کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: لە هەر شوێنێک ‌هێرشمان بکرێتە سەر، بەرگری لە خۆمان دەکەین

16:04 - 16 خەرمانان 2722

(دەقی قسەکانی کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پرێس‌کۆنفڕانسی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات‌دا)

بەخێرهاتنی میدیاکاران و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەم.

ڕۆژی ڕابردوو بەڵگەنامەیەکی مێژوویی لە مێژووی حیزبی دێموکرات و لە مێژووی خەبات و تێکۆشانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ئیمزا کرا. ئەو ڕێککەوتن و بەڵگەنامەیە لەنێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستاندا بوو کە لەلایەن هەردووک لاوە ئیمزا کرا و لە دوێنێ‌ڕا لەمەو بەدوا هەمووی دێموکراتەکان بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کار دەکەن.

گرینگیی بەڵگەنامەکە لەوەدایە کە لە کاتێکدا ئیمزا کراوە کە لێک‌دابڕان و لێک‌دووری و نەبوونی یەکڕیزی بەداخەوە تا ڕادەیەکی زۆر باڵی بەسەر لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا کێشاوە. بۆیە گرینگە چونکی ئێران لە هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکاندا ڕۆژانە بە شێوازی جۆراوجۆر دێتە نێو باس و ئەوە کە چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ ئێراندا بکرێ و لەو پێوەندییەدا فاکتەری حیزبی دێموکرات وەک ئەکتەرێکی سەرەکیی شانۆی سیاسی گرینگیی خۆی هەیە و ئەو یەکگرتنەوەیە هیندەی دیکە ئەو پێگەیە بەرچاوتر دەکا.

ئەو ڕووداوە بۆیە گرینگە، چونکی پەیامێکی زۆر ڕوون و ڕاشکاوانە دەدا بە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئێران، ئەو جێیەی کە حیزبی دێموکراتی لێ دروست کرا و، پێیان دەڵێ ئەو لێک‌دابڕان و ترازانە شوێنی لەسەر خەبات و تێکۆشانی ئێمە دانەنا و ئێمە پەیامی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەک و دۆستانی حیزبی دێموکرات لە هەموو پارچەکانی کوردستان بەتایبەت لە باشووری کوردستانمان وەرگرت و هەوڵمان دا ئەو ئەرکە بەجێ بگەیەنین و حیزبی دێموکرات یەک بگرێتەوە. لە هەمان کاتیشدا ئەو سەنەدە پەیامێکی باشە بۆ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ئێرانی کە وەک چۆن ئێمە دوو حیزبمان یەک خستەوە، دەتوانین هەماهەنگیمان هەبێت بۆ کاری هاوبەش و گەورەی دیکە.

ئێمە بەو بڕیارەی داومانە ئەرک و بەرپرسایەتیی دیکەشمان لەسەر خۆمان دروست کردوە کە ڕووی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. لەو شوێنەی خەبات و تێکۆشان و جموجۆڵێکی بەربەرین دژی کۆماری ئیسلامی لە گۆڕێ‌‌دایە و ئەوان پێویستییان بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی دێموکراتەکان بوو؛ ئەوەش بۆ ئێمە ئەرک دروست دەکا کە لە داهاتوودا چۆن وەڵامدەری ئەو خەبات و تێکۆشانە بین.

ئێمە بۆ ئەوەی کە ئەو پڕۆسەیە بەئاکام بگا، ڕێک‌کەوتووین بەباشی بەرەوپیری کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان بچین و ڕێبەرییەکی کاتی ئەم حیزبە هەتا کۆنگرە ئیدارە دەکا.

یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات وەک بەڕابردووترین حیزبی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیامێکی باشیشە بۆ خەڵکی باشووری کوردستان، بۆ حیزب و ڕێکخراوەکانی باشووری کوردستان کە بتوانن لەو بارودۆخە هەستیار و ئاڵۆزەی ئێستای ناوچەکەدا بە یەکگرتوویی سەنگ و پێگەی کورد بپارێزن.

ڕاستە پڕۆژەی یەکگرتنەوەی ئێمە بڕێک زۆری کێشا، بەڵام دوو قازانجی هەبوو. قازانجێک ئەوە بوو عەقڵییەتی وتووێژ و دانوستان لەگەڵ یەکتر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەبێ لەپێشەوەی هەموو شتێک بێت. قازانجی دووهەم ئەوە بوو نەفسی وتووێژ و دانوستان لەگەڵ یەکتر تەمرینی تەحەمولی یەکترە، بۆیە هەردووی ئەو فاکتۆڕانە دەتوانێ بنەمایەکی باش بێت لە چەندوچۆنیی مودیرییەتێکی باشی ئێستای حیزبەکەمان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێناو داهاتوودا.

لەتبوون کاریگەرییەکی ئەوتۆی سیاسیی لە پرسە کەلانەکانی ئێمە لە دژی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی ئێراندا، و لە پێوەندی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە ئاستی نێودەوڵەتی و دیپلۆماسیدا نەبوو؛ بۆیە لەو بوارانە ئەگەر ئێمە لێکیش جیاواز بووین بەڵام زۆر لێک‌ نزدیک بووین. بۆیە بەخۆشییەوە کاتێک دەکەوینەوە سەریەک لە پێوەندی لەگەڵ سیاسەت و هەڵوێست و پرسە سیاسییەکاندا کێشەیەکی ئەوتۆمان نابێ. تا ئەو جێگایەی پێوەندی بە نێوخۆی وڵاتەوە هەیە، لەو خەبات و تێکۆشانە بەربەرینەی لەوێ لەگۆڕێدا هەیە بەشدارین و بەشدار دەمێنینەوە؛ چونکی خەڵکەکەمان ئەو چاوەڕوانییەی لە حیزبەکەی خۆیان هەیە. حیزبی دێموکرات هەوراز و نشێوی زۆر بووە، ڕێبەرانی تیرۆر کراون، سەدان کادر و پێشمەرگەی تیرۆر کراون، مووشەک‌باران کراوە و ئەوە هەر خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون کە لە پشتی بوون و نەیانهێشتووە بکەوێ.

لە پێوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و باشووری کوردستاندا پێ لەسەر ئەو سیاسەتە دادەگرینەوە کە حیزبی دێموکرات لەسەر بنەمای دەستێوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆیی عێراق و هەرێمی کوردستان و ڕێزدانان بۆ سەروەریی خاکی ئەم وڵاتە و قانوونەکانی هەرێمی کوردستان هەمیشە بەدوای ئەوەدا گەڕاوە کە کێشەی لایەنەکان لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگای وتووێژ و دانوستانەوە چارەسەر بکرێ و لەلایەن حیزبی دێموکراتیشەوە هەرچی لە دەستمان هاتبێ کۆتاییمان نەکردوە و جارێکی دیکەش هیوادارین هەموو کێشەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش هەر لە ڕێگای دانوستانەوە چارەسەر بکرێ.

ڕوو بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئێمە هەمیشە گوتومانە ناکرێ کێشەکانی کۆمەڵگەی ئێران بە پرسی ئەتۆمی و داهاتووی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ کۆماری ئیسلامییەوە گرێ بدرێ. لەو پێوەندییەدا گوتومانە هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێ لە هاوکێشەکانی ئێراندا حیزبی دێموکرات و پرسی کورد بۆ داهاتووی ئەو وڵاتە نادیدە بگرێ و ئەگەر حاشا لە پرسی نەتەوایەتی ئێمە و نەتەوەکانی دیکەش بکرێ، ئێران وەت ئەمنییەت و ئارامی بەخۆوە نابینێ و نابێتە وڵاتێکی جێی متمانە و سەقامگیر بە وڵاتان و هاوبەشە سیاسییەکانیشی.

ڕوو بە لایەنە ئێرانییەکان دەڵێین حیزبی دێموکرات هەمیشە ئامادەی ئەوە بووە کە لەگەڵیان دابنیشێ و دیالۆگی لەگەڵیان هەبێ، چونکی هەمووان پێویستیمان بە بەدیل و ئاڵتێرناتیوە لەدژی نیزامی کۆماری جمهووری ئیسلامی، چونکی هەمووان دەڵێین ئەو نیزامە دەبێ بڕوا، بەڵام بەو قەناعەتە نەگەیشتووین ئەدی کێ جێی بگرێتەوە؟ ئەوە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەبێ کە لەمەوبەدواش دەبێ کاری بۆ بکات.

ڕوو بە بەشەکانی دیکەی کوردستان، یەکبوونەوەی دێموکراتەکان شەپۆلێکی بەرین لە پێخۆش‌بوون و پەیامی پیرۆزبایی لە هەموو بەشەکانی کوردستانەوە بۆ ئێمە وەڕێ‌خستووە. پەیامی ئێمەش ئەوەیە کە ئارەزوو دەکەین هەموو لایەنەکان ڕوحی وەحدەت و یەکڕیزی تێیاندا بەهێز بێ، چونکی ئێستا کورد پتر لە هەر سەردەمێک حەوجێی بەو یەکیەتی و یەکڕیزییە هەیە. ئێستاش فەرموون ئەگەر پرسیارێکتان هەبێ وەڵامتان دەدەمەوە.

بەڕێز کاک خالید یەکگرتنەوەتان لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ کاردانەوەیەکی لێ کەوتۆتەوە؟ هەروەها ئێوە لە بەیاننامەی هاوبەشی یەکگرتنەوەدا باس لەوە دەکەن کە لێکترازان چارەسەری کێشە نێوخۆییەکان نییە، بەڵکوو دەبێ بە یەکتر قبووڵ‌کردن و گۆڕان لە سیستم و شێوازی کارکردن کێشەکان چارەسەر بکەن. چ میکانیزمێک بۆ ئەوە داندراوە؟

بەپێی ئەو خەبەر و وێنە و دیمەنانەی لە سۆسیال‌مێدیاش دەیبینن، خەڵک لە نێوخۆی وڵات خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕیوە و ئەمەش سروشتییە، چونکی حیزبەکەی ئە‌وان یەکی گرتوتەوە، ئەو حیزبەی کە پێشەوا دروستی کرد، دوکتور قاسملوو لەسەر چارەسەری ئاشتییانەی مەسەلەی کورد تێیدا تیرۆر کرا و دوکتور شەڕەفکەندی بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی یەکگرتووی ڕیزەکانی ئێرانی ئەویش تێیدا تێرۆر کرا. بە نیسبەت پرسیاری دووهەم، ئێمەی کورد وا ڕاهاتووین زۆر جار کە کێشە دەکەوێتە نێوانمان لەگەڵ یەکتری پێک نایەین و حەوڵ دەدەین ڕێگاچارەکان بۆ شوێنی دیکە بەرین. کێشەکان ئەوەن کە لە بەرانبەر یەکتری نەوی ناکێشین و یەکتر تەحەمول ناکەین. بەپێی ئەو ئەزموونانەی لە ڕابردوو بوومانە، ئێمە ئێستا وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەرمانە ئەو حیزبەی کە پێشەوا دروستی کردوە و خەڵکی کوردستانی ئێران بە ئەمانەت داویانە بە ئێمە، بە یەکڕیزی بیپاریزین و خەسارناسییەکی ورد بۆ هەڵە و چەوتییەکانی ڕابردوومان بکەین.

کاک خالید میکانیزمی کۆنگرەی هاوبەشتان چۆنە و بە چ میکانیزمێک بەشداریی کۆنگرە ئەکەن؟ هەروەها کۆنگرەی حیزب کەی دەبەسترێ؟

ئێمە ئێستا لە قۆناغی گواستنەوەداین. لە قۆناغی گواستنەوەدا ئیدارەیەکی هاوبەشمان هەیە و ڕێککەوتنی بەنووسراو و بەڵگەنامەی نێوخۆییمان هەیە. ئەو دەورانی گوزار بۆ ئەوەیە تەمرینی مودیرییەتی حیزبێکی هاوبەش بکەین و کۆنگرەی داهاتووشمان کە کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان دەبێ، بەشی زۆری بەپێی ئەو ڕێککەوتننایە.  ئەوە کە کەی دەبەسترێ، ناتوانم لێرە کاتەکەی دیاری بکەم، بەڵام لەڕووی ئوسوول و پڕەنسیب و پڕۆتۆکۆل لەسەر هەمووی ئەوانە ڕێک‌کەوتووین.

باسی ئەوەتان کرد کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پرسی کوردی لە ئێران پشتگوێ خستوە. بەڵام ئاخۆ ئێوە هیچ هەوڵتان داوە کە پرسەکە زیاتر بەنێودەوڵەتی بکەن؟ پرسیاری دووهەم ئەوەیە خەباتی چەکداریی ئێوە پاش یەکگرتنەوە چیی بەسەر دێ؟

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ژیانی سیاسیی خۆیدا هەوراز و نشێوی زۆر بووە. خەباتی ئەسڵی ئێمە خەباتی خەڵکە، خەباتی جەماوەرییە، بە میلیۆن‌ کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی نیزامی جمهووری ئیسلامی لەسەر خەتن و هەر ئەو خەڵکەش حیزبی دێموکراتیان دروست کردوە. حیزبی دێموکرات زۆر قۆناغی بڕیوە: کاتێک کە هێرش کراوەتە سەر ئێمە، هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات ناچار بە بەرگریی ڕەوا بووە و خەباتێکی چەکداریی هەبووە. ئێمە لە بەرنامەماندا نەبووە هەرگیز لە هەرێمی کوردستان‌ڕا هێزی پێشمەرگە بنێرینەوە نێوخۆی وڵات و لەوێ دژی ڕێژیم عەمەلیاتی نیزامی بکەین. بەڵام دەبێ ئەوەمان لەبەر چاو بێ خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵکێکی تووڕەیە لەو نیزامە و بۆخۆیان لە هەموو شێوازێکی خەبات کەلک وەردەگرن. لەگەڵ ئەوەشدا حیزبی دێموکرات حەقی مەشروعی خۆیەتی لە هەر شوێنێک ‌هێرشی بکرێتە سەر، بەرگری لە خۆی بکا.

لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەک پێشمەرگە کەوتنە دەست کۆماری ئیسلامیی ئێران. چارەنووسی ئەو پێشمەرگانە بە کوێ گەیشت؟ ئێوە کە بڕیارتان داوە کۆنگرە بگرن ناترسن کۆنگرەکەیان هەڕەشە و مەترسیی لەسەر بێ؟

لەسەر ئەو پێشمەرگانە ئێستا ناتوانم بچمە نێو ئەو باسە و ئەو لایەنانەی بابەتەکە لای ئەوانە باشتر دەتوانن لە داهاتوودا ڕوونکردنەوەیان هەبێ. بە نیسبەت کۆنگرەش هەر وەک گوتم دیسانەکانە ئەوە پێوەندی بە داهاتوو و ئەو دۆخە هەیە کە ڕێبەری حیزب لە قۆناغی گوزاردا بڕیاری لەسەر دەدا.

پێتان وایە چ گۆڕانکارییەک لە ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتی لەهەمبەر ئێراندا ڕوو دەدا و ئایا ئێوە ئامادەکاریتان بۆ ئەوە کردوە؟ هەروەها زیاتر لە دووساڵە لەنێو لایەنە کوردییەکان قسە لەسەر دروست‌کردنی بەرەیەکی کوردستانی هەیە. ئایا ئەو هەنگاوەی ئێوە ئەبێتە هەنگاوێک بۆ دروست‌کردنی بەرەی کوردستانی؟

 ئێمە ئێستا ناوەندێکمان هەیە بە ناوی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران و تەبیعەتەن یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان فاکتۆرێک دەبێ شوێن لەسەر پێوەندییەکانی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران دادەنێ و دەبێ بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن و بە چ شێوەیەک ئەو هاوکارییانە پەرە پێ بدەین. بە نیسبەت ئێران لە هاوکێشە جیهانییەکاندا، ئێمە لەو باوەڕەداین کە نیزامی کۆماری ئیسلامی دەرەقەتی چارەسەرکردنی قەیرانەکانی بەردەمی نایا و ئەگەر بەرجام و ڕێککەوتنەکەش ببووژێتەوە، ئەو ڕێککەوتنە ناتوانێ وەڵامدەری ئەو کێشە و قەیران‌گەلە بێ؛ چونکی بەر لە کێشەی ئەتومییش کۆماری ئیسلامی کێشەی لەگەڵ خەڵکی وڵات لەگەڵ دنیای دەرەوەش بووە و ئەو قەیران‌ و کێشانە ئێستا زیاتر لەهەر کاتێک لەسەر یەک کەڵەکە بوون.

ئەگەر نەتانتوانی کۆنگرە بگرن، ئایا ترسی لێک‌دابڕانەوەی ئەم دوو حیزبە هەیە؟ ئایا لەسەر هەموو شتێک بڕیاری یەکلاکەرەوەتان داوە؟ هەروەها لایەنەکانی باشووری کوردستان ڕۆڵیان هەبووە لەو یەکگرتنەوەیەدا؟

ئێمە ئێستا ئەولەوییەتمان ئەوەیە ئەو ڕێککەوتنانەی هەمانە جێبەجێیان بکەین وکولتووری پێکەوەبوون بنیات بنێین و ئەو کولتووری ڕێککەوتنە بکەینە بنەمایەک بۆ ئیدارەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. بێگومان لە حیزبێکی سیاسی وەک حیزبی دێموکراتدا جیاوازیی بۆچوون لە ڕابردوودا هەبووە، ئێستاش هەیە و لە داهاتووشدا دەمێنی. بەڵام من پێم‌وایە ئەوە کە وتووێژەکان بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە زۆریان خایاند، ئەمە ڕاهێنانێک بوو بۆ ئەوە کە ئێمە چۆن ئەو کێشانە چارەسەر بکەین. بۆیە ئەمن گەشبینم و لە پاڵ ئەو گەشبینییەشدا ئەرکمان بۆخۆمان دیاری کردوە و ستراتیژی ئێمە ئەوەیە کە بە یەکگرتوویی بمێنینەوە لە داهاتووشدا. لە وەڵامی بەشی دووهەمی پرسیارەکە، لایەنەکانی باشوور کوردستان زۆربەی زۆریان دۆستی حیزبی دێموکراتن و ڕابردوویەکی خۆش و باشیان لەگەڵ حیزبی دێموکرات هەیە. هەرچی بینیومانە هەمیشە قسەی خێریان کردوە، بۆیە جێی خۆیەتی لێرە سپاسیان ‌بکەم.

ئەو یەکگرتنەوەیە چ کاریگەرییەکی لەسەر دۆخی سیاسیی ئێستای ئێران دەبێ، بەتایبەت لە پێوەندی لەگەڵ ئەو چالاکییانەدا کە دژی کۆماری ئیسلامی دەکرێن. هەروەها بەرنامەی ئێوە بۆ دوای یەکگرتنەوە چییە؟

لەو سۆنگەیەوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆنترین و بەڕابردووترین حیزبی کوردستانی ئێران و تەنانەت یەک لە کۆنترین حیزبەکان لە ئاستی ئێران‌دایە؛ لە هەموو ماوەی ژیانی سیاسیی خۆیدا پێوەندیی باشی لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییە ئێرانییەکان چ لە سەردەمی نیزامی پاشایەتی و چ کۆماری ئیسلامیدا هەبووە. بەتایبەت کە دوکتور قاسملوو وەک سیاسەتمەدارێکی هەڵکەوتوو پێوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی هەبوو. ئەمن لام‌وایە هێز و لایەنە سیاسییەکانی ئێرانی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتیان لا گرینگ و بەبایەخە. ئەمەش ئەو چاوەڕوانییە لە ئێمە دروست دەکا کە حیزبی دێموکرات چۆن سەنگ و قورسایی خۆی لە نێوخۆی وڵات و پێوەندییەکانی لە هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکاندا و هاوپێوەندییەکانی لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکە لەپێناو بەرینکردنەوەی خەبات دژی کۆماری ئیسلامی بەکار دێنێ تا ئەو ئاستە کە پرسی ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامی بباتە خانەیەکی تر. بێگومان یەکگرتنەوەی دێموکرات و ئەرکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە داهاتووشدا بۆ ئەو ئامانجە دەبێت کە چۆن بکرێ خەڵکی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران پێوەندییەکی باش و تێگەیشتنی هاوبەشیان لەسەر بنەماکانی بنیات‌نانەوەی ئێرانی داهاتوو هەبێ و خەبات دژی کۆماری ئیسلامی چڕتر و هەمەلایەنەتر ببێتەوە.

پێوەندی ئێوە لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەسەر چ بنەمایەک دەبێ؟

حیزبی دێموکراتی کوردستان هەمیشە هەوڵ داوە مادام دروشمە ستراتیژییەکەی چارەسەری پرسی کورد لە چوارچێوەی ئێران‌دایە، لەگەڵ هەموو هێز و لایەنە سیاسییە شوێندانەرەکانی ئێران پێوەندیی هەبێ و تێ‌بکۆشی لەمەڕ چۆنیەتیی ئێرانی داهاتوو تێگەیشتنی هاوبەشیان لەگەڵ دروست بکا. کلیلی سەرەکیی وەها پڕۆژەیەک بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و ئەو داهاتووە لە باوەڕهەبوون بە دێموکراسی، ڕێککەوتن، دابەشکردنی دەسەڵات و داننان بە فرەنەتەوەبوونی ئێران و بەڕەسمی‌ناسینی مافی نەتەوایەتیی ئەو پێکهاتە نەتەوەییانەدا دەبینێ کە ئەوە دەبێ لە داڕشتنەوەی یاسای بنەڕەتیی وڵاتدا ڕەنگ بداتەوە. هەوڵەکانی ئێمە لەو پێناوەدا لە داهاتووشدا درێژەی دەبێ.

***

* ئەو پرێس‌کۆنفڕانسە ڕۆژی دووشەممە ٣١ی گەلاوێژ بە بەشداریی کۆمەڵێک مێدیاکار و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستان و پەیامنێری تەلەڤیزیۆنەکانی "ایران انترناشنال"، "رادیو فردا" و "صدای آمریکا" بەڕێوە چوو.