کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران رۆژی دامەزراندنی رێکخراوەکەی راگەیاند

19:27 - 24 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: یەکیەتیی لاوانی دێمۆکرات لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ کۆمەلێک کەسایەتیی تێکۆشەر و نەتەوەیی رۆژی دامەزرانی خۆی راگەیاند.


بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٢٣‌ی رێبەندان یەکیەتیی لاوان کۆبوونەوەیەکی بۆ بەڕێزان حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکرات، پرۆفسۆر دوکتور عێزەدین مستەفا رەسووڵ، مومتاز حەیدەری، سەید عەلی رەحمانی و جەلیل گادانی کەسایەتییەکانی تێکۆشەری نەتەوەی کورد، تاهیر مەحموودی و دارا ناتق ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆکرات و لوقمان عەبدوڵڵازادە ئامادەکاری مێژووی رێکخراوی لاوانی رێکخست.
لەو کۆبوونەوەیەدا رۆژی ٣٠ رێبەندانی ساڵی ١٣٢٤‌ی هەتاوی بەرانبەر بە ١٩ی فێورییەی ١٩٤٦ی زایینی، وەک رۆژی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران دیاری کرا.
هەر لەو پێوەندییەدا یەکیەتی لاوان راگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە کە نوسخەیەکی بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە.
دەقی راگەیەنراوەکە بەم چەشنەیە:


هاونیشتمانە بەڕێزەکان
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان
ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتیی لاوان

بە ئاگاداری هەموو لایەک رادەگەیەنین کە بە مەبەستی جێبەجێ کردنی بڕیاری کۆنگرەی ٦ی یەکیەتیی لاوان و راسپاردەکانی ٧مین کۆبوونەوەی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتیی یەکیەتیی لاوان، پاش دانانی لێژنەیەکی تایبەت سەبارەت بە دیاری کردنی رۆژی دامەزرانی یەکیەتیی لاوان و لە هەمان کاتدا، راوێژ و پرس و را بە پسپۆڕانی بواری مێژوو و ئەدیبان و نووسەران و کەسایەتییەکانی نەتەوەکەمان بەو دەرئەنجامە گەیشتین کە بە شێوەی سەمبۆلیک رۆژی ٣٠ی رێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی وەک رۆژی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران دیاری بکرێت ئەوەش لەو رەهەندانەوە سەرچاوە دەگرێت کە:

ــ یەکیەتیی لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بەرهەمی کۆماری دێمۆکراتیکی کوردستانە کەواتە بەو پێیە دوای ٢ی رێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی دامەزراوە.

ــ گۆڤاری هاواری نیشتمان وەک زمانحاڵی یەکیەتیی لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران یەکەمین ژمارەی لە ١ی خاکەلێوەی ١٣٢٥ی هەتاوی دەرچووە.
بەو پێیە ناکرێت چەند رۆژ دوای ٢ی رێبەندان یەکیەتیی لاوان دامەزرابێت و لە لایەکی دیکەشەوە، ئورگانی زمانحاڵی رێکخراوەکە کە گۆڤاری هاواری نیشتمانـە کەلە ١ی خاکەلێوە دەرچووە ماوەیەک بۆ ئامادە کردن و چاپ و بڵاو کردنەوەی پێویست بووە، لەو نێوانەدا یەکیەتیی لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ٣٠ی رێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی وەک رۆژی دامەزرانی رادەگەیەنێت لە سەرجەم خەڵکی کوردستان و ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتیی لاوان داواکارە هەموو ساڵێک لەو رۆژەدا ئەو یادە پیرۆز و مەزنە بە بەڕێوە بردنی جێژن و رێوڕەسمی تایبەت بەرز رابگرن.
یەکیەتیی لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران
هەیئەتی ئیجرایی
٢٣‌ی رێبەندانی ١٣٩١