کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتاری نوێنەری هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە پارلەمانی ئورووپا

14:40 - 24 جۆزەردان 2726

برۆکسل – کۆنفرانسی "بونیادنانی ئێرانێکی دێموکراتیک"

( وتاری هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە پارلمانی ئورووپا لەلایەن فەریبا محەمەدی، جێگری سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بە نوێنەرایەتی لە "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران"ـەوە پێشکەش کرا.)


له‌ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی "بونیادنانی ئێرانێکی دێموکراتیک" لە پەرلەمانی ئورووپادا، فەریبا محەممەدی، جێگری سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بە نوێنەرایەتی لە "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران" گوتارێکی پێشکەش کرد. ئەم ئامادەبوون و هەڵوێستە لە کاتێکدایە کە لە پێشخستنی بەرنامەکانی ئەم هاوپەیمانییەدا، "کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان" بەرپرسیارێتیی خولیی هاوپەیمانییەکەی لە ئەستۆدایە.
بەڕێز فەریبا محەمەدی لەم گوتارەدا، وێڕای بردنەژێرپرسیاری پێکهاتەی نەریتیی دەسەڵات و خوێندنەوە فەرمییەکان بۆ چەمکی دەوڵەت-نەتەوە لە ئێراندا، ڕەخنەی لە بەئەمنییەتیکردنی ناسنامە نەتەوەییەکان گرت و ئاماژەی بەوە کرد کە داخوازیی مافە ڕەواکانی ئەم نەتەوانە و جەختکردنەوە لەسەر «مافی دیاریکردنی چارەنووس» لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، هەمیشە لەلایەن دەسەڵاتەوە تۆمەتی جیاییخوازی لە پاڵ دراوە، بە تاوان زاندراوە و بە سەرکوتی توندوتیژ وڵام دراوەتەوە. لە کاتێکدا دابەزاندنی ئاستی ئەم ئیرادە نەتەوەییانە بۆ وشە سنووردارکەرەوەکانی وەک قەوم یان ئەتنیک، پشتگوێخستنی ڕاستییە مێژووییەکانی کۆمەڵگە و ڕەسەنایەتیی ئەم خەبات‌گەلەیە.
ناوبراو لە درێژەی باسەکەیدا بە پشتبەستن بە نموونە جیۆپۆلیتیکییەکانی ناوچەکە و ڕوانگەی شیکەرەوە سیاسییەکان، جەختی لەوە کردەوە سنوورەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرهەمی ئیرادەی ڕەهای خودی نەتەوەکان نەبووە، بەڵکوو دەرەنجامی ڕێککەوتنەکان و جێگیربوونی هێزە نێودەوڵەتییەکانە لە درێژایی مێژوودا. وەک چۆن نەتەوەی کورد وەک نموونەیەکی بەرچاو، بەهۆی سنوورە سەپێندراوانەوە بەسەر چوار وڵاتدا دابەش کراوە.
نوێنەری هاوپەیمانی، بە بیرهێنانەوەی ئەم خاڵە کە سنوورە سیاسییەکان لە ڕەوتی مێژوودا هەمیشە گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و نابێت بە دەمارگرژیی چەقبەستووەوە سەیریان بکرێت، جەختی لەسەر پێویستیی تێپەڕین لە گێڕانەوە فەرمییە سەد ساڵەکان کردەوە و بەرهەمهێنانەوەی بیرۆکەی دێموکراسیی یەک‌پێکهاتەیی لە نێوان بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی وەک تابوویەکی سیاسی لەقەڵەم دا کە دەبێت بشکێنرێت.
له بەشی کۆتاییی وتارەکەدا، ڕوون کرایەوە کە بۆ ڕۆژی دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ناتوانرێت کۆمەڵگە بە دروشمی گشتگیر بەڵام لێڵ و ناڕوونەوە بەجێ بهێڵرێت و هەر جۆرە پێکەوەژیانێکی هاوبەش و بەردەوام لە چوارچێوەی جوگرافیای ئێراندا، مەرجدارە بە دەستەبەرکردنی یەکسانیی پێکهاتەیی لە سێ بواری سەرەکیی، مافە نەتەوەییەکان، فرەیی زمانەوانی-کۆمەڵایەتی و یەکسانیی ڕەگەزی.


١٣ی ژوئەنی ٢٠٢٦
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران