کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکگرتوویی

10:18 - 22 خەزەڵوەر 2725

مستەفا شڵماشی

هەموومان چ ئەوانەی لە ڕێبەریی حیزبەکان دان و چ ئەوانەی هیچ بەرپرسایەتییەکیان نییە، بەڵام خۆیان وەک سەرێک دەبینن لەنێو سەراندا، بە بەردەوامی باس لە یەکگرتوویی و پێویستیی یەکگرتن دەکەین. خۆ کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەتێکڕایی خەونی پێوە دەبینن و گلەیی سەرەکییان لە حیزبەکان ئەوەیە کە بۆچی یەک ناگرن.

کەواتە کێشە لە ویستی یەکگرتندا نییە. تا ئێرە هەمووان قەبووڵیانە و ئەگەر بۆ ڕواڵەتیش بووبێ، دروشمی هەمووانە. بەڵام بۆچی ناتوانن ئەو دروشمە بەکردەوە جێبەجێ بکەن، لە کاتێکدا کە جێبەجێکردنی ئەو دروشمە لە دەست دوژمندا نییە و لە دەست خۆمان دایە. لێرەدا هەوڵ دەدەم هۆکاری ئەوەی کە بۆچی کورد ناتوانێ یەک بگرێ و بەیەکەوە بۆ پرسە نەتەوەییەکە تێبکۆشێ و هۆی چییە کە یەک نەفەر دەتوانێ بە بڵاوکردنەوەی هێندێک ژەهری سیاسی، کەشوهەوای نێو جووڵانەوەی کورد بە تەواوی تێک دا و ئاستەنگەکانی بەردەمی یەکگرتن چین. بە بڕوای من دەکرێ ئاوڕ لە چەند پرسێک وەک ئاستەنگی سەرەکی بدەینەوە.

یەکەم: شێوەی دروستبوونی حیزبەکان:

ئەلف – ئەو حیزبانەی سەرەتا و لەپێشتر دروست دەبن: لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەگشتی حیزبەکان سەرەتا بۆ ئامانجێکی سیاسی دروست دەبن و تا ئەو جێگایەی کە هیچ ڕکابەرێکیان نییە، زۆرتر ئامانجەکەیان زەق دەکەنەوە و پڕۆپاگاندایان زۆرتر لە دوو بواردا خۆی دەنوێنێ، شیکردنەوەی ئامانجەکانیان و ناساندنی دوژمنی سەرەکییان کە بەرامبەرەکەیانە؛ واتە ئەو دەوڵەتەی کە مافی لێ زەوت کردوون. حیزبەکانی کوردستان بەگشتی و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەتی ئەوانەی لە سەرەتادا دروست بوون، لەم تایبەتمەندییە بێبەری نین. ئەگەر چاو لە ڕابردووی حیزبە جەماوەری و قەدیمییەکان بکەین، لە سەرەتای دروستبوونیاندا ئەو تایبەتمەندییانە بەڕوونی دەبینین. ئامانجەکەشیان چونکە بەدەستهێنانی مافی نەتەوەییە، زۆر زوو لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا جێی خۆیان دەکەنەوە و گەورە دەبن. وەک نمونەیەکی بەرچاو بۆ ئەم بابەتە دەتوانین چاو لە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کاتی دامەزرانی و لە سەردەمی کۆماری کوردستان و دواتریش بۆ وێنە "جووڵانەوەی ٤٧ـ ٤٦ " بکەین. کە لێرەدا حیزب ئامرازە بۆ وەدیهێنانی ئامانج.

ب - ئەو حیزبانەی دواتر دروست دەبن: هەرچەند بەڕواڵەت ئامانجێکی جیاواز بۆ خۆیان دیاری دەکەن و لە سەرەتادا بانگەشەی پێوە دەکەن، بەڵام کاتێک دەبینن لە بەرامبەر حیزبە گەورەکەدا ناتوانن بەپێی پێویست گەشە بکەن، بەشی زۆری پڕۆپاگاندای خۆیان لەسەر شکاندنی حیزبە گەورە خاوەن پێگەکەی پێش خۆیان دادەڕێژن. ستراتیژییان دەبێتە ئەوەی کە لە پێگەی حیزبە کۆنترەکە کەم بکەنەوە، تا بۆخۆیان گەشە بکەن. لە بەرامبەردا حیزبەکەی پێشتریش بەشی زۆری وزەی خۆی تەرخان دەکا بۆ بەرپەرچدانەوەی پڕۆپاگاندای حیزبە تازەکە و لەجیاتی ئەوەی بەردەوام بەرگری لە مافەکانی نەتەوەکەی بکا و پڕۆپاگاندای خۆی لەسەر دوژمنی هاوبەش کۆ بکاتەوە، لە ڕاستیدا زۆرتر خەمی پاراستنی خۆیەتی لە بەرامبەر حیزبە تازە دروستبووە ڕەقیبەکەیدا. بۆیە بەرەبەرە پاراستنی حیزب یان گەشەکردنی حیزب دەبێتە ئامانج، لەجیاتی ئەوەی وەک ئامرازێک چاو لە حیزب بکرێ.

دووەم: ناڕوونی لە ستراتیژیی نەتەوەییدا:

دیارە حیزبی وایە ستراتیژییەکەی ڕوونە و بەدەستهێنانی مافی نەتەوەییە، جا لە هەر شکڵێکدا کە هەڵی بژاردووە، بەشێوەی خودموختاری، فیدڕاڵی یا سەربەخۆیی، جیاوازی نییە، ستراتیژییەتی. ئەگەر حیزبەکە بیهەوێ بەڕاستی بۆ لەنێوبردنی ستەمی نەتەوەیی تێبکۆشێ، بۆی گرنگ دەبێ کە بۆ یەکیەتیی نەتەوەییش تێبکۆشێ و تەنانەت ئامادە دەبێ بۆ قازانجی نەتەوەکە دەست لە قازانجە حیزبیەکە هەڵگرێ. بەڵام کارەسات ئەو کاتەیە کە حیزبێک لە مەسەلە نەتەوەییەکە تەنیا بۆ گەشەکردنی خۆی کەڵک وەرگرێ، چونکە دەزانێ کە کۆمەڵانی خەڵکی وڵاتەکە، تەنیا بەو دروشمە سەرسام دەبن و لە دەوری کۆ دەبنەوە. ئەوکاتە مەسەلە نەتەوەییەکە بۆ ئەو دەبێتە ئامراز و حیزبەکەی کە ئامانجێکی دیکەی هەیە، دەبێتە ئامانج. بۆیە ئەو جۆرە حیزبانەش لە نێو جووڵانەوەی نەتەوەییدا زۆرتر کۆسپن تا ڕەگی بەهیزی جووڵانەوە.

ئەو دابەشبوونی حیزبییە بەداخەوە بمانهەوێ و نەمانهەوێ دابەشبوونی کۆمەڵایەتی و تەنانەت کەشوهەوای ڕووناکبیرانی نەتەوەکەش دەگرێتەوە. ڕووناکبیرانیش هەم تێیان دایە کە تەنیا بیر لە مەسەلە نەتەوەییەکە دەکاتەوە و هەم تێشیان دایە کە بیر لە قازانجی خۆی دەکاتەوە و لەو دابەشبوونەدا لایەنێک هەڵ دەبژێرێ کە بۆ ئەو قازانجی هەیە. بۆیە بەداخەوە قەڵەمیش لە ئاست مەسەلە نەتەوەییەکەدا بە وەفاداری نامێنێتەوە و جاری وایە لەجیاتی دەرمان، ژەهر بڵاو دەکاتەوە.

ئێستا بەو دوو تێبینییە سەرەکییەوە بۆ ئەوەی یارمەتی بکرێ بە خاوێنبوونەوەی کەشوهەواکە و ڕەخساندنی زەمینەی یەکگرتن دەبێ چ بکرێ؟

بە باوەڕی من باشترە حیزبەکان چاو لە مرۆڤە هەرە سادەکانی سەرشەقام بکەن. بڕۆ لە بازاڕ چاوەدێری بکە بە سەر چەند میوەفرۆشێکدا کە زەحمەتێکی زۆر دەکێشن تا سفرەی منداڵەکانیان نانی لەسەر بێ. ئەوان لەجیاتی ئەوەی کە میوەی دراوسێکەیان بە ڕزیو و بێکەڵک لە قەڵەم بدەن، بانگەشە بۆ میوەکەی خۆیان دەکەن و باسی تازەیی و تام و لەزەتی میوەکەی خۆیان دەکەن. با حیزبەکانیش، بەتایبەت ئەوانەی کە خەمی گەورەیان ژێرچەپۆکی و بێمافیی نەتەوەکەیانە، بەرنامەی خۆیان بۆ کۆمەڵانی خەڵک باس بکەن و بانگەشە بۆ کاڵا سیاسیەکەی خۆیان بکەن لەجیاتی ئەوەی کە دژی حیزبە ڕەقیبەکانیان بدوێن. بەتایبەت بە شێوەی هێرش و دوژمنایەتیکردن و ڕەتکردنەوەی مێژوو و پیرۆزییەکان. دیارە ڕەخنەگرتن ناچێتە خانەی دژایەتیکردنەوە، بەڵام ڕەخنە ڕێوشوێن و پرەنسیپی خۆی هەیە؛ "یەک کردەوە یا یەک سیاسەت بە ئامانج دەگرێ" و ڕەتی دەکاتەوە، نەک لەدژی تەواوی مێژووی حیزبێک بدوێ و هەموو خزمەتەکانی زەڕبی سیفر بکا و هێرش بکاتە سەر پیرۆزییەکانی.

کەواتە بۆ ئەوەی زەمینەی یەکگرتن ئامادە بکرێ، پێویستە حیزبەکان، ئەوانەی ئامانج و ستراتیژییان بەڕاستی مەسەلە نەتەوەییەکەیە، "دۆستانە ڕەخنە لە یەکتر بگرن، دژایەتیی یەکتر نەکەن، ئامانجیان مەسەلە نەتەوەییەکە بێ و حیزب وەک ئامراز ببینن، نەک وەک ئامانج."

بەڵام لەگەڵ ئەوانەی کە ئامانجیان مەسەلە نەتەوەییەکە نییە و زۆرتر وەک ئامرازێک بۆ گەشەی خۆیان کەڵکی لێ وەردەگرن ناتوانی چاوەروان بی کە بە خاتری مەسەلە نەتەوەییەکە بێن و یەک بگرن. بۆیە ناکرێ لە سەر نەهاتنی ئەوان تەگەرە بخرێتە سەر ڕێگای یەکگرتن. لە باشترین حاڵەتدا دەکرێ بۆ ئەوەی کە کێشە دروست نەبێ، لەسەر هێندێک خاڵ ڕێککەوتنیان لەگەڵ بکرێ و پابەند بکرێن بە ڕاگرتنی کەشوهەوای جووڵانەوە بە هێمنی و خۆپاراستن لە توندوتیژی بەرامبەر ڕەقیبەکانیان. بەڵام ئەوانەی کە مەسەلە نەتەوەییەکەیان بۆ گرنگە، پێویستە "مەسەلە نەتەوەییەکە وەک ئامانجی ستراتیژیی هاوبەش ببینن و هەموویان خۆیان بە خاوەنی ئەو مەسەلەیە بزانن و هەمووشیان وەک شەریک لەو مەسەلەیەدا چاو لە یەکتر بکەن و هیچیان بەسەر هیچیاندا موزایەدەی سیاسی نەکەن و لە بەرامبەر هەر هێزێکی دەرەوەدا پێکەوە هەنگاو هەڵێنن".

دژی یەکتر نەدوێن و لە دەرەوەی مەسەلە نەتەوەییەکە هەر کاڵایەکیان هەیە با بۆ خۆیان پڕۆپاگاندای بۆ بکەن. تەنیا لەو حاڵە دایە کە دەتوانین هەنگاو بەرەو یەکگرتن هەڵێنین. بەهیوای ئەو ڕۆژە کە هەمووان بەو ئاکامە بگەن و بەرەو ئەوە ئامانجە هەنگاو هەڵێنن.