کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٠٠ کرێکاری ئیدارەی رێگەوبانی بویر ئەحمەد ٦ مانگە مووچەیان پێ نەدراوە

14:22 - 16 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: حەقدەستی ٦ مانگ و مووچەی ئیزافەکاریی ١١ مانگی ٢٠٠ کرێکاری ئیدارەی رێگەوبانی پارێزگای کەهگیلوویە و بویر ئەحمەد نەدراوە.
هەواڵدەریی کاری ئێران لە زاری جێگری رێگەوبانی پارێزگای کەهگیلوویە و بویر ئەحمەد بڵاوی کردووەتەوە، ئەو ئیدارەیە حەوت میلیارد ریاڵ کەمیی بوودجەی هەیە و بە هۆکاری نەدانی حەقدەستی ئەم ٢٠٠ کرێکارەشی لەقەڵەم داوە.
بێ‌کار بوون و نەدانی حەقدەستی کرێکاران لە ئێران و کوردستانی ئێران، بەرۆکی زۆربەی کرێکارانی گرتووەتەوە و ئەو تەنانەت ئەو کرێکارانەش کە هێشتا لە کار بێ‌کار نەبوون، توانای درێژەدان بە خوێندنیان نییە.
پێشتریش کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی دامەزراوە کرێکارییەکان بڵاوی کردبووە، حەقدەستی ٢٨ کرێکاری پیشە دەستییەکانی شاری سنە، کە هەرکامیان پێشینەی ٢٠ ساڵ کرێکارییان هەیە، نزیک بە حەوت مانگە نەداروە.
ئەم کرێکارانە چەندین جار ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە بەڵام هەتا ئێستا هیچ وەڵامێکی ئەوتۆیان وەرنەگرتووەتەوە.
پێشتر لەوەش ٩٠ کرێکاری کارخانەی ئێران پوویا، کە هەرکامیان ٨ هەتا ١٨ ساڵ پێشینەی کاریان هەبوو لەسەر کار دەرکردووە.
هەر لەو پێوەندییەدا ٣٥٠ کرێکاری کارخانەی پوویان غەربی کرماشان بەهۆی کەمیی بوودجە لەسەر کار دەرکراون و ماوەی زیاتر لە شەش مانگیشە حەقدەستی ١٥٠ کرێکاری ئەو کارخانەیە نەدراوە.
دواکەوتن و دەرکرانی کرێکاران و نەبوونی ئەمنیەتی کاری، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکارانی لێ کەوتووەتەوە و ئەو دیاردەیەش بەهۆی سزا ئابوورییەکانی وڵاتانی رۆژاوایی بۆسەر حکوومەتی ئێران و مڵ نەدانی ئەو حکوومەتە بە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، رۆژ لەدوای رۆژ لە پەرە سەندن دایە و رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران توانای تەرخان کردنی بوودجەی کارگە و کارخانەکان و هەروەها دابین کردنی مادەی خاوی سەرەکی نییە.
کرێکاران و زۆربەی هاووڵاتییانی کەم داهات، بەتایبەت لە کوردستانی رۆژهەڵات، بەهۆی بێ‌کاری و نەبوونی ئەمنیەتی کاری بەناچاری روویان لە وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت هەرێمی کوردستان کردووە.