کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەیەک لە قوتابییانی کچی قوتابخانەیەکی شاری مەریوان بەهۆی نەدانی پارە، دەرکران

14:49 - 20 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری مەریوان ژمارەیەک قوتابیی کچی بەهۆی نەدانی پارە بە قوتابخانەکەیان، لە خوێندن بێبەری کرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لێپرسراوی قوتابخانەی فاتمەی زەهرا لە شاری مەریوان داوای پارەیەکی بە بڕی ١٠٠ هەزار تمەن لە هەر قوتابییەک کردووە کە ژمارەیەک لە قوتابییان بەهۆی دەسکورتی و نەدانی ئەو پارەیە، لەلایەن ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارەوە دەرکراون.
قوتابخانەی فاتمەی زەهرا تایبەت بەو کەسانەیە کە لە گوندەکانی دەوروبەری شاری مەریوانەوە بە مەبەستی خوێندن و فێر بوونی زانست روو دەکەنە ئەو شوێنە و بۆ ماوەی ٩ مانگ لەوەی دەمێنەوە.
بەڵام لێپرسراوانی ئەو ناوەندانە لەبری هاوکاری کردنیان زەخت و گوشارییان دەخەنە سەر و داوای پارەیان لێ‌دەکەن.
بەوتەی شایەتحاڵان زیاتر لە ٤٠ قوتابیی کچ بە هۆی نەدانی پارە لەخوێندن بێبەری کراون.
قوتابخانەی دواناوەندیی فاتمەی زەهرا تایبەت بە کچانە و زیاتر قوتابییەکانی ئاواییەکانی چۆڕ، نەنە و ئاواییەکانی سەر بە بەخشی خاو میراوای لەخۆ گرتووە.
پێشتریش قوتابخانەکانی شێخ شەڵتوت، ئەلزەهرا، مائێدە لە شاری سنە و هەروەها قوتابخانەی دەروێشان لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە داوای ١٥٠ هەتا ٣٠٠ هەزار تمەنیان لە هەر قوتابییەک کردبوو.