ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕ، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان بەبۆنەی ٣٣ـەمین ساڵیادی شەهیدکرانی دوکتور ''قاسملوو'' و هاوڕێیانی وێبینارێکی بەڕێوە برد.
وێبینارەکە لەسەر تەوەری '' نەتەوەسازیی دێموکراتیک و خەباتی نەتەوایەتی" بۆ دوکتور'' بێهرووز شوجاعی'' مامۆستای زانکۆ و ''جەماڵ فەتحی'' سکرتێری یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان لە ڕێگای تۆڕی کۆمەڵایەتی زۆم بەڕێوە چوو.
وێبنارەکە بە سروودی نەتەوایەتی ''ئەی ڕەقیب'' و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.
"جەماڵ فەتحی" لەسەر مژاری ''قاسملوو و خەباتی نەتەوایەتی'' ئاماژەی بە گرینگیی بەستێنی خەباتی شەهید دوکتور قاسملوو کە لە چوارچێوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دابووە، دا و هاوکاتیی ساڵی لە دایکبوونی لەگەڵ شەهیدبوونی سمکۆی مەزن، بوون بە ئەندام لە ڕێکخراوی یەکیەتیی لاوانی حیزبی دێموکرات لە تەمەنی سێزدە ساڵیدا و کاریگەریی هەل و مەرج دەبێتە هۆی دامەزرانی هزری نەتەوەیی و هەوڵ بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی.
ناوبراو ئاماژەی بە ڕۆڵی دوکتور ''قاسملوو'' لە دامەزراندنی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە دیاسپۆرا و ئوروپادا دا.
"فەتحی" لە قسەکانیدا ئاماژەی بە نامەکەی دوکتور ''قاسملوو'' بۆ ''کەریم حیسامی'' لەساڵی ١٩٦٠ کە تێیدا باسی لە ڕوانگەی توودە بەنیسبەت کێشەی نەتەوەیی دەکات و هەر لەو سەردەمەوە هێڵی فیکری لەگەڵ توودە لێک جیا دەبنەوە و لە کۆنفرانسی یەکەمی حیزب لە ساڵی ١٣٣٤ بە فەرمی لەباری تەشکیلاتیەوە لەگەڵ توودە تێک دەدرێ و دادەبڕێن.
هەروەها ناوبراو هەوڵی قاسملوو بۆ چەسپاندنی چەمکی دێموکراسی و کار لەو پێوەندییەدا و ڕۆڵی دوکتور قاسملووی بۆ ناساندنی کورد و کێشەکانی بە دنیای دەرەوە و هەروەها ڕۆڵ و هەوڵی بۆ نێوبژیوانی لە نێوان ڕێژیم بەغدا و حیزبەکانی کوردستانی باشوور بۆ چارەسەری پرسی نەتەوەیی کورد لەو پارچەیەدا و هەر لەو بڕگەدا باسی ڕوانگەی قاسملوو بەنیسبەت کۆی کوردستان لە هەموو پارچەکان و شێوازی خەبات بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی و نووسینی کتێبی ''کوردستان و کورد'' دەرخەری ڕوانگەی نەتەوایەتی قاسملوویە لە خەباتدا و پرسی سۆسیالیزمی خستوەتە دوای ڕزگاریی نەتەوایەتیەوە.
دواتر ''بێهروز شۆجاعی'' لە ڕێگەی پاوێرپۆینت بابەتەکەی دەست پێ کرد و تیئۆریی سەروەریی نەتەوەیی لە ڕوانگەکانی قاسملوو و چۆنیەتی دەستەبەرکردنی لە قاڵبی چەمکی چارەی خۆنووسین و پرسی دەوڵەت نەتەوە باس کرد.
لەم بڕگەدا هەوڵی شەهید قاسملوو بۆ بە ئاگایی گەیاندن و ئەرکدارکردنی تاکەکانی کۆمەڵگا کە خۆیان وەک ئەندامی کۆمەڵگا پێناسە بکەن نەک وەک هۆز و ناوچە و عەشیرە ،هەست بە چارەنووسی هاوبەشکردن لەگەڵ ئەندامانی نەتەوەکەیدا، هەروەک لە کتێبی کوردستان و کوردا ئاماژەی پێدراوە کە نەتەوە پێکهاتەیەکە کە ئەندامەکانی مێژوو و زمان و خاک و داب و نەریتی هاوبەشیان هەیە. کە بە پێچەوانەی مارکس و مارکسیستەکان زمان و خاک بە ڕوانگەیێکی ئامرازی باس ناکا و بەڵکوو وەک فاکتۆرێکی گرینگ و خاڵێکی سەرەکی بۆ پێناسەی نەتەوەی دیاری دەکات و ئەمە دەخەری جیاوازی قاسملوو و مارکسیستەکانە بۆ پرسی نەتەوەی و بەتایبەت هەوڵی نەتەوەسازی قاسملوو لە کتێبەکەیدا.
''بێهروزشوجاعی'' لە درێژەدا ئاماژەی بە ڕوانگەی قاسملوو بۆ پرسی کۆڵۆنیال و ئێستعمار لە کوردستان لەلایەن داگیرکەرانەوە دا و هەوڵی قاسملوو بۆ گەیشتن بە ڕزگاریی نەتەوەیی و هەروها کە لە کورتەباسدا بۆ پرسی چارەی خۆنووسین ئاماژەی پێداوە پێی وایە تا ئەو پرسە چارەسەر نەکرێ کێشەکانی تر وەک پرسی چینایەتی ناتوانی چارەسەر بکرێت و پرسی چارەسەری کۆڵۆنیال تەنیا بە سەروەری نەتەوەیی دەستەبەر دەکرێت.
لەم پێوەندیەش ئاماژەی بە قسەی لێنین دەکات کە وتویە "مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین واتە سەربەخۆیی سیاسی یانی پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی نەتەوەیی".
بەڵام ئەوەی قاسملوو هەوڵی گەیشتنی بۆ دەدا سەروەرییەکە لە دەرەوەی وڵاتە کۆڵۆنییەکان کە دەبێ سنوورەکانی دیاریکراو بێت لەگەڵ ئەوانی تر، بۆیە قاسملوو پرسی چارەسەری کێشەی کورد لە تێئۆری ئانتی کۆڵۆنیالدا دەبینی و لەو پێوەندییەدا خەبات دەکات و پرسی سۆسیالیزم و کێشەی چینایەتی دەخاتە دوای چارەسەری کێشەی کۆڵۆنیال و ڕزگاریی نەتەوەیی. بۆیە دەکرێ بڵێین قاسملوو ناسیوناڵیستێکی ئانتی کۆڵۆنیالە بۆ گەیشتن بە نەتەوە- دەوڵەت.
ناوبراو لە درێژەدا پەڕژایە سەر ڕاهێنانی گەل بۆ دێموکراسی و گرینگی و پراکتیکبوونی قاسملوو بۆ ڕاهێنان بەتایبەت لە ڕێزەکانی حیزبی دێموکراتدا، چون قاسملوو پێی وابووە کە ئەگەر تەنیا ناسیۆنایست بوون بکەینە پێناسە و ئامانج سەرکەوتن بەدەس نایێت و بۆیە دەبێ دێموکراسی ببێت تا سەروەری دەستەبەر ببێت.
دواتر هاوڕێیانی بەشداربوو پرسیار و بۆچوونەکانیان باس کرد کە لەلایەن جەماڵ فەتحی و دوکتور ''بێهروز شوجاعی'' وڵام درایەوە.