کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی ٢٥ ساڵەی کارەساتی کیمیایی بارانی هەڵەبجە لە لینشۆپینگی وڵاتی سوێد بەرز راگیرا

20:01 - 27 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: کۆمەڵەی کولتووریی کورد لە شاری لینشۆپینگ لە وڵاتی سوێد، بەبۆنەی ٢٥ـەمین ساڵیادی کیمیایی بارانی شاری هەڵەبجە رێوڕەسمێکی بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٢٦ی رەشەمە، ئەو رێوڕەسمە بە راگرتنی خولەکیک بێ‌دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و کوردستان دەستی پێ کرد.
پاشان کورتە شانۆیەک سەبارەت بە کارەساتی هەڵەبجە لەلایەن یاسین ئەلیاسی و نەسرین کوردییەوە نمایش کرا و لە بەشێکی دیکەشدا ئاسۆ پەخشانێکی بەوبۆنەوە خوێندەوە.
برایم شەم، لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا باسێکی لەسەر کارەساتی کیمایی بارانی هەڵەبجە و سیاسەتی قڕ کردنی کورد لەلایەن رێژیمی بەعسی عێراقەوە لە کوشتاری خەڵکی شاری سەردەشت پێشکەش کرد.
پاشان پەیامی هاوبەشی کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە لینشۆپینگی بەبۆنەی ٢٥ـەمین ساڵـڕۆژی کیمیایی بارانی هەڵەبجە لەلایەن حەبیب ئەلیاسی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبەوە خوێندرایەوە.

4081.jpg


دواتر پارچە شێعرێک لەلایەن جەلال خوشکەلامـەوە خویندرایەوە و دوابە دوای ئەوەش پەیامی کەرتی رێکخستنی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەن رێژنە محەممەدـەوە خوێندرایەوە.
کەسایەتیی عومەر خاوەر تەوەری باسێک بوو کەلە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا لەلایەن محەممەد رەسووڵ کەریمییەوە باسی لێوە کرا.
شێعرێکی دیکە لەبارەی کارەساتی کیمیایی بارانی هەڵەبجە دوایین بەشی ئەو رێوڕەسمە بوو، کە لەلایەن هوشیار تۆڤییەوە پێشکەش کرا.