کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ژنانی دێمۆکرات بە بۆنەی ٨‌ی مارس سیمینارێکیان بەڕێوە برد

20:27 - 17 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، سیمینارێکیان بۆ بەڕێز موعتەسەم نوورانی چالاکی سیاسی پێک‌هێنا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرەتای سیمینارەکە بە راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی ژنانی شەهیدی رێگای رزگاری دەستی پێ کرد.
بەڕێز نوورانی بابەتی سیمینارەکەی لەژێر ناوی رۆڵی ژن و کاریگەرییان لە کۆمەڵگادا پێشکەش کرد.
نوورانی وتی: لەو کاتەوە کە مرۆڤ هەبووە خەباتیش بۆ نەهێشتنی توندوتیژی و زوڵم و زۆری هەبووە و زیاتریش خەباتی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رێنسانس و ئەو خەباتە وای لێ هات کە سەرجەم جیهان بگرێتەوە و وتیشی، ئەو گشتگیرییە پێوەندیی بە رۆڵی ژنانەوە هەبوو.
کۆڕگێڕ باسی لە ژنانی ئێران چ پێش دەسەڵاتداریەتی رێژیمی ئێران و چ دوای گرتنە دەستی دەسەڵاتیش کرد و وتی: هەر لە سەردەمی مەشرووتەوە هەتا ئێستا شیعەکان دژی بەشداریی ژنان لە پڕۆسەی سیاسیدا بوون.
بەڕێز نوورانی لەو باوەڕە دابوو، دوای هاتنە سەرکاری رێژیمی ئێران ئەو مافە کەمانەی کە ژنان توانیبوویان پێشتر بە دەستی بێنێن لێی ئەستاندنەوە و لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە رۆڵی حیزبی دێمۆکرات لە پێوەندیی مەیدان دان بە ژنان و هێنانی بۆ ناو شۆڕش و خەباتدا کرد.
موعتەسەم نوورانی ئەوەشی خستە روو حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە کۆنگرەی ١٥هەمیدا زۆر بە راشکاوانە رەخنەی لە خۆی گرت و رایگەیاند، کە رێژەی بەشداریی ژنان لە گۆڕەپانی سیاسیدا زۆر کەمە و پێویستە ژنان پۆست و بەرپرسایەتیی زیاتریان پێ‌بدرێت.
دواتریش یەکیەتیی ژنان لقی کۆیه بە بۆنەی ٨ی مارس رۆژی جیهانیی ژنان چەپکە گوڵی رێز لێنانیان بەسەر بەشدارانی سیمینارەکەدا دابەش کرد.
بڕگەیەکی دیکەی سیمینارەکەش بۆ را و تێبینی بەشداران تەرخان کرابوو.