کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردانی دانیشتووی ئوتریش رێپێوانێکیان بۆ پاڵپشتیی حکوومەتی هەرێم و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەڕێوەبرد

16:41 - 22 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: هاووڵاتییانی کورد لە خۆپیشاندانێکدا لە وڵاتی ئوتریش، هێرشە تیرۆرستییەکان گرووپی داعشیان مەحکووم و لە هەمان کاتدا پشتیوانیی خۆیان لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان راگەیاند.


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، کوردانی وڵاتی ئوتریش رۆژی شەممە ١٨ی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی، خۆپیشاندانێکیان بە نیشانەی پشتیوانی لە کوردانی هەرێمی کوردستانی باشوور و هێزی پێشمەرگە و هەروەها هاودەردی لەگەڵ کوردانی شنگال و کووبانی، بەڕێوەبرد.

خۆپیشاندەران داوایان لە سەرجەم حیزب و لایەنەکانی کوردستانیش کرد هەتا ناکۆکییەکانیان وەلا بنێن و بە گیانی برایەتی و تەبایی بەرەوڕووی ئەو دۆخە ببنەوە کە ئێستا هەرێمی کوردستان بەهۆی هێرشەکانی داعش بەرەوڕووی بۆتەوە و لە هەمان کاتیشدا کردەوە جینایەتکارانەکەی داعشیان مەحکووم کرد.

خۆپیشاندەران بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی \'\'ئەی رەقیب\'\' کۆتاییان بە گردبوونەوەکە هێنا.

لەو خۆپێشاندانەدا کۆمەڵیکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆمیتەی ئوتریش بەشدارییان کرد.