ئا: دیاکۆ دانا
موزەفەر سەکانوەند زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی شارۆچکەی شووت سەر بە شاری ماکۆیە کە لە گۆشەی زیندانبەزێنەکانی ئێمە"ی ئەم ژمارەیەی "کوردستان"دا باسی دەکەین.
موزەفەر ڕۆژی ٣ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩١ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنییەتی لەدژی ڕێژیم دەستبەسەر کرا. ئەو پاش مانگێک مانەوە لە یەکێک لە گرتنگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ماکۆ و ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ بەو تۆمەتانەی درابوونە پاڵی، بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە گوازرایەوە. پەروەندەی موزەفەر پاشان لەلایەن دادئەستێنی گشتی و دادگای شۆڕشی شووتەوە بۆ دادگای شۆڕشی شاری خۆی نێردرا.
لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری خۆی ڕۆژی ٣ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٢ "موزەفەر سەکانوەند لەکرانی"ـی لەگەڵ دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی جەماڵ ئەخترشەمس و ڕەزا نەسروڵڵازادەی بە تۆمەتی "موحاربە" و "ئەنجامدانی فەساد لە سەر عەرز" بەهۆی هاوکاریکردنیان لەگەڵ هێزێکی کوردیی دژبەری ڕێژیم دادگایی کرد. دادگای شۆڕشی شاری خۆی کە بە پشتبەستن بە ماددەکانی ١٨٦ و ٦١٠ یاسای سزادانی ئیسلامی ئەو تۆمەتانەی بەسەر ئەو بەندکراوە کوردەدا ساغ کردبۆوە، دواجار هەرکام لە موزەفەر سەکانوەند و جەماڵ ئەخترشەمسی بە ٢٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ شاری بورزجان لە پارێزگای بووشێهر مەحکووم کرد.
حوکمە سەرەتایی دادگای شۆڕشی شاری خۆی لەدژی موزەفەر لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێشدا پێداگریی لەسەر کراوەیە و لەسەر داوا و تانەلێدانی ناوبراو بۆ دیوانی بەرزی وڵات بەرز کرایەوە. بەڵام ڕۆژی ١٠ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٣ ئەو حوکمە دەقاودەق لەلایەن لقی ١٤ی دیوانی بەرزی وڵاتەوە پەسەند کرایەوە و موزەفەر بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی بۆ زیندانی ناوەندی شاری بورازجان دوور خرایەوە.
موزەفەر سکانوەند وەک هەر زیندانییەکی سیاسیی دیکەی کورد لە زۆربەی مافە بنەڕەتییەکانی بێبەشە. بنەماڵەکەی دەڵێن تەنانەت پێچەوانەی حوکمی دادگا بەڵام بەهۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان هەتا ئێستا لە مافی چاوپێکەوتن و ناردنی بۆ مەرەخسی بێبەش کراوە. بەپێی زانیارییەکانی "ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان" خاڵێکی دیکەی جێی سەرنج لە پەروەندەی موزەفەردا ئەوەیە کە سەرەتا دادگا ئەوی بە تاوانبار نەزانیوە و پارێزەری پێشووی سەری سووڕ دەمێنێ کاتێک دواجار دادگا ئەو بڕیارەی لەسەر دەدا. پارێزەری پێشووی موزەفەر ڕای وایە حوکمدانی موزەفەر و دوورخستنەوەی و پاشان بێبەشکردنی لە مافی چاوپێکەوتن و مەرەخەسی لەسەر داوا و گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان بووە.
خاڵێکی دیکە لە پەروەندەی موزەفەردا ئەوەیە کە بەپێی ماددەی ١٨٩ی یاسای سزادانی ئیسلامی دانەپاڵی تۆمەتی موحاربە نابێ لەژێر ئەشکەنجەدانی تۆمەتبار و ناچارکردنی بە دانپێدانانی زۆرەملی بێ. لە کاتێکدا موزەفەر لە دادگا و لە بەردەم دادوەردا ڕایگەیاندوە کە لەژێر ئەشکەنجەی قورسدا ناچار بە داننانی زۆرەملێ بە تاوانی نەکردوو کراوە.
دوو ساڵ لەوەپێش دوای تەشەنەسەندنی پەتای کۆڕۆنا لەنێو زیندانەکاندا لە موزەفەر سەکانوەند لەگەڵ ڕێبوار مەلازادە، زیندانییەکی سیاسیی دیکەی کورد لە پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٩دا کۆڕۆنا گرت، بەڵام بەرپرسانی زیندان سەرەڕای دۆخی نالەباری تەندروستیی ئەو دوو بەندکراوە سیاسییە بە بیانووی ئەمنییەتیبوونی پەروەندەکانیان ڕێگری لە ناردنیان بۆ نەخۆشخانە کرا.
کارناسانی ماف و پارێزەران بە پشتبەستن بە یاسا نێونەتەوەیی و جیهانداگرەکان دەڵێن کە مافی زیندانی لە دوو ڕووی مادی و مەعنەوییەوە دەبێ سەرنجی بدرێتێ. لایەنی مادی پێوەندیی بە ژیانی کەسی زیندانییەوە هەیە وەک دەستڕاگەیشتن بە خواردن و خواردنەوەی سڵامەت، هەبوونی جێوڕێی گونجاو بە ڕەچاوکردنی پاکوخاوێنی، دەستڕاگەیشتنی بە خزمەتە پزشکی و دەرمانییەکان؛ بەم جۆرەی کە زیندانی لە ماوەی کێشانی سزاکەیدا سڵامەتی و لەشساغیی لە زیندان پارێزراو بێ. لایەنی مەعنەویی زیندانییش کە پێویستە لەگەڵ پێوانە نێودەوڵەتییەکان بگونجێ، بریتییە لە دەستڕاگەیشتنی زیندانی بە بنەماڵەکەی و ڕاگرتنی پێوەندییەکانی لە ڕێگەی تەلەفوون، چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆ، ناردنی نامە و نووسراوە و هتد. بەڵام وەک دەبینین ئەو مافانە نەک هەر لە موزەفەر، سەکانوەند، بەڵکوو لە زۆربەی نیزیک بە تەواوی بەندکراوانی سیاسیی کورد زەوت کراوە.
لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامییدا بە گشتی ئەگەر زیندانی وەک مرۆڤێکی خاوەن ماف سەیر ناکرێ، بەڵام زیندانیی سیاسی وەک مەترسییەک بۆ سەر ڕێژیم و دەسەڵاتەکەی دەبیندرێ و لەنێو زیندانییانی سیاسییشدا ئەوە زیندانیی سیاسیی کوردە کە بەهۆی کوردبوون و سیاسەتی دوژمنکارانەی ڕێژیمەوە تێچوویەکی قورس دەدا و قوربانیی زۆرترین هەڵاواردن و تێچووەکانی چالاکیی سیاسییە. لەگەڵ ئەوەشدا کە شتێک بە ناوی دادپەروەری لە نێوەرۆکی ئەو نیزامەدا نییە، چونکە لە بنەڕەتدا ئەو نیزامە باوەڕی بە مافەکانی مرۆڤ نییە و لە ڕوانگەی ئەو نیزامەوە مرۆڤی باش ئەو کەسەیە کە ملکەچی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بێ.
گوشاری زیندان و بێبەشییەکانی موزەفەر سەکانوەند لە مافەکانی لە حاڵێکدایە کە لە ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٧دا زێنەب سکانوەند، خوشکی موزەفەر بە تاوانی کوشتنی مێردەکەی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لەدار درا. ئەم ڕووداوە کاریگەریی ڕوحیی زۆر خراپی لەسەر موزەفەر داناوە. زێنەب لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بەزۆر دراوە بە شوو و لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا بەهۆی توندوتیژیی جەستەیی و دەروونیی لە ڕادەبەدەری مێردەکەی دەیکوژێ. لەداردانی زێنەب سکانوەند کە قوربانیی توندوتیژیی خێزان و سیاسەتە ئیدئۆژیکییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەشوودانی کچان لە تەمەنی منداڵییە بەبێ هیچ پشتیوانییەکی، خۆی تاوانێکی دیکەی کۆماری ئیسلامییە کە منداڵێکی خوار تەمەن ١٨ ساڵ پێچەوانەی هەموو ڕێوشوێنە نێودەوڵەتییەکان لەدار دەدات.