کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمیی دەوا و دەرمان لە ئێران، قەیرانی تەندروستیی دروست کردووە

18:41 - 20 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: بازاری رەشی دەوا و دەرمان لە ئێران بە توندی روو لە گەشەیە و پاش ١٠ ساڵ خەڵکی ئەو وڵاتە بۆ رزگار کردنی گیانی نەخۆشەکانیان روویان لەو بازارە کردووە.
ئاسۆشەیتێد پرێس بڵاوی کردەوە، گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان لەدژی نەوت و بانکی ناوەندیی رێژیمی ئێران، دەرەتانی دابین کردنی بوودجەی بۆ کڕینی دەوا و دەرمان دژوار کردووە و رێژیمی ئێرانیش ئەرزی پێویستی هاوردە کردنی دەوا و دەرمانی پاشەکەوت، یان بۆ شتی دیکە خەرج کردووە.
ئەم سەرچاوە بڵاویشی کردەوە، قات و قڕی و پێکهاتنی بازاری رەشی دەوا و دەرمان، نرخی دەرمانی لە ئێراندا بە شێوەیەکی بێ‌پێشینە بەرز کردووەتەوە و زۆربەی نەخۆشەکانیش لە چارەسەریی پزیشکی بێ‌بەش کراون.
دابەزینی نرخی ریاڵ لە چەند مانگی رابردوودا، نرخی دەوا و دەرمان و کەرەسە پزیشکییەکانی ١٠ هێندە زیاتر کردووە.
دوو بەرابەر بوونی نرخی دەوا و دەرمان لە نەخۆشخانە تایبەتییەکانیش لەم چەند مانگەی دواییدا، نەخۆشخانە دەوڵەتییەکانی چەند قات قەرەباڵغ کردووەتەوە.
پزیشکێکی ئێرانی لەم پێوەندییەدا راگەیاندووە، لە هەندێ نەخۆشخانەدا تەنانەت سرۆمی پێویست بۆ ئەو نەخۆشانە کە تووشی کەم ئاوی بوون، نییە.
لەلایەکی دیکەشە لە ژمارەیەک لە دەرمانخانەکانی ئێراندا شیری وشک بۆ منداڵان نییە و وەزارەتخانەی تەندروستیی ئێران تەنیا توانای دابین کردنی لەسەدا ٢٥ی بوودجەی نەخۆشخانە دەوڵەتییەکانی هەیە.