کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران هاوردەی ئەو شتومەکانە کە هێمای ڤالنتاینی لێ دراوە، قەدەغە کرد

19:28 - 8 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: گومرگی ئێران بە دەرکردنی یاسایەک، هاوردەی ئەو شتومەکانە کە هێمای پێوەندیدار بە فەرهەنگی ڤالنتاینییان پێوە دراوە، قەدەغە کرد.
هەواڵدەریی ئیسنا بڵاوی کردەوە، رێکەوتی ٧ی رێبەندان، بەڕێوەبەری ناوەندی هاوردە کردن و کاروباری ناوچە ئازادەکانی تایبەت بە گومرگی ئێران لە یاسایەکی نوێدا رایگەیاندووە، لە هێنان و هاوردە کردنی ئەو شتومەکانە کە نیشانەی ڤالنتاین رۆژی جیهانیی عاشقانی لێ دراوە، خۆ ببووێرن.
ئەم یاسایە هاوردەی ئەو شتومەکانەی، بە برەو پێدان بە فەرهەنگ و رۆژی ڤالنتاین لە ئێراندا لە قەڵەم داوە و بە هەڕەشەیەکی فەرهەنگی بۆ سەر ئیسلام ناوی بردووە.
رۆژی ڤالنتاین، یان رۆژی عاشقان لە فەرهەنگی مەسیحییەتدا بە رۆژی دەربڕینی خۆشەویستی ناودێر کراوە و ئەم بۆنەیە هەموو ساڵێک لە رێكەوتی ٢٥ی رێبەندان بەرز را دەگیرێت.
پێشینەی مێژوویی رۆژی ڤالنتاین لە داب و نەریتی روومییەکان و مەسیحییەکان وەرگیراوە و بە شانازیی ڤالنتاین لە کلیسای کاتۆلیکەکان بەڕیوە دەچێت.
ماوەی چەند ساڵە لێپرسراوانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران ئەم رۆژە وەکوو رۆژێکی نەشیاو ناو دەبەن و پێش بە پەرە سەندنی ئەو رۆژە دەگرن.