کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا گەمارۆی ئابووریی زیاتر بۆسەر رێژیمی ئێران تاوتوێ‌دەکات

15:49 - 16 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: لێپرسراوانی ئەمریکا رایانگەیاندووە، ئەندامانی یەکیەتیی ئورووپا بڕیارە رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٧‌ی رەشەمە لەمەڕ گەمارۆی زیاتر بۆ سەر ئێران، کۆببنەوە.
ئەو گەمارۆ نوێیانە خۆیان لە تەحریمی زیاتر سیستمی ماڵی (بانکی ناوەندی) ئێراندا دەبیننەوە و یەکێک لە دیپلۆماتکارەکانی یەکیەتیی ئورووپا وتوویەتی: ئەو گەمارۆیانە بانکی ناوەندی ئێران زیاتر دەخاتە پەراوێزەوە.
کۆبوونەوەی ئەندامانی یەکیەتیی لە حاڵێک دایە کە مانگی پێشوو کۆنگرەی ئەمریکا لە نامەیەکدا داوای لە یەکیەتیی ئورووپا کردبوو کە پێویستە بانکی ناوەندیی ئێران کە پێوەندیی بە بەرنامەی ناوکیی ئەو وڵاتەوە هەیە، گەمارۆی زیاتری بخرێتە سەر.
چەند رۆژ لەمەوبەر رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ گرووپی پێنج زێدە یەک ،لە ئاڵماتیی وڵاتی قەزاقستان لەمەڕ بەرنامەی ناوکیی ئەو وڵاتە دانیشتنیان هەبوو.

نوێنەرانی یەکیەتیی ئورووپا دوای ئەو دانیشتنە رایانگەیاندبوو، بە هیچ شێوەیەک گەمارۆکانی سەر ئێران کەم ناکرێتەوە و داوای داخستنی بنکەی ئەتۆمیی فێردۆیان لە ئێران کردبوو.
هەر لەو پێوەندییەدا سەعید جەلیلی دەبیری شۆرای باڵای ئەمنیەتی میللیی ئێران وتبووی: بنکەی ئەتۆمیی فێردۆ سەرقاڵی چالاکییە و ئێمە ناتوانین ئەو چالاکییانە رابگرین.