کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران بڕی ٢٠٠ میلیۆن دۆلار یارمەتیی رێژیمی سووریەی داوە

19:36 - 12 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهی یەکێک لە لێپرسراوانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بڕی ٢٠٠ میلیۆن دۆلار یارمەتی لەلایەن ئێرانەوە بە رێژیمی سووریە گەیشتووە.
رۆژنامەی جامی جەم بڵاوی کردەوە، رێژیمی تاران ئەو یارمەتییەی لەژێر ناوی یارمەتییە بەشەر دۆستانەکان بە رێژیمی سووریە داوە.
ئەمە لەحاڵێک دایە کە هەتا ئێستا بە بەردەوامی ئەنجومەنی نیشتمانی سووریە، ئەرتشی ئازاد و بەشێک لە هاووڵاتییانی سووریە رایانگەیاندووە، رێژیمی ئێران دەستێوەردانی کاروباری ناوخۆیی سووریە دەکات و هەتا ئێستا بۆ چەندین جار مەشقی نیزامییی بە هێزەکانی ئەرتشی رێژیمی بەشار ئەسەد بە مەبەستی سەرکوتی ناڕازییان کردووە.
هەر لەو پێوەندییەدا چەندین کەشتیی ئێرانی کە هەڵگری چەک و تەقەمەنی بۆ هێزەکانی رێژیمی سووریە بوون لەلایەن وڵاتانی دراوسێەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە بەردەوامی پشتیوانی لە رێژیمی بەشار ئەسەد کردووە و شارەزایانی سیاسی لەو باوەڕە دان رێژیمی ئێران مانەوەی خۆی لە مانەوەی بەشارئەسەددا دەبێنێت.
رێژیمی تاران پێشتریش هێندێ ناوەندی دەوڵەتیی لە سووریە کە خەساریان وەبەر کەوتبوو، نۆژەن کردۆتەوە.