کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشار بۆسەر مامۆستایانی ئێران، رووی لە زیاد بوون دایە

19:13 - 19 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: دواکەوتنی حەقدەست، نالەباریی بارودۆخی ژیانی رۆژانە و دابەزینی جێگە و پێگەی مامۆستایان، گرفت گەلێکن کە بەرۆکی ئەو توێژە فەرهەنگییەی کۆمەڵگای ئێرانی گرتووەتەوە.


دواکەوتنی مووچە و حەقدەستی مانگانە و زیادەکاریی مامۆستایان لە کاتێک دایە کە پێوانەکانی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان بۆ دانی حەقدەستی زیادەکاری بە خێرایی ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت و مانگانە زیان‌گەلێکی ئابووری بەرچاو بەو هۆیەوە تووشی مامۆستایان دەبێت.
گران بوونی نرخی شتومەک لە ئێراندا و نەگۆڕی و دواکەوتنی حەقدەستی پایەی توێژی مامۆستا، باری ئابووریی خەرجی مامۆستایانی تێک داوە و کارناسان بارودۆخی هەنووکەیی ئەو توێژە فەرهەنگییەی کۆمەڵگا بە شەرمەزاو وەسف دەکەن.
کارمەندان و بەتایبەت مامۆستایان ماوەی زیاتر لە ١٠ مانگ و لە هەندێ شوێنیشدا ٨ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و ئەمەش باری ژیانی مامۆستانی تێک داوە.
مامۆستایان بەهۆی کەمیی داهات و حەقدەستەکەیان بەناچاری روو لە پیشەگەلێک دەکەن کە شیاوی جێگە و پێگەی مرۆیی ئەو توێژەی کۆمەڵگا نییە و سەرەڕای دابەزینی ئاستی رێز و حورمەتی تایبەتی مامۆستایان لە نێو کۆمەڵگادا، دەبێتە هۆی ئەوەی کە پیشەی سەرەکیی خۆیان کە پەروەردەی فیکری و هزری قوتابییانە لە بیر بکەن.
ئەندامێکی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایان وتوویەتی: کارمەندانی پەروەردە و بارهێنان لەباری ماڵییەوە لەمپەری جۆراوجۆریان بۆ دروست بووە و زیاتر لەسەدا ٨٠ی بەهۆی پێوەندیی سۆزداریی بەرپرسانی قوتابخانەکان و مامۆستایان، کارەکانی خۆیان رادەپەڕێنن.
کێشەی هاتوچۆ بۆسەر پۆلەکان و دانی کرێ زۆر کێشیەکی دیکەی چارەسە نەکراوی مامۆستایان لە ئێران دایە و لە هەندێ شوێندا مامۆستایان بەشێک لە حەقدەستی خۆیان سەرفی کرێی هاتوچۆ دەکەن.