کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی ئەنجومەنی قەڵەمی ئەمریکا بۆ ئازادیی نووسەران و توێژەرانی دەسبەسەرکراو لە ئێران

17:19 - 24 خەزەڵوەر 2725

ئەنجومەنی قەڵەمی ئەمریکا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک وێڕای پەیوەستبوونی خۆی بە کۆڕی ٣٠٠ نووسەر و مامۆستای زانکۆ، خوازیاری ئازادیی بێ مەرجی ئابووریناسان و توێژەران، نووسەران و توێژەرانی دەسبەسەرکراو لەلایەن ڕێژیمی تارانەوە بوو.

ئەنجومەنی قەڵەمی ئەمریکا "پێن ئەمریکا" لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا کە لەپاڵ سەدان نووسەر و توێژەری ناوبەدەر داوایان لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە توێژەران، نووسەران و وەرگێڕانی بەندکراو بەبێ مەرج ئازاد بکرێن.

یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەو ئەنجومەنە پێداگریی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئەو کەسایەتییە دەسبەسەرکراوانە تەنیا و تەنیا بەهۆی کار و نووسینەکانیانەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٤ی پێوەری ئازادیی نووسینی ئەنجومەنی قەڵەمی ئەمریکا، ٤٣ نوووسەر لە ئێران دەسبەسەر کراون و ڕێژیمی ئێران لەو بوارەوە پلەی دووەمی خەراپترین وڵات بۆ ئەو توێژەدایە.

پێشتریش چەند گرووپ و ئەنجومەنی دیکەی ئێرانی و جیهانی لە بەیاننامەی جۆراوجۆری ناڕەزایەتییدا بەنیسبەت ڕەوتی دەسبەسەریی نووسەران و جیابیران و خاوەن قەڵەمانەوە ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو.

هەروەها کەمپەینی مافی مرۆیی ئێران حەوتووی ڕابردوو بە دەرکردنی بەیاننامەیەک وێڕای ئاماژەدان بە دەسبەسەرکردنی ٤ کەس لە لێکۆڵەر، وەرگێڕ و نووسەری ڕەخنەگر لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیمەوە نووسیبووی: "لە شوێنی ڕاگیران و هۆکاری دەسبەسەریی و تۆمەتی وەپاڵدراوی ئەو کەسانە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە".

شایانی باسە لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم بە هەڵکوتانە سەر ماڵی پێنج ئابووریناس و لێکۆڵەر لە تاران و دوای پشکنینی ماڵەکانیان و بردنی کەلوپەلی تاکەکەسییان دەسبەسەر  و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستوون.