کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمتەرخەمی بەرپرسانی رێژیم لە جێبەجێ کردنی بەڵێنییەکانیان، خەڵکی ناوچەی \"سەوڵاوا\"ی وەزاڵە هێناوە

13:21 - 9 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: زیاتر لە سێ ساڵە، بەڵێنیی بەرپرسانی رێژیم لەمەڕ دەرهێنانی کارتی کار کردن لە سنوور بۆ سنوورنشینانی سەربە شارستانی سەوڵاوا، جێبەجێ نەکراوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئیدارەی فەرمانداریی شاری سەوڵاوا لە پارێزگای کوردستان، بە بیانووی دەرهێنانی کارتی کاسبی کردن لەسەر سنوورەکان، داوای بڕە پارەیەکیان لە هاووڵاتییان کردووە.
ئەمە لە کاتێک دایە کە ماوەی سێ ساڵە بەڵێنیی دەرهێنانی کارتی کار و کاسبی بۆ هاووڵاتییانی سەر سنوور لەلایەن فەرمانداریی شاری سەوڵاواوە دراوە، بەڵام هەتا ئێستا ئەو بەڵێنییە جێبەجێ نەکراوە.
هاووڵاتییەکی خەڵکی سەوڵاوا کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای رایگەیاند: ئەمجارە بۆ دانی کارتی کاسبی لەسەر سنوور ١٠ هەزار تمەنیان لە هەر نەفەرێک وەرگرتووە، هەتا پێش بە ئەگەری هەرچەشنە ناڕەزایەتییەک بگرن، چونکە بۆ خۆشیان دەزانن کە لەو سێ ساڵەدا نەک کارتیان بۆ هاووڵاتییان دەرنەهێناوە، بەڵکوو پێشیان بە کاسبی هاووڵاتییانی سەر سنووریش گرتووە.
چەند رۆژ لەمەوبەریش کرێکاران و پیلەوەرانی سەر سنووری مەریوان بەهۆی کەمتر خەمی لێپرسراوان لەمەر حەقدەستەکانیان، مانگرتنیان راگەیاندبوو و وتبوویان هەتا ئەو کاتەی کە داخوازییەکانیان وەدی نەیەت، درێژە بەو حەرەکەتە دەدەن.

پاش ئەم نارەزایەتییەی کرێکاران، فەرمانداری، بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعات و سپای پاسداران و ئیدارەی گومرگی مەریوان، چووبوونە شوێنی مانگرتنەکە و وێڕای ئەوەی کە هیچ وەڵامێکیان بە کرێکاران نەدابووە، دابوویانە بەر لێدان و کوتان.