ئا: دیاکۆ دانا
زیندانییەکی سیاسیی دیکەی کورد کە گیانی لەپێناو بیر و باوەڕەکانی دانا و لە گۆشەی زیندانبەزێنەکانی ئەمجارەی ڕۆژنامەدا یادی دەکەین، "فیرووز مووسالوو"یە.
فیرووز مووسالوو ڕۆژی ٣٠ی جۆزەردانی ئەمساڵ (١٤٠١ی هەتاوی)، بە بێدەنگی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئێعدام کرا. پێڕاگەیشتن بە پەروەندەی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە و ڕەوتی نادادپەروەرانەی ئەم بەدواداچوونە، وەک جێبەجێکرانی حوکمەکە و لەسێدارەدرانەکەی نادادپەروەرانە بوو.
فیرووز لەو زیندانییە سیاسییانە بوو کە لە ژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە داننان بە تاوانی نەکردوو کرا و لەو سۆنگەیەوە سزای ئێعدامی بەسەردا سەپا. چالاکانی مافی مرۆڤ دەڵێن زیندانییانی سیاسیی وەکوو فیرووز مووسالوو کە ڕەوتی دادگاییکردنیان لە بێدەنگیی میدیاکاندا و بەهۆی هەڵاواردنی چەند قات بەڕێوە دەچێ، دۆسییەسازی و لەسێدارەدانیشیان بۆ کۆماری ئیسلامی کەم تێچووترە.
فیرووز مووسالوو ساڵی ١٣٧١، لە گوندی "حەبەشەی خوار" سەر بە ناوچەی کوتولی خۆی لەدایک بوو. هەتا پۆلی ٤ی سەرەتایی خوێندی. دواتر ملی وەبەر کار نا، لە تەون کردن ڕا هەتا کاروباری سافکاریی ماشێن، بەمجۆرە قۆناغی مێرمنداڵیی بەڕێ کرد و خۆی گەیاندە هەڕەتی لاوەتی. ئەو ساڵی ١٣٩٢ چووە ڕیزی حیزبی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک) و ڕۆژی ١٥ی پووشپەڕی ١٣٩٨، پاش هاوئاهەنگی لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ وەرگرتنی ئەماننامە لە پاگانی برووجێردیی سپای پاسداران لە شەقامی وەحدەتی ورمێ خۆی ڕادەستی سپای پاسداران لە شاری سەردەشت کرد.
ئیتلاعاتی سپای شاری سەردەشت پاش ١٠ ڕۆژ فیرووزی بەڕێی گرتنگەی ئەلمەهدیی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرد و بۆ ماوەی سێ مانگ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ خرایە ژێر ئەشکەنجە و لێپرسینەوە. مووسالوو لە هەموو ئەم ماوەیەدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە. فیرووز بەوە تاوانبار کرا کە لە ماوەی ئەندامەتیی لە ڕێکخراوی "پ ک ک"دا دەستی لە کوشتنی هێزەکانی ڕێژیمدا بووە و لەو سۆنگەیەوە سزای ئێعدامی بەسەردا سەپێندرا، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ناوبراو گوتویەتی لە هیچ تێکهەڵچوونێکی نیزامیدا بەشداری نەبووە.
مووسالوو پاش ٣ مانگ دەسبەسەرکران لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ گوازرایەوە بۆ زیندانی ورمێ. فیرووز لە زیندانی ورمێدا ٦ جار داوای مەرەخەسیی کرد، هەروەها ٦ جاریش مانی لە خواردن گرت، بەڵام قەت هیچ وڵامێک بە داخوازەکانی نەدرایەوە.
ڕۆژی ٢٠ی پووشپەڕی ١٤٠٠، لقی یەکی دادگای شۆڕشی ورمێ، فیرووز مووسالووی بە تۆمەتی "ئەندامەتیی پ.ک.ک" و کردەوەی چەکدارانە دژی کۆماری ئیسلامی و "موحاڕبە لە ڕێگەی بەشداری لە تاڵانکردن بە شێوەی گرووپی و بە ئامانجی دژایەتی لەگەڵ نیزام" بە سێدارە لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا مەحکووم کرد و لقی ٩ی دیوانی بەرزی وڵات بە پێڕەوی لە بەندی ئەلفی ماددەی ٤٦٩ی ئایینی داددڕەسی کەیفەری، وێرای ڕەتکردنەوەی داوای تانە و ناڕەزایەتی بە حوکمەکە، دادنامە دەرکراوەکە دادگای سەرەتایی پشتڕاست کردەوە.
ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە دواجار ڕۆژی ٣٠ی جۆزەردانی ئەمساڵ بەبێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی لە زیندانی ورمێ لەسێدارە درا. بە گوتەی یەکێک لە خزمەکانی ناوبراو، ئەوان هەواڵی لەسێدارەدرانەکەیان لە میدیا کوردییەکاندا بینیوە، پارێزەرەکەشی کە لەلایەن دادگاوە بۆی دیاری کراوە، هەواڵی لەسێدارەدرانەکەی لە بنەماڵەکەی شاردۆتەوە. تەنانەت لە دوای لەسێدارەدرانەکەشی هیچکەس پێوەندیی بە بنەماڵەکەی نەگرتووە و ئەوان پاش چوون بۆ دادگای ئینقلابی ورمێ و لە ڕێگەی دادوەر مەجیدییەوە کە پەروەندەکەی مووسالووی پێ بووە، زانیویانە کە لەسێدارە دراوە.
داخوازیی رادەستکردن و تەنانەت نیشاندانی تەرمی فیرووز مووسالوو بە بنەماڵەکەشی ڕەت کراوەتەوە و تەنیا دوو ڕۆژ پێش لە لەسیدارەدرانەکەی لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەکەی گوتووە کە دەگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و دواتر زانیویانە کە حوکمی لەسێدارەدانەکەی بەرەبەیانی ئەو ڕۆژە جێبەجێ کراوە. ئێستاش داخوازیی ئەم بنەماڵەیە ئاگاداربوون لە شوێنی بەخاکسپاردنی تەرمی کوڕەکەیانە. ئەوان دەڵێن، "سەرەڕای هەبوونی ئەماننامە بۆچی لەسێدارە درا. بۆچی لە تەرمەکەی دەترسێن؟ بۆچی ڕداەستی ناکەنەوە؟ ئێمە ئەمانەوێ تەرمەکەی ببینین."
چاوخشاندنێکی کورت بۆ پەروەندەی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد پێمان دەڵی کە ناوەندە ئەمنییەتییەکان و دەزگای دادی ڕێژیم بە بوغز و غەرەزەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ چالاکانی سیاسیی کورد دەکەن. جیا لەوەش خۆ ئەگەر بێتوو سیستەمی دادی ڕێژیم، هەر بەپێی ڕێوشوێنە قانوونییەکان کە بۆخۆی لەسەر کاغەزدا پێناسەی کردوە بگریتە بەر، گۆڕانی بەرچاو لە دۆخی زیندانییانی سیاسیدا ڕوو دەدا کە رێژیم ئەوەی ناوێ.
ئەو پێناسە نەکردنەی ویست و داخوازی تاکەکان و گەلانی ئێران لە نەستی سیاسی و باوەڕی ڕێژیم بەجۆرێکە کە هیچ کات ویلایەتی فەقیـ دانی پێدا نانێ هەربۆیە هەمووکات لە دەرەوەی یاسا مامەڵەیان دەگەڵ دەکرێ. بۆ نموونە بەڕێوەچوونی دادگا نافەرمییەکان، هەڕەشە و گوشار بۆ سەر پارێزەران و بنەماڵەی دەستبەسەر کراوەکان، دەستی ناوەندە ئەمنیەتییەکان و هەروەها ڕەوتی دادگایی کردنیان ئەوەندە ئاوەڵا دەکاتەوە کە بە کردەوەی سەروویاسایی جەوی خەفەقان و تۆقێنەر بڵاو دەکەنەوە. هەموو ئەو نادادپەروەری و نایاساییانە دەگەڵ هەموو ئەو کارەسات و جینایەتانەش تەنیا ڕێگای خۆدەرباز کردنە لە پرسی جدی و بەحەقی خەڵکی کوردستان، ئەو ڕستەیە کە حکوومەتە ناخەڵکییەکان تەنانەت لە تەرمی بێگیان و چاوی خەڵکی مەدەنی و سیاسییش دەترسێن ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٢ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.