کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی حیزبی دێموکرات بۆ کۆنگرەی چواردەهەمی پارتی دێموکراتی پێشڤەڕۆی کورد لە سووریە

21:47 - 23 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێک‏دا، پیرۆزبایی خۆی بۆ کۆنگرەی چواردەهەمی پارتی دێموکراتی پێشڤەڕۆی کورد لە سووریە ڕاگەیاند.

دەقی پەیامەکە:

بۆ پارتی دێموکراتی پێشڤەڕۆی کورد لە سوریە


بەڕێز سەرکردایەتیی پارتی دێموکراتی پێشڤەڕۆی کورد لە سوریە!
لەگەڵ ڕێز و سڵاو و هەروەها پیرۆزبایی بە بۆنەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی چواردەهەمی حیزبەکەتانەوە، هیوادارین کە کۆنگرەیەکی باش و پڕنێوەڕۆک و پڕ دەسکەوتتان هەبێ. پڕ نێوەڕۆک هەم بۆ خۆتان، ئەندامان و تێکۆشەرانی پارتی دێموکراتی پێشڤەڕۆی کورد و هەم بۆ هەموو گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژئاوا.

ئێمە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە پێداگرتنەوە لەسەر دۆستایەتی و نزیکایەتیی چەندین ساڵەمان لەگەڵتان، زۆر خۆشحاڵ و شادمان دەبین کە هەواڵی بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی کۆنگرەکەتان بەتایبەت لەسەر خاکی کوردستانی ڕۆژئاوا دەبیسین و چاوەڕوانی سەرکەوتنی زیاترتانین. ئێمە پێداگری لەسەر دۆستایەتیمان دەکەینەوە و ڕێز و حورمەتمان بۆ کۆنگرەکەتان و بڕیار و ئاکامەکانی هەیە و هیوادارین کە دۆستایه‏تی و نزیکایەتیمان تۆکمەتر لە جاران درێژە پێ‏بدەین.

دۆستانی ئازیز!

هەر وەک بۆخۆتان شارەزان و ئاگاداری ڕەوتی ڕووداوەکانن، لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست‏دا و لەم قۆناغ و بڕگە زەمەنییەی ئێستادا، کە بڕگەیەکی مێژوویی هەستیارە و هەر ڕێکخراوێکی سیاسی و هەر بزووتنەوەیەکی خەباتکارانە، پێویستە بە وشیاری و چاوکراوەیی و هەروەها بە لەخۆبردوویی، فیداکاری و هەست بە بەرپرسیاریەتیی زیاترەوە هەنگاو بنێ.

بەتایبەت کە ئێوە وەک حیزبێکی خاوەن پێگەی تایبەت و خاوەن ئەزموونی خەباتگێڕانە لە کوردستانی ڕۆژئاوادا، باشتر لە هەمووان دەزانن کە لەئێستادا شه‏ڕیکی خوێناوی به‏سه‏ر گه‏لی کورد له ڕوژئاوا و هه‏موو گه‏لانی سووریه‏دا سه‏پاوه، به‏ڵام بێ‏گومان پاش ئەم شەڕە، گۆڕانکاریی زۆر قووڵ بەڕێوەیە و ئەرکی هەموو لایەنێکی سیاسی لەو بەشەدایە کە بە وشیاریی زیاترەوە و هەروەها بە هەست بە بەرپرسیاریەتیی نەتەوەیی فراوانترەوە لەگەڵ دۆخەکەدا هەڵسوکەوت بکەن، چوونکە قۆناغی ئێستا، داهاتوویەکی دوور و درێژی لەسەر بونیات دەنرێ و هەڵەی بچووکی ئێستا، ڕەوتێکی زەرەرمەندانەی دوور و ماوەداری بەدوادا دێ و سبەی ڕۆژێک، نەوەکانی داهاتوو گلەیی ئێستامان لێ دەکەن.

کورد لە هەموو بەشەکان و بەتایبەت لە ئێستادا لە ڕۆژئاوا، پێویستیی بە یەکگرتوویی و هاوئاهەنگی و دوورکەوتنەوە لە هەنگاوی یەکلایەنانە و هێژموونی سەپێنی هەیە و بۆ ئەو ئەرکە گرینگە، دەبێ هەموو ڕێکخراوەکان هاوکار بن و تەنیا بە لایەنێک ناکرێ، بەڵام کەس و لایەنی وەک ئێوە پێویسته دەوری نێوەندگیریی و کۆکردنەوەی هەموو لایه‏نه‏کان لە دەوری یەک بەرنامەی هاوئاهەنگ بگێڕێ و کورد لە پەرتەوازەیی دەرباز بکا.

هەروەها لە ئێستادا کاتی ئەوەیە کە بەرەی کوردستانی لە کوردستانی ڕۆژئاوا پێک بێت و هەم بە پلاتفۆرم و بەرنامەی دیارەوە هەنگاو بنێ و هەم داخوازیی ڕوونی بەرامبەر ناوەندە دەسەڵات بەدەست و بڕیاردەرەکان هەبێ و هەوڵ بدرێ فاکتۆری گرینگی کورد بۆ سەقامگیری و دابینکردنی ئاسایشی ناوچە و دژایەتیی تیرۆر، هەرزانفرۆش نەکرێ و داخوازیی و بەرنامەی ڕوونی نەتەوەیی هەبێ، چوونکە نەوەکانی داهاتوو لە هەڵەکانمان خۆش نابن.

ئێمە دڵنیاین کە دۆستانمان لە پارتی دێموکراتی پێشڤەڕۆی کورد لە سووریە، لە هەموو ئەو خاڵانە بە باشی شارەزان و لەبەرچاوی دەگرن و ئێمە تەنیا هەوڵی وەبیرهێنانەوەمان دا.

دووبارە وێڕای شادمانی دەربڕین بە بۆنەی کۆنگرەکەتانەوە، لە ئێستاوە بە بۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرە و پەسندکردنی بەرنامەی کاریی چڕ و پڕ و نەتەوەیی بۆ داهاتووی ڕێکخراوەکەتان، پیرۆزباییتان پی دەڵێین.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٩ی نۆڤامبری ٢٠١٥ی زایینی
١٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی