کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێکدانەوەی گەوجانە

01:07 - 3 خەزەڵوەر 2722

دارسمە

لەم ڕۆژانەی دواییدا لە سەروبەندی کۆتایی‌هاتنی حکومەتی ئاخونداندا زۆر کەس سەریان لێ‌شێواە. لە وڵاتی ژێر دەستەڵاتی ئاخوندان لە زۆر بواراندا بە دەست لێکدانەوی ناهاوسەنگەوە دەناڵێنین.

لەو کاتەوە خوشک و برایانی غەیرە کورد لە ئێران وەک ئەوەی حەوت مێشیان لە خەڵەفێکدا دۆزیبێتەوە، لە ڕێفراندۆمە گەوجانەکەی بەهاری ١٣٥٨ی هەتاویدا دەنگیان به کۆماری ئیسلامی دا، دەستەڵاتی ئاخوندان پەرەی سەند. وێڕای پەرەسەندنی ئەم دەستەڵاتە، ناهاوسەنگییەکی سەیر لە نێوان زۆر شتاندا دەستی پێ کرد. میرزا ڕوحوڵڵای خومەینی وەک سەردەستەی بەڕێوەبەرانی ڕێفراندۆمەکە، لە کاتێکدا لە ڕستەسازیدا زۆر کول و کڵۆڵ بوو و باش نەیدەزانی لەنێو ڕاستاندا وشان باوێتە سەر جێگەی خۆیان، قسەی زۆر سەیر و سەمەرەشی دەکردن:

 دەیگوت وا دەکەم پارەی نەوتی ئێران بە سەر هەموو خەڵکدا دابەش بکرێت و سووتەمەنی و ئاو و کارەبا و تەنانەت هاتوچۆکردن بە پاسیش لەنێو شاراندا دەکەمە بەلاش. زۆرجاریش فەرمانی نێو ڕستەی داویشتە نێوەڕاستی ڕستە و ڕستەکە دەبوو بە جنێو و سووکایەتی‌کردن. سەرەڕای هەموو ئەمانە جوغرافیای ئێرانیشی باش نەدەزانی. هەموولایەک بیستبوویان و خوێندبوویانەوە کوردان لەبەر ئەوەی لە بەحران دوورن و لە وشکانیدا داگیرکەران دەورەیان داون نەبوونە خاوەنی وڵاتی سەربەخۆ. بەڵام میرزا ڕوحوڵڵاخانی خومەینی ماوەیەک دوای ئەوەی پەیڕەوانی خاپێنراوی گوتیان ڕووخسار و ڕیش و دەم‌ولووتە مڕچومۆنەکەیان لەنێو مانگدا دیتووە و هەتا دەنگیشیان نووسا هاواریان کرد "امام تو ماه است"، بڕوای پێکردن و خۆی کردە نوێنەری خوا لەسەر زەوی و سواری شەپۆلی گەمژان بوو. میرزا ڕوحووڵڵا کاتێک لەشکری گەلحۆیانی بەدەوری خۆیەوە دیت، هاتە سەر ئەو بڕوایە هێرش بکاتە سەر ئەو کوردانەی نەیتوانیبوو بیانگەوجێنێت و بیانباتە سەر سندووقی ڕێفراندۆمەکەی. فەرمانی جیهادی دا و  داوای لە سێ بەشەکەی ئەوکاتی ئەرتەش کرد هێرش بکەنە سەر کوردستان و گوتی لە زەوی و ئاسمان و دەریاوە لە کوردان بدەن. خێڵی پەیڕوانیشی ئەوەندە گەوج بوون، هەستیان نەکرد یان دڵیان ئیزنی نەدا بە جەنابی ڕێبەریان پێبکەنن و پێی بڵێن قوربان کوردان دەریایان بەدەورەوە نییە و هێزی دەریاییش بە کێوانەوە هەڵ‌ناچێت. ئەویش نەک هەر پارەی نەوتی نەدایە خەڵک و سووتەمەنی و ئاو و کارەبا و پاسی نێو شارانیشی نەکردە بەلاش، بەڵکوو هێزی دەریاییشی هان دا کەشتی و پاپۆڕە جەنگییەکانیان بە وشکانیدا باژۆن، بەڵام نەکرا.

لە هەمووی سەیرتر هەناردە یان سادرکردنی ئینقلاب بوو. جەنابی ڕێبەر وایزانی ئینقلاب پستەی ڕەفسەنجان و سێوی لوبنانە و بۆ ئەوەی مۆرکه و کرم لێی‌نەدات وا باشە سادر یان هەناردە بکرێت.

خێڵی گەمژانیش بەردەوام پشتگیریی ڕێبەری گەمژەیان دەکرد و خۆیان داویشتە نێو چاڵە قیری عێراقییان و بە سەر مەیدانی میناندا بەرەو کەربەلا ڕێگەی شەهادەتیان دەگرتە بەر. هەتا وردە وردە کەمیان کرد و بەشێکی بەرچاویان بە کوشتن چوون و بەشێکیشیان وشیار بوونەوە و قوونیان لەسەر دەرپێی خۆیان دانا.

دوای مەرگی ڕێبەری گەمژە، دەستەڵات کەوته دەست عەلیە گۆج ناوێک و ئەویان زیاتر فکری دزی‌کردنی دەکردەوە و ئەوەندی دزی هەتا ئابووریی وڵات بە یەکجاری نێوکی کەوت. پارەی ئێران بە چەشنێک لە بەرانبەر دراوە جیهانییەکاندا بێ‌بایەخ بوو، حەوت تومەنی سەردەمی پێش دەسەڵاتی ئاخوندان لەبەرانبەر دراوی جیهانیدا ٨ هەزار و ٧٠٠ ئەوندەی خۆی هەڵمسا. ئێستا ئەگەر کەسێک لە ئێران بچێتە بازاڕ، لە جیات هەر حەوت تومەنێکی پێش دەستەڵاتی ئاخوندان، پێویستە ٣٢ هەزار ٨٠٠ تومەنی پێ‌بێت. یانی لە جیات ٧٠ تومەنی ئەو کات، ٣ میلیۆن و ٨٠٠ هزار تومەن پێویستە و ئەوکات ئەوەندە پارەیە‌ی ئێستا بۆ نموونە ٤١٠ ماشێنی جیبی پێ دەکڕدرا.

ئەم نووسینە سەرلێشێواوە خوێنەری بە سەبر و چیکڵدانەی دەوێت. خوێنەرێکی وای دەوێت نەڵێت بەم حیساب و لێکدانەوانە سەرم لێ دەشێوێت. کاتێک جەنابی عەلیە گۆج و "حەمەی باقری"ی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی ئێران سەریان لێ شێوابێت، وەبزانە بیلامانێ، پەرژینێکی بەگوڵ بێت لە ڕووی ئێوە، هەموو شتێک لە گرێژەنە چووە. کاتێک خەڵک دەڵێن "توپ، تانک، نەفەربەر..." و عەلی چۆڵاخ دەڵێت پەکوو سروودی "سەلام فەرماندە"م پێخۆشە؟ یان کاتێک حەمەی باقری فەرمانده‌ی گشتیی هێزە چەکارەکانی کۆماری ئیسلامی ناوی خۆی دەخاتە پاڵ نەیارانی و بە تێرۆریست ناویان دەبات، چۆن حیسابی لێ تێک‌ناچێت؟ باقری دوای هێرشی مووشەکی بۆ سەر شۆڕشگێڕان، بە میدیاکانی خۆیانی گوت: ٣ هەزار دژە شۆڕش لە باشووری کوردستانن و ١٢٠٠ بنکەیان هەیە. ئەوەندی بیری لێ دەکەینەوە، حیسابی جەنابی فەرماندە لە حیسابی دۆلار و تومەنەکەش تێکەڵ‌ترە. ئەو ناچارمان دەکات ٣٠٠٠ دژبەری ئاغای باقری بە سەر ١٢٠٠ بنکەدا دابەش بکەین و هەر بنکەیەک دوو کەس و نیوی بەردەکەوێت. ڕەنگە نەزانن ڕازی ئەم لێدوانەی جەنابی فەرماندە لە چی دایە، بەڵام ئەو خەریکە لەم دابەش‌کردنەدا بەشێکی بەرچاوی نەیارانی بە کوشتن بدات. بۆ ئەوەی نیو نەفەرەکان بەسەر ئەم هەزار و ٢٠٠ بنکەیەدا دابەش بکەین و هەر بنکەیەک دوو کەس و نیوی بەربکەوێت، پێویستە٦٠٠ نەفەران دوولەت بکەن و بیانکەین بە  ١٢٠٠نیو نەفەر و حیسابەکە ڕاست دەربچێت.

جەنابی فەرماندە سەری دا لە بەرد، خۆ ئێمە قەسابخانەمان دانەناوە.