
- کوێستان نستانی
- د. هۆشمەند عەلی
چه‌ند ڕۆژ دوای دامه‌زراندنی یه‌كیەتیی ژنانی كوردستان، ژنان یه‌كه‌مین كۆنفڕانسی خۆیان له خانه‌ی فه‌رهه‌نگی كوردستان له مەهاباد پێک‌هێناوه. له‌و كۆنفڕانسه‌دا مینا خانمی قازی ئه‌ركی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمیته‌ی ژنانی له‌ئه‌ستۆ بوو، له‌گه‌ڵ (خانم گه‌وهه‌ر تاجی سه‌دری قازی، ویلما سه‌یادیان، فه‌ریدەی زەندی، ساحبه‌ی یاهوو، شاسوڵتان فه‌تاحی قازی، خەدیجه حیدەری و عیفه‌ت قازیی كچی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د) وتاریان خوێندۆته‌وه و به‌تێكڕا له وتاره‌كانیاندا هانی دایک و باوكانیان داوه تا منداڵه‌كانیان بنێرن بۆ خوێندنگە و هه‌وڵ بده‌ن نه‌خوێنده‌واری له كوردستاندا بنبڕ بكه‌ن. هه‌روه‌ک له وتاره‌كه‌ی حه‌فیفه‌خان قازی و عیسمه‌ت خانی كچی پێشه‌وادا هاتوه:"خانمه‌كان! گه‌وره مه‌سه‌له‌یه‌كی مه‌شهوورە شێر چ نێر چ مێ، كورد خۆ به شه‌هاده‌تی هه‌موو دونیایه له هه‌موو كه‌س ئازاتره، ئه‌دی چۆن ده‌بێ به‌خسووس ده دونیای ئه‌مڕۆدا كه له هه‌موو ده‌وڵه‌تێكی پیاو و ژن پێكه‌وه كاری وڵاتی خۆیان ئیداره ده‌كه‌ن، بۆ ئیداره‌ی وڵاتیش خوێندن و نووسین لازمه، به‌ڵكوو له‌گه‌ڵ كابانی و خانه‌داری و منداڵ به‌خێوكردنیش هه‌رچی عیلم و سه‌واد زیاتر بێ له‌گه‌ڵ قومقومه‌ی سیری و لایی لایی لانكێ خۆشه‌ویستی و نیشتمانپه‌رەستیی میللی فێری منداڵ بكرێ قه‌ت له بیری ناكا، میلله‌تێكی ئه‌و نه‌وعه دایكانه‌ی هه‌بێ ڕۆژ به ڕۆژ سه‌ركه‌وتوو ده‌بێ ده جا وه‌رن بۆخۆتان و منداڵان بخوێنن و وڵاتی خۆمان به عیلم و سه‌نعه‌تی بڕازێنینه‌وه.
خانمان و خۆشكانی خۆشه‌ویست! ته‌ماشای شاری مۆسكۆ بكه‌ن، ببینن له سایه‌ی عیلم و فه‌رهه‌نگ چی لێ هاتووه، ته‌ماشای ئه‌و كتێبخانه و بینا و ساختمان و مۆزه‌خانه و سینه‌ما و خوێندنگەیانه بكه‌ن هه‌موو ئه‌وانه له سایه‌ی خوێندندا دروست بوون، چی ده‌بێ ئێمه‌ش بخوێنین و له سایه‌ی عیلم و زانسته‌وه مۆڵكی خۆمان سه‌ربه‌رز بكه‌ین. ئێمه‌ی ژنان ده‌بوو ئاهه‌نگی زیاتر بگێڕین بۆ ئازادیمان تا هه‌موو جیهان بزانێ ژنی كورد زیاتر له پیاوان ئازادیی خۆش ده‌وێ"(گه‌وهه‌ری، ٢٠١٧، ٢١١؛ موجاب ،٢٨،٢٠٠١).
هه‌ر لەو چوارچێوه‌یه‌دا، خاتوو (ویلما سه‌یدیانی)له وتارێكدا وتوویه‌تی:"پێویسته ژنان خوێنده‌وار بن و یارمه‌تیده‌ری گه‌وره‌ی پیاوان بن و نابێ ئێمه هه‌میشه چاوه‌ڕێی هاوسه‌ره‌كانمان بین پاره و جلوبه‌رگ و زێڕمان بده‌نێ. خانمه به‌ڕێزه‌كان منداڵه‌كانتان به‌دبه‌خت مه‌كه‌ن و له چوارچێوه‌ی ماڵدا مه‌یانهێڵنه‌وه، بیانێرن بۆ خوێندنگەكان تا به‌رگری له مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ژنی كورد هاوشێوه‌ی ژنه شارستانییه‌كان له ده‌ره‌وه كار بكه‌ن"(موجاب، ٢٧،٢٠٠١).
ئه‌وه‌ی گرنگه ئاماژه‌ی بۆ بكرێت، ئه‌وه‌یه به‌هۆی چاكسازییه ڕووكه‌شه‌كانی بنه‌ماڵه‌ی شاهه‌نشاهی و په‌ره‌دان به ناسیۆنالیزمی ئێرانی به‌گشتی گرنگی ئه‌وتۆ به كردنه‌وه‌ی خوێندنگە له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان نه‌درابوو، هه‌ربۆیه ڕێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری به‌گشتی كه‌م بووه (گه‌وهه‌ری، ٢١٢،٢٠١٧)، دوای دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان و له دوای پێكهێنانی كابینه‌ی ئه‌م كۆماره كه له ڕۆژنامه‌ی "كوردستان"ی ئۆرگانی حیزبی دێموكرات له مانگی تشرینی دووهە‌می ساڵی ١٩٤٦بڵاو كراوه‌ته‌وه، دوای ئاهه‌نگێڕان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له ٢٢ی كانوونی دووهە‌می ١٩٤٦، ٢٣ كه‌س له كاربه‌ده‌ستانی كۆماری كوردستان وتاریان بۆ جه‌ماوه‌ری كوردستان داوه، (دوو) له‌و كه‌سانه دوو مامۆستای ژن بوون، له وتاره‌كانیاندا سه‌ره‌ڕ‌ای ڕه‌خنه‌كانیان ئاماژه‌یان بۆ خوێنده‌واریی ژنان و هه‌وڵدان بۆ پێشكه‌وتنه‌كانی ژنان كردوه، هه‌روه‌ک خه‌دیجه‌ی مه‌جیدی، کە مامۆستای خوێندنگای په‌روانه‌ی كچانی مه‌هاباد بووه، له وتاره‌كه‌یدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردوه و وتوویه‌تی:"خۆشكه به‌ڕێزه‌كان ئێستا با ته‌ماشای برا ئازیزه‌كانمان بكه‌ین و ده‌ست بخه‌ینه ناو ده‌ستی یه‌كتری، چونكه من وای ده‌بینم، نیشتمانی دایک چاوه‌ڕوانی كچه‌كانیه‌تی ده‌ست به كار بن و ده‌ست به خوێندن و فێربوون بكه‌ن. جیهانی ئه‌مڕۆ پێویستیی به كچان و كوڕانه ده‌ست له‌ناو ده‌ستی یه‌كتر كار بۆ ڕزگاریی نیشتیمان بكه‌ن" (ڕۆژنامه‌ی كوردستان، ١١ی فێورییه ١٩٤٦، ١). هه‌روه‌ها كوبرا عه‌زیمی لە وتاره‌كه‌یدا هانی كچان و بنه‌ماڵه‌كا‌نیانی داوه له‌پێناو ڕۆشنبیركردنیان هه‌وڵ بده‌ن و له هه‌مانكاتدا ڕه‌خنه‌ی له خه‌ڵكی مەهاباد گرتووه، چونكه وتوویانه "كچه‌كانمان نانێرین بۆ خوێندنگا و به‌و هۆیه‌وه ڕه‌وشتی تێک ده‌چێت و ته‌نانه‌ت كه ئێمه ده‌بینن به بێزه‌وه سه‌یرمان ده‌كه‌ن و، ده‌ڵێن ئه‌وانه مامۆستان! ئێوه سه‌یری كتێبه بیانییه‌كان بكه‌ن، بۆ ئێمه وه‌ک ئه‌وان مرۆڤ نین؟ بۆچی له شارێكی وه‌ک مه‌هاباد ئێمه ژنێكمان نیه نه‌شته‌رگه‌ر یان ددانساز بێ، بۆیه كچه‌كانتان بنێرن بۆ خوێندنگە "(موجاب، ٢٩،٢٠٠١)
هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش، له ڕۆژنامه‌ی "كوردستان"دا وه‌ک ئاگادارییه‌ک بڵاو بۆته‌وه و ئاماژه‌ی بۆ كراوه، به‌ته‌واوی خه‌ڵكی شاری مه‌هاباد ڕاده‌گه‌یه‌نرێت له‌سه‌ر ئه‌مری پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د و قه‌راری حیزبی دێموكراتی كوردستان له‌وه به‌ولاوه پێویسته بۆ په‌ره‌پێدان و ڕه‌واجی زمانی كوردی و له‌و تاریخه به‌ولاوه تا ١٠ڕۆژی دیكه هه‌ر كه‌سێک كچ و كوڕی هه‌بێ و ته‌مه‌نی گه‌یشتبێته خوێندن ده‌بێ بنێردرێته خوێندنگا و هه‌ركه‌س له‌و ئه‌مره ڕووی وه‌رگێڕێ به تو‌ندترین موجازات ته‌مبێ ده‌كرێ". (كۆمیته‌ی ناوەندیی حیزبی دێموكراتی كوردستان/ مەعاونی حیزب ته‌هازاده)، (ڕۆژنامه‌ی كوردستان، ١١ی ژانویه‌ی ٤،١٩٤٦)
لێره‌دا بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه، له ڕوویی سیاسیی و قانوونییه‌وه حیزبی دێموكرات بێجگه له‌وه‌ی گرنگیی داوه به خوێندن به زمانی كوردی، له هه‌مانكاتدا دایک و باوكانی ئه‌ركدار كردوه له‌پێناو خوێندنی كچ و كوڕه‌كانیان و كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌كی نوێ به ڕووی كچانی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا، چونكه هه‌تا ئه‌وكات به‌هۆی كولتوور و داب و نه‌ریتی زاڵ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگەدا كچان به‌و ڕێژەیه‌ی پێویست بووه ده‌رفه‌تی خوێندنیان بۆ نه‌ڕه‌خساوه (باڵه‌كی، ٣٢،٢٠١٦). هه‌روه‌ک ده‌بینرێ و جێگای سه‌رنجه، جگه له ژنان، خودی سه‌رۆکكۆماریش به‌ته‌نگ ڕه‌خساندن و پێشخستنی خوێندنی كچان و ژنان بووه و بۆ نموونه: له شاری شنۆ یه‌كه‌م خوێندنگەی كچانی كردۆته‌وه و ته‌نانه‌ت حه‌سه‌نی كازمی به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگە له وتارێكدا، كه له ڕۆژنامه‌ی "كوردستان"دا بڵاو كراوه‌ته‌وه جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كردۆته‌وه، پێویسته سپاسی سه‌رۆکكۆمار بكرێت، بۆ ئه‌و خزمه‌تگوزارییه و به گرنگی و بایه‌خه‌وه بڕواننه ئه‌و هه‌نگاوه و كچه‌كانیان بنێرین بۆ خوێندنگە، چونكه كوردستانێكی ئازاد پێویستیی به ژنانی خوێنده‌واره و ئازادی و خوێندن له یه‌كتری جودا نین و به‌رزترین ده‌سكه‌وت ئه‌وه‌یه كه وه‌ک پیاوان بن و ژنی نه‌خوێنده‌وار باره به‌سه‌ر نه‌ته‌وه و نیشتمانه‌كه‌یدا، بۆیه ده‌بێ بخوێنن (موجاب،٣٣،٣٤،٢٠٠١ ).
هه‌ر له‌و باره‌وه كوبرا عه‌زیمی له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا وتوویه‌تی:"ئه‌وده‌م قوتابیی كچ زۆر نه‌بوون، ژنی خوێنده‌واریش هه‌ر زۆر كه‌م بوون، ژنه‌كان ئه‌وسا هه‌ر خه‌ریكی كاری ماڵداری و به‌خێوكردنی منداڵ بوون و جاروباریش بۆ بانگهێشتی باخ یان سه‌ره‌خۆشی و شایی ده‌هاتنه ده‌ره‌وه، ده‌نا نه ده‌چوونه ده‌ره‌وه، نه به‌شدارییان له كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌كرد؛ ئه‌وه‌ی چالاكیی سیاسییش بێ هه‌ر هیچ. به‌و زانیارییانه‌وه ده‌توانم بڵێم ئه‌و چالاكییانه‌ی ژنان كه له یه‌كیەتیی "یایان" هه‌یانبوو بۆ سه‌رده‌می خۆی هه‌نگاوێكی گه‌وره بوو، ئه‌گه‌ر كۆماری كوردستان شكستی نه‌هێنابا، پێده‌چوو یه‌كیەتیی "یایان" یارمه‌تیی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی خوێنده‌واری و زانیاری ژنان بایه" (عه‌زیمی، ٩٦،٢٠٢٤ ). لێره‌دا ده‌كرێت ئه‌وه بۆ ژنانی نیشته‌جێ له نێوشاره‌كاندا دروست بێ، به‌ڵام بۆ ژنانی دێهاته‌كان ده‌كرێ جیاوازتر لێكدانه‌وه‌ی بۆ بكرێت، چونكه ژنانی دێهاته‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئاستی خوێنده‌وارییان نه‌بووه، یان كه‌م بووه، به‌ڵام ئازادییه‌كی زیاتریان هه‌بووه و به‌رده‌وام له ئه‌رک و كاری ده‌ره‌وه هاوكاری بنه‌ماڵه‌كانیان بوون.
هه‌رچه‌نده له سه‌رده‌می كۆماری كوردستاندا ڕێكخراوێكی تایبه‌ت به ژنان دامه‌زراوه و بۆ یه‌كه‌م جار له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش هاوشێوه‌ی نێو كۆمه‌ڵگەی ئێران به‌گشتی ژنان بوونه خاوه‌ن ڕێكخراوێكی تایبه‌ت به خۆیان و هه‌وڵی به‌ئاگاهێنانه‌وه‌ی ژنان و كچانی نێو كۆمه‌ڵگەی كوردی‌یان له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوه و په‌ره‌یان به كاری ڕێكخراوه‌یی و كردنه‌وه‌ی خوێندنگای تایبه‌ت به‌كچان و چوونه سه‌ری زانست و زانیاریی ژنان و كچان داوه، كه وه‌ک ده‌ستكه‌وتێكی ئه‌و كۆماره به ئه‌ژمار هاتوه و ژنانیش هاتوونه‌ته مه‌یدان، ئه‌گه‌ر نا هیچ كارێک سه‌باره‌ت به به‌شداری ژنان له پرسه سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و مافی ده‌نگدانی ژنان له كابینه‌ی یه‌كه‌می كۆماری كوردستان و ئه‌ندامانی ڕێبه‌ریی حیزبی دێموكرات له كۆنگره‌ی یه‌كه‌م (١٩٤٥) و دواتریش تا كۆنگره‌ی چواره‌م (١٩٨٠) نه‌هاتۆته به‌رباس. هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ی نووسراوه‌كان و به‌ڵگه‌نامه‌كانی تایبه‌ت به حیزبی دێموكراتی كوردستان و ته‌نانه‌ت خودی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د له و‌ڵامی چه‌ند ڕۆژنامه‌نووسێكدا، پرسیاریان لێ كردوه كه له حكوومه‌تی سه‌ربه‌خۆی ئازه‌ربایجانی دراوسێدا، بۆ یه‌كه‌م جار له ئێران‌دا ژنان مافی هه‌ڵبژاردنیان وه‌رگرت، له كۆماره كوردییه‌كه‌دا هه‌رچه‌نده ده‌نگدان وه‌ک مه‌سه‌له‌یه‌ک نه‌خراوه‌ته به‌رباس، به‌ڵام سه‌رۆک هاوسۆز بووه له‌گه‌ڵ ده‌نگدانی گشتیدا و له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا پرسیاری لێ كراوه كه حیزبی دێموكراتی ئازه‌ربایجان مافی ده‌نگدانی به‌خشیوه به ژنان له هه‌ڵبژاردندا، ئایا تۆش هه‌مان شتت كردوه؟ و‌ڵامه‌كه‌ی ئه‌وه بووه، كه هه‌رچه‌نده من ئه‌و كاره‌ی ئازه‌ربایجان به ئه‌رێنی داده‌نێم، به‌ڵام پێتان ڕاده‌گه‌یه‌نم كه من نه‌متوانیوه ئه‌و سه‌ركه‌وتنه به‌ده‌ست بێنم (موجاب، ٤٠،٢٠٠١؛ بوورزوویی، ٤١٤،٢٠٠٥).
بۆیه ده‌توانرێ بگوترێ ئه‌گه‌رچی دوای دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان به پێشه‌نگایه‌تیی حیزبی دێموكراتی كوردستان ژنان ڕێكخراوی تایبه‌ت به خۆیان دانا بۆ پرسه‌كانی خوێندن و خوێنده‌واری و زیاتر هۆشیاركردنه‌وه‌ی ژنان بۆ مافه سه‌ره‌تاییه‌كانیان، به‌ڵام ڕۆڵ و به‌شداریی ژنان له‌و قۆناغه‌دا نه‌چۆته چوارچێوه‌ی كایه‌ی كاری سیاسیی و به‌شدارییان له‌گه‌ڵ پیاوان له‌نێو سه‌ركردایه‌تیی حیزبی دێموكرات و ته‌نانه‌ت له كابینه‌ی وه‌زاره‌تی كۆماری كوردستانیشدا.
هه‌ر چۆنێک بێ، له دوای ڕووخانی كۆماری كوردستان، تاكوو دوای سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی گه‌لانی ئێران (١٩٧٩) له سه‌رچاوه‌كاندا ئاماژه به ناوی هیچ ڕێكخراو و بڵاوكراوه‌ی تازه دامه‌زراوی تایبه‌ت به ژنان له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا نه‌كراوه. بێگومان له دوای ئه‌م قۆناغه‌ش ده‌ركه‌وتنی ژنانی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌ندین هۆكار و ده‌رهاویشته و گۆڕانكاریی نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی كه له‌سه‌ر پرسی ژنان و بارودۆخی سیاسیی نه‌ته‌وه‌ی كورد هاتبوونه كایه‌وه. هه‌ر بۆیه ژنان له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و له‌نێو حیزبی دێموكراتی كوردستان له ساڵانی دواتردا ڕه‌هه‌نده‌كانی خه‌باتیان به شێوه‌یه‌كی به‌رفراوانتر له بواری جیاوازتر ده‌ست پێ كردوه.