کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستبەسەرداگرتنی تالارا؛ درێژەدان بە سیاسەتی بارمتەگریی سپای پاسداران

17:15 - 24 خەزەڵوەر 2725

سپای پاسداران بە پشتڕاستکردنەوەی دەستبەسەرداگرتنی کەشتیی نەوتهەڵگری "تالارا" لە ئاوەکانی نزیک لە ئیمارات، جارێکی دیکە نیشانی دا کە لە کەنداو درێژە بە پەرەسەندنی گرژییەکانی دەدات.

ئەو نەوتهەڵگرە بە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵ و هەڵگرتنی ٣٠ هەزار تۆن مادەی پێترۆشیمی، لە ڕێگای سەنگاپووردا بوو کە بە وتەی سپای پاسداران "بە فەرمانی دادوەری" دەستی بەسەردا گیرا، ئەمەش ئیدیعایەک کە هەمیشە وەک بەرگێک بۆ کردەوەی دەرەوەی یاسایی و نیشاندانی دەسەڵات بەکار دەهێنرێت.

ڕاپۆرتەکانی ئەمریکا و ئاسۆشێتد پرێس ئاماژە بەوە دەکەن کە دڕۆنەکانی ئەمریکایی ساتی دەستبەسەرداگرتنەکەیان تۆمارکردووە و ئەم کارە پرۆسەیەکی یاسایی نەبووە، بەڵکوو عەمەلیاتێکی نیزامی بووە.

لە ساڵانی ڕابردوودا، سپای پاسداران چەندین جار دەستی بەسەر کەشتییە بیانییەکاندا بە تۆمەتی قاچاخی سووتەمەنی یان نەبوونی بەڵگەنامە گرتووە؛ ئەو تۆمەتانەی کە زۆرجار بەبێ ڕوونکاری و بە ئامانجی دروستکردنی گوشاری سیاسی دەدرێن.

ئەم هەڵسوکەوتە دووپاتە لە دەستبەسەرداگرتنی نەوتهەڵگرەکانی تۆگۆ هەتا بارهەڵگرەکانی پۆرتغالی، ئاماژەیە کە کەنداو ببێتە گۆڕەپانی یارییەکانی سپای پاسداران و ئامرازێکە بۆ بارمتەگرتن لە دژی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

ئەم جۆرە کردەوانە نەک هەر هەڕەشە لە ئەمنییەتی دەریایی و بازرگانی جیهانی دەکات، بەڵکوو پەیامێکی ڕوونی ناسەقامگیرکردنی بە ئەنقەستی ناوچەکەیە کە لەلایەن سپای پاسدارانەوە دەنێرێت.