کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپێکی سیخوڕی ئێرانی، لە نیجریە دەسبەسەر کرا

15:27 - 3 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: سێ کەس بە تاوانی سیخوڕی بۆ ئێران و هەوڵدان بۆ کوشتنی دوو رێبەری نیزامی و مەزهەبیی نیجریە دەسبەسەر کران.


لێپرسراوانی ئەمنیەتیی نیجریە رایانگەیاندووە، رێبەری ئەم گرووپە سیخوڕییە کە ناوی عەبدوڵڵا موستەفا برێندـە، ساڵی ٢٠٠٦ی زایینی سەردانی ئێرانی کردووە و لە زانستەگەیەکی ئەو وڵاتە خوێندوویەتی.
بەرپرسی ئەم گرووپە تیرۆریستییە، رێبەریی گرووپێکی شیعەی لە شاری لیرۆیین لە باشووری رۆژاوای نیجریەدا کردووە.
وتەبێژی رێکخراوی ئاسایشی نێوخۆیی نیجریە بە هەواڵنێرانی وتووە: عەبدوڵڵا موستەفا برێند لە شوێنە ئەمنیەتییەکان وێنەی هەڵگرتووە و رەوانە بەڕێوەبەری تایبەتیی خۆی کردووە.
ئەم سیخوڕانە هەروەها بە چاودێری بیناکانی ئاشتی و ناوەندی فریاکەوتنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە نیجریە تاوانبار کراون.
هەتا ئێستا ریژیمی ئیسلامیی ئیران هیچ پەرچە کردارێکی لەهەمبەر ئەم مەسەلەیە نیشان نەداوە.
بەوتەی لێپرسراوانی ئەمنیەتیی نیجریە ئەم گرووپە سێ کەسییە پێش ئەنجام دانی هەر کردەوەیەکی تیرۆریستی، دەسبەسەر کراون.
پێشتریش باری چەکوچۆڵ و تەقەمەنی لە رێگای ئاوەکانی یەمەنەوە دۆزرابوونەوە و لەو پێوەندییەشدا رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هوشداریی خۆی لەمەڕ ناردنی چەکوچۆڵی ئێران بۆ وڵاتانی ئیریترە و سوومالی دابوو.
لەم ئاگادارییەدا هاتبوو، ئێران چەکوچۆڵ و تەقەمەنی لە رێگەی یەمەنەوە رەوانەی سوومالی کردووە.
ئەمە لە کاتێک دایە پێشتریش گەشتە دەریایی‌یەکانی یەمەن بە هاوکاریی هێزەکانی ئەمریکا، کەشتییەکی هەڵگری چەکوچۆڵی نیزامییان لە ئاوەکانی یەمەن راگرتبوو.
رێژیمی ئێران بەردەوام ئەم تاوانانەی رەت کردووەتەوە.