوایی و دەسەڵاتی خۆیان لە خەڵک وەردەگرن بەڵام تێپەڕێن و ڕەوایی بڕیارەکانیان گرێ دراوە بە پەسندی دامەزراوە باندەست و باڵادەستەکان، کە پێیان دەڵێن حاکمییەتی و نوێنگەی سەرچاوەی یەکەمی ڕەوایین لەم سیستەمەدا.

بەکورتی ئەم سیستەمە لە چییەتی و هەناوی خۆیدا هەڵگری ناهاوڕێکی و دووفاقێتی و بەریەککەوتن و پێکدادانە، کە لەجیاتی ئەوەی یەکتر بەهێز و تەواو بکەن بەزۆری یەکتر دەسوون و پەک دەخەن. ئەم خەسڵەتە هەم لە سیاسەتی نێوخۆییدا ڕەنگی داوەتەوە و هەم لە سیاسەتی دەرەکیدا. یەکیان خوازیاری درێژەدانە بەو ڕەوتە "شۆڕشگێڕی"یەی کە تا ئێستا هێناویانە، ئەویتر خوازیاری دابڕانە لێی؛ یەکیان خوازیاری دژایەتیی ڕۆژاوایە و ئەویتر خوازیاری سازان لەگەڵی؛ یەکیان دەیەوێ هەروا وەک حکوومەتێکی نائاسایی بمێننەوە و لە هەر چەشنە نۆڕماڵیزاسیۆنێک لە نێوەوە و دەرەوە دەپرینگێتەوە، ئەویتر خوازیاری نۆڕماڵیزەکردنی هەر دوو ئاستی نێوخۆیی و دەرەکییە؛ هەر کامیان ڕوئیا و "بەرنامە"یەکیان بۆ ئابووریی ئێران و گەشەسەندنی ئێران هەیە، کە لە هێڵە سەرەکییەکاندا لەگەڵ یەکتر نایەنەوە و یەکتر ڕەت دەدەنەوە؛ یەکیان بە جیهانبینیی ئیسلامی و ئوممەتخوازی دەڕوانێنە پرسەکانی سیاسەتی دەرەوە، ئەویتر بە جیهانبینیی ئاسایی و نۆڕماڵی دەوڵەت – نەتەوە و بەبنەما وەرگرتنی "بەرژەوەندیی نەتەوەیی ئێران"؛ یەکیان خوازیاری ئەولەوییەتدان بە ئابوورییە، ئەویتر ئەولەوییەت بە پرسی بەرەڤانی و هێزی بەرگریی نیزامی دەدا؛ بەدیاریکراوی لە بیاڤی نێوخۆییدا، یەکیان خوازیارە کۆمەڵگە بەگوێرەی گوتاری ئیزۆلەی خۆی، بەڕێوە ببات و نۆڕم و بەهاکانی خۆی بەسەردا بسەپێنێ و گوێ نەداتە گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگە و هەروا لە دەلاقەی خۆیەوە بڕوانێتە کۆمەڵگە و ئاراستەی بکا! ئەویتر دەیەوێ خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگە بگونجێنێ و ویشک و داخراو لەگەڵ کۆمەڵگە مامەڵە نەکا؛ ئەمانە هەمووی دەرخەری نایەکانگیری و دووفاقێتیی ئەم سیستمەیە؛ ئەمەش وای کردووە کە دەستەیەکی بەڕێوەبەریی سازاو و پتەو لە کۆماری ئیسلامیدا بوونی نەبێ و بەردەوام یەکتر بسوون و پووچەڵ بکەنەوە.

ئەوەی لە سەرەوە باسمان کرد بنەمای کێشەخوڵقێنی سیستەمی کۆماری ئیسلامییە، لەسەر ئەم بنەمایە دەزگا و دامەزراوەی جۆراوجۆر هەڵچنراوە کە هەر کامیان پشکێکی دەسەڵاتی هەیە و ئێمە شاهیدی چەشنێک حکوومەتی "ملوک‌الطوایف"ی و ئاڵۆزیی پێکهاتەیین لە کۆماری ئیسلامیدا؛ لە ئەنجامی ئەم سیستەمە "شاز"ەدا ئەمڕۆکە لەگەڵ دیاردەیەک بە ناوی "چەند‌دەوڵەتی" یان "بێدەوڵەتی" بەرەوڕووین، ئەمەش پرۆسەی بڕیاردانی دژوار و تەمومژاوی کردووە؛ بۆ نموونە ئەو هەموو "شۆڕا بەرز"انەی کە لە پەنا و لە سەرووی سێ دەسەڵاتەکە دروست کراون، هەم ئەم سێ دەسەڵاتەی کەمکاریگەر کردووە و هەم پرۆسەی بڕیاردانی پێچەڵپێچ و، چەمکی بەرپرسیارێتی هێناوەتە ژێر پرسیار؛ چونکە ئەم شۆڕایانە دەسەڵاتیان هەیە، بەڵام بەرپرسیارێتییەکی ڕوونیان نییە و وەڵامدەر نین.

کۆماری ئیسلامی حکوومەتێکی دووبنەمایی و دووڕوخسارییە؛ هەموو دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی کەموزۆر دەگەڕێنەوە بۆ یەکێک لەم دوو بنەما و ڕوخسارە و گرێدراو بە بەستێنی کۆمەڵایەتی و ئاستەنگە دەرەکییەکان، بە شێوەیەکی ناوەناوە و ناڕێک و تێکەڵپێکەڵ خۆیان دەنوێنن.

زاڵبوونی مەیلێکی نێو سیستەم وای کردوە کە ئەم گومانە دروست بێت کە کۆماری ئیسلامی حکوومەتێکی یەکگرتووی پتەوە، وای کردووە هەندێک کەس هێژمۆنیک‌بوونی مەیلێک بە واتای یەکگرتوویی بنەمایی ئەم سیستەمە لێکبدەنەوە و لە ناهاوڕێکی و ناسازاویی ئەم سیستەمە خافڵ بن! لە هێژمۆنیدا مەیلێک یان لایەنێک لە هەناوی ناهاوڕێکی و دووفاقێتی نێو سیستەمدا، زاڵ دەبێ و ڕواڵەتێکی یەکگرتوو لە سیستەم پیشان دەدا و ئەم کارەش لە ڕێگەی پەراوێزخستن و کەمکاریگەرکردنی مەیلەکەی دیکە دەکا و بەم پێیە زەمینەی خوێندنەوەی هەڵە لە سیستەم دەرەخسێنێ و وەک سەرپۆشێک بۆ ناڕێکیی ناوەکیی سیستەم کار دەکا. بەتایبەت لەو قۆناغانەدا کە مەیلی هێژمۆن قووڵاییەکی کۆمەڵایەتیشی هەبووە و خاوەن هێزی کۆمەڵایەتی بووە، ئەم خوێندنەوەیە برەوی پەیدا کردووە. خاڵێکی جێی سەرنج ئەوەیە کە مەیلی هێژمۆن لە کاتی هێژمۆنیک‌بوونیشیدا لە هەناوی سیستەمدا بێ چاڵنج نەبووە و هەر ئەمەش وای کردوە کە مل بدا بۆ هاتنەپێشی مەیلەکەی دیکە لەسەر شانۆی سیاسەت. واتە دووفاقێتی نێو سیستەم وەک خۆرەیەک لەنێو دڵی سیستەمدا بووە و گرێدراو بە بەستێنی کۆمەڵایەتی مەجال بۆ دەرکەوتنی مەیلەکەی دیکەش لەسەر شانۆی سیاسەتی ئێران خۆش بووە و وای کردووە کە هەندێک چەمک و دەستەواژە بێنە ئارا کە ناتەباییەکی جەوهەرییان لەگەڵ بەشی حاکمییەتیی سیستەم هەیە کە دوای قۆناغیک دیسان پاشەکشە بەو تێڕوانین و ڕوانگەیە کراوە. لە بیاڤی نێوخۆییدا مەیلی زاڵ یان لەژێر پاڵەپەستۆی کۆمەڵایەتیدا پاشەکشەی کردووە یان خەریکی وەدەرنانی مەیلەکەی دیکە بووە لەسەر شانۆی سیاسەت. واتە هیچ سازانێکی بنەمایی لەنێوانیدا نەبووە کە کۆدەنگی لەسەر نەزمێکی سیاسی – کۆمەڵایەتی بکەن و لەجیاتی کارکردن بۆ پووچەڵکردنەوەی پلانەکانی یەکتر، خەریکی ئاوادانکردنەوە و خزمەتی خەڵك بن. دووفاقێتییەکە بەم شێوەیە کۆسپ بووە لە بەردەم گەشەسەندنی ئێران. بیاڤی دەرەکیش درێژکراوەی بیاڤی نێوخۆیی بووە و ئەم ناهاوڕێکییەی پێوە دیار بووە و ئەمەش وای کردوە کە نەتوانن لەم بیاڤەشدا سەرکەوتنێکی ستراتیژیک و درێژماوە بەدەست بێنن.

ناهاوڕێکیی ناوەکیی سیستەم، کێشەیەکی گەورەی کۆماری ئیسلامی بووە و کۆسپی بەردەمی بووە. هیچ حکوومەتێک ناتوانێ سەرکەوتوو بێت مەگەر ئەوەی لە نێوخۆدا ڕێک بێت و لانیکەم لەسەر کۆمەڵێك پرەنسیپ و هێڵی بنەڕەتی کۆک و تەبا بن. ئەوەی کۆماری ئیسلامی لە حکوومەتەکانی دیکە جیا دەکاتەوە ناسازاویی جەوهەریی سیستەمی کۆماری ئیسلامییە؛ نائاساییبوونی ئەم سیستەمەیە؛ ئەوەی کە ویستوویانە ببنە کۆکەرەوەی شتە دژبەیەکەکان! ئەو شتانەی لەگەڵ یەکتر ناکۆکیی جەوهەرییان هەیە و هەوڵدان بۆ گونجاندنیان لە درێژماوەدا وەخت و وزە بەفیڕۆدانە. هەر ئەمەشە وای کردوە هەنووکە کۆماری ئیسلامی لە دۆخێکی هەڵپەسێردراودا بێت و لە گرتنەبەری ئەجێندایەکی ڕوون بێتوانا بێت و لە حاڵەتێکی بەرگریکارانە و پاسیڤدا بێت. کێشەی کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە بەستێنی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی ئێران بەپێچەوانەی مەیلی زاڵی نێو سیستەم گۆڕاوە و چیتر ئەم مەیلە هێزی کۆمەڵایەتی نییە کە پارادایمی خۆی بسەپێنێ و بچەسپێنێ. دووفاقێتی نێو سیستەم دەستەوەستانی ئەمڕۆی سیستەمی لێ کەوتۆتەوە، نە کۆمەڵگەی لەگەڵ ماوە و نە بەڕووی دەروەشدا هێزێکی ستراتیژیکی بەرگرەوەی لە هەمبەر هێرشی دەرەکیدا هەیە؛ ئەمەیە بەرهەمی ناهاوڕێکیی ناوەکیی سیستەم و دژایەتی لەگەڵ یاسا و ڕێسا جێکەوتوو و تاقیکراوە و باوەکانی جیهان و هەوڵدان بۆ دروستکردنی سیستەمێکی ناڕێک و ئاڵۆز و نائاسایی. قسەی کۆتایی ئەوەیە کە لە نێوەوە ساغ نەبووی و ناڕێک بووی، لەوانەیە بۆ ماوەیەک بتوانی درێژە بدەی، بەڵام دواجار ئەم خەسڵەتە سەرت لێ دەشێوێنێ و دادەمێنی و ناتوانی بەرەو پێشەوە بچی.