کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسراییل: نابێ تەحریمەکان لە دژی ئێران کەم بکرێنەوە

15:55 - 24 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: دەوڵەتی ئیسراییل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیەنادووە، تەحریمەکان لەدژی ئێران کاریگەر بووە ئەو تەحریمانە نابێ کەم بکرێنەوە.
هاوکات بە دەسپێکی خولی دووهەمی دانووستانەکانی گرووپی ٥ + ١ لە ژنێڤ، دەوڵەتی ئیسراییل بەیاننامەیەکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە: گەمارۆکان لەدژی رێژیمی ئێران ئامانجەکانی پێکاوە و ئەو تەحریمانە نابێ کەم بکرێنەوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە، سازانی زلهێزەکانی جیهان لەگەڵ رێژیمی ئێران نابێ چوارچێوەدار و لاوەکی بێت و هەروەها بنیامین نەتانیاهوو، وتوویەتی: پاشەکشە لە گەمارۆکانی دژی رێژیمی ئێران هەڵەیەکی مێژووییە.
لە کۆتایی رۆژی یەکەمی دانووستانەکانی رێژیمی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ٥ + ١ ، بەرپرسانی رێژیمی ئێران کۆمەڵێک رێکاریان لەمەڕ چارەسەر کردنی کێشەی ناوکیی ئێران لە ماوەی یەک ساڵی داهاتوودا پێشنیار کردووە، بەڵام شرۆڤەکاران پاش کۆتایی رۆژی یەکەمی دانووستانەکان وتوویانە: لەوانەیە پێشنیارەکان رەت بکرێنەوە.
دەیڤید ئالبێرت بەرپرسی دامەزراوەی زانستی و تەناهیی نێودەوڵەتی لەو پێونەدییەدا گوتوویەتی: ئەگەر رێژیمی ئێران لە هەوڵی ئەوە دایە یەک ساڵی دیکە ئەو پرسە چارەسەر بکات، دەبێ چاوەڕێی گەمارۆی زێدەتر و هێرشی نیزامیی ئیسراییلیش بێت.
بەگوێرەی پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکە ناوکییەکان، رێژیمی ئێران دەبێ ئیزنی پشکینی دامەزراوە ناوکییەکانی بە پشکێنەران بدات، بەڵام هەتا ئێستا رێژیمی ئێران ئیزنی بە پشکێنەرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دامەزراوە نهێنییەکانی خۆی نەداوە.