پیرۆز بێت ٢ی ڕێبەندان، خاڵی زێڕینی وەرچەرخانی خەباتی نەتەوەیی گەلی کورد
لە ٧٤ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی کۆماری کوردستان وەک خاڵی وەرچەرخانی خەباتی سیاسیی مۆدێڕنی نەتەوەی کورد و شوناسی نەتەوەییمان لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا و پەیامە هەرە گرینگەکەی کۆمار کە کورد دەبێ خاوەن کیان و هەستی خۆی بێت، پەیمان و بەڵێن، لەگەڵ خوێنی گەشی شەهیدان و بنەماڵە سەربەرزەکانیان و زیندانییانی سیاسی و هەموو ئازادیخوازان نوێ دەکەینەوە کە تا دواهەناسە درێژەپێدەری ئەم ڕێگە و ڕێبازە پیرۆزە بین و تا چاندنی نەمامی ئازادی و بەختەوەری دەست لە خەبات هەڵنەگرین.
بێگومان هەلومەرجی شڵەقاو و ناسەقامگیری شۆڤێنیزمی دەسەڵاتی ئێرانی لە ماوەی تەمەنی دوو شێوە سیستمی پاشایەتی و ڕێژیمی ئیسلامیدا ئەم ڕاستییەی دەرخستووە کە دیزاینی سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چەندە لە ڕاستییەکانی کومەڵگای ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی نزیک بووە و حیکمەتی سیاسیی داڕێژەرانی ئەم سیاسەتە واقیعخوازانە کە هێندە ڕاشکاوانە دژی هەر جورە دیکتاتۆرییەتێک هەڵوێستی گرتووە و لایان وابووە کە دیکتاتۆری تەنیا وزەی مرۆڤەکان دەبەتڵێنێت و کۆمەڵگا دەخەسێنێت و دواجار ئەتۆمیزەی دەکات و بە ناو بەرەهووتێکی گەردەلوول ئاسای بێ بنەمادا ڕاپێچی نێو چارەڕەشییەکانی دەکات، لە ماڵوێرانی بەدەر، چی لێ ناکەوێتەوە.
خەباتی ڕەوای ٧٤ ساڵەی نەتەوەی کورد، خەباتی دوو بەرەی ئازادیخوازیی فرەدەنگخوازی سیاسی- کومەڵایەتی و سانتڕاڵیزمێکی ناوەندخوازیی تاک دەنگی بووە کە نەتەوەی کورد خوێن بەهایەکی زۆری بۆ داوە. قەیرانەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوین کە هەموویان بەرهەمی سیاسەتە پڕ لە ئاژاوە و شەڕئەنگێزییەکانی ڕێژیمی ئاخوندییە، حیکمەتی سیاسیی حیزبەکەمان زیاتر دەردەخات و ئێمەش بۆ خەبات لە پێناوی ئامانجەکانی کۆماری کوردستان شێلگیرتر دەکات.
سەرکەوێت خەباتی میللی- دێموکراتیکی گەلی کورد بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران؛
مردن و نەمان بۆ ڕێژیمی دژە ئازادیی کوماری ئیسلامی؛
بژی بۆ ئامانجە سیاسییەکانی "ڕاسان"، نووختەوەرچەرخانی خەباتی نوێی گەلەکەمان.
بەشێک لە مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆکانی شارەکانی سەردەشت، پیرانشار، شنۆ، نەغەدە و مهاباد.