ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە بنکەکانی گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لە گەڕەکی "زاحییە" لە باشووری بەیرووت کردووەتە ئامانج.
ئیسرائیل هۆکاری ئەم هێرشەی بۆ هاویشتنی سێ درۆن لەلایەن حیزبوڵڵاوە بۆ باکووری وڵاتەکەی گەڕاندەوە و هاوکات هۆشداریی بە دانیشتووانی ٢٩ گوندی باشووری لوبنان دا کە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
ئەم شەڕ و پێکدادانانە کە دوای هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل لە مانگی ڕەشەمەوە بەردەوامە، تەنانەت دوای ئاگربەستی مانگی ئاوریلیش ڕانەوەستاوە.
کۆماری ئیسلامی هەمیشە جەختی کردووەتەوە کە دەبێ کۆتاییهێنان بە شەڕی لوبنان بەشێک بێت لەو ڕێککەوتننامەی بڕیارە لەگەڵ ئەمریکا واژۆی بکات.
لەم پێوەندییەدا، محەممەدباقر قاڵیباف، وتووێژکاری باڵای ڕێژیمی ئیسلامی ڕایگەیاند کە دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت، بەردەوامبوونی ڕەوتی ڕێککەوتن لەگەڵ واشنگتۆن "مەحاڵە".
قاڵیباف لە پەیامێکدا هۆشداریی دایە ئەمریکا کە ناتوانێت بە گڵۆپی سەوز پیشاندان بە ئیسرائیل ئیمتیاز لە تاران وەربگرێت و وتی: "ئەگەر ئیرادە و توانای جێبەجێکردنی بەڵێنەکانتان نییە، قسەکردن لەسەر بەردەوامیی ئەم ڕێگەیە بێواتایە."